كه‌ى پێویسته‌ واز له‌ بیركردنه‌وه‌ بهێنین؟

هەواڵ / که‌لتور :: 20/02/2019‌ :: 152‌ جار بینراوە

تاگ :: رۆشنبیرى

دواڕۆژ

ئیبن خه‌لدون ده‌ڵێت: (ئه‌قڵ ته‌رازوویه‌كى چاكه‌، به‌ڵام ته‌ماعى ئه‌وه‌ت نه‌بێ مه‌سه‌له‌كانى یه‌كتایی پێ بكێشین، چونكه‌ ئه‌وه‌ ته‌ماعێكى مه‌حاڵه‌).


كانت-يش ده‌ڵێت: (ئه‌توانم وه‌سفى جیهانت بۆ بكه‌م به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ من ئه‌یبینم نه‌ك به‌و شێوه‌یه‌یی كه‌ له‌ ڕاستیدا هه‌یه‌).

هه‌روه‌ها بیرون ده‌ڵێت: (ئێمه‌ نه‌هیچمان زانیوه‌و نه‌هیچ ده‌زانین).

به‌ درێژاى مێژوو ناكۆكییه‌كى مه‌زن هه‌بووه‌ له‌ نێوان فه‌یله‌سوف و زاناكاندا له‌سه‌ر سنوور و تواناكانى ئه‌قڵ. ئه‌نجامه‌كانیش هێنده‌ى جیاوازى نێوان خۆیان و جیاوازى نێوان ژینگه‌كه‌یان فراوان و هه‌مه‌جۆر بوون ئه‌وان پرسیاره‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كانى بونیان ده‌وروژاندن، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى خوڵقاندنه‌وه‌ تا مه‌سه‌له‌ى زیندووكردنه‌وه‌. به‌ناو بابه‌ته‌ ئه‌خلاقى و ڕاستییه‌ زانستییه‌كاندا گوزه‌ریان كرد.

ئاخۆ ئه‌قڵ فه‌یله‌سوفه‌كانى نائومێد كرد؟ 
ئایا ئه‌قڵ ئه‌وانه‌ى به‌ دۆڕاندن ده‌دا كه‌ قوماریان له‌سه‌ر ده‌كرد؟ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌م پرسیارانه‌ پێویسته‌ له‌ سێ ڕه‌وته‌ هه‌ره‌ دیاره‌كه‌ى ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ وردبینه‌وه‌ كه‌ له‌ مێژووى فه‌لسه‌فه‌دا سه‌ریانهه‌ڵداوه‌:

1- گومانكه‌ره‌كان 
لێره‌دا گومانكردن شێوازێكى فه‌لسه‌فى نییه‌ وه‌ڵامى پێ بێت بۆ هه‌موو پرسیاره‌كانى بوون، به‌ڵكو هه‌ڵوێسته‌ و هه‌ڵوێستێكى بێ لایه‌نیشه‌ گومانگه‌راى ڕاسته‌قینه‌ هیچ بیر و ئایدیایه‌ك  ناسه‌لمێنێت، هه‌روه‌ها ڕه‌تیشى ناكاته‌وه‌. ئه‌مه‌ ئه‌وپه‌ڕى تێكشكان و بێ هیواییه‌.

بیرون پێی وایه‌ ئێمه‌ نه‌ئێستا هیچ ده‌زانین و نه‌ له‌ئاینده‌دا. پرسیاره‌ گه‌وره‌كه‌ بێ وه‌ڵام ده‌مێنێته‌وه‌. 

به‌ڵگه‌ى گومانگه‌راكان لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌قڵ سه‌رچاوه‌یه‌كى باوه‌ڕپێكراو نییه‌ بۆ راستى. بۆ نموونه‌ ئه‌قڵ ده‌یگوت خۆر به‌ ده‌ورى زه‌ویدا ده‌خولێته‌وه‌ به‌ڵام ئێستا هه‌موو ڕێككه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌م زانیارییه‌ هه‌ڵه‌یه‌. كه‌واته‌ له‌ هه‌موو كێشه‌یه‌كى لۆجیكیدا ئه‌قڵ ده‌توانێت هه‌موو شتێك و پێچه‌وانه‌كه‌شى بسه‌لمێنێت به‌ هه‌مان تواناوه‌.

بۆ نموونه‌ كانت ده‌ڵێت ئێمه‌ هه‌رگیز ناتوانین ڕاستى شته‌كان ببینین. به‌ڵكو له‌ژێر كاریگه‌رى ئه‌زموون و هه‌ست و چوارده‌وره‌كانمانداین. له‌به‌رئه‌وه‌ شیعه‌یه‌ك و سۆفییه‌ك و مالیزییه‌ك تێڕوانینى جیاوازیان هه‌یه‌ بۆ دینى ئیسلام، كه‌واته‌ ناتوانین پێناسه‌یه‌ك بۆ ئیسلامى ره‌سه‌ن یان راسته‌قینه‌ دابنێینن ، هه‌موویان لێكدانه‌وه‌ن به‌ پێى كه‌س و بارودۆخه‌كان.

هه‌وڵه‌كانمان بۆ تێگه‌شتنى هه‌موو شتێك و وه‌ڵام دانه‌وه‌ى هه‌موو پرسیارێك هه‌وڵێكى بێ هوده‌یه‌ بۆ ڕاكردن له‌ چاره‌نووسه‌ حه‌تمییه‌كان كه‌ ئه‌ویش بریتییه‌ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ بیروبۆچوونه‌ دژ به‌یه‌كه‌كان بێ ئه‌وه‌ى بگه‌ینه‌ وه‌ڵامێك.

گه‌وره‌ترین گومانكاران بریتین له‌ بروكلى و هیوم و بیرونى دامه‌زرێنه‌ر پوخته‌ى مه‌سه‌له‌كه‌ لاى ئه‌مانه‌ ئه‌مه‌یه‌: (بابه‌ت بێ هوده‌یه‌).

2- نابێت ئه‌قڵ له‌ بوارى غه‌یبدا كار بكات
ره‌نگه‌ زۆر كه‌س له‌وانه‌ى كه‌ ئه‌ندازه‌یان خوێندووه‌ بزانن باسكاڵ له‌ بوارى فیزیادا چى پێشكه‌ش به‌ مرۆڤایه‌تى كردووه‌، به‌ڵام ره‌نگه‌ نه‌زانن كه‌ ئه‌و به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان باوه‌ڕداریش بووه‌. 

باسكاڵ ده‌ڵێت: (دڵ كۆمه‌ڵه‌ هۆكارێكى تایبه‌ت به‌ خۆى هه‌یه‌ كه‌ ئه‌قڵ هیچ له‌ باره‌یانه‌وه‌ نازانێت. ئه‌وه‌ دڵه‌ هه‌ست به‌ خودا ده‌كات نه‌ك ئه‌قڵ و ئه‌وه‌ ئیمانه‌ كه‌ خوڵقێنه‌ر به‌ دڵ ده‌بینێت نه‌ك به‌ ئه‌قڵت). له‌م رستانه‌دا باسكاڵ له‌ تێڕوانینى خۆى و زۆر كه‌سى دیكه‌ دیارى كردووه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئه‌قڵ و سنوره‌كانى. 

لاى ئه‌و ئه‌قڵ ده‌بێته‌ شتێكى نه‌زۆك كاتێك ده‌یگلێنێت له‌و بوارانه‌وه‌ كه‌ ناتوانێت شیكارى بكات.

باسكاڵ لێره‌وه‌ كێشه‌ى سه‌ره‌تایى گه‌ردوون به‌ به‌ڵگه‌وه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ ئه‌قڵ ناتوانێت شیكارى بكات و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانێت هه‌تا هه‌تاى تێ بگات و بیهێنێته‌ به‌رچاوى خۆى، ئا لێره‌دایه‌ كه‌ ڕۆڵى ئیمان ده‌رده‌كه‌وێت. جۆن لوك و ئیبن خه‌لدون و ئه‌شعه‌وییه‌كان و كه‌سانى دیكه‌ش هه‌مان بیروبۆچوونیان هه‌یه‌ و لاى ئه‌وان ئه‌قڵ ئامڕازێكى ناته‌واوه‌.

3- ئه‌قڵ هه‌موو شتێكه‌
ئه‌م تێڕوانینه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه‌ى كه‌ زۆربه‌ى خه‌ڵك پێشبینى ده‌كات ، لاوازترینیانه‌ له‌ رووى فه‌لسه‌فییه‌وه‌ چونكه‌ زۆربه‌ى فه‌یله‌سوفه‌كان یان باوه‌ڕدار بوون یان گومانگه‌را، واته‌ گومانیان له‌ خودى ئه‌قڵ هه‌بووه‌. به‌ڵام خاڵى وه‌رچه‌رخان لێره‌دا له‌گه‌ڵ دارویننیزمدا ده‌ستى پێ كرد.

ئیتر زۆر كه‌س كه‌وتنه‌ داوى ئه‌وه‌ى ئه‌ڵته‌رناتیڤى زانستى بۆ هه‌موو شتێك بدۆزنه‌وه‌ گوایه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ى زانست توانیویه‌تى سه‌ره‌تاى خوڵقاندن روون بكاته‌وه‌. لاى ئه‌وان تیۆرى (یه‌ك خانه‌) پاشان گه‌شه‌كردن ئه‌ڵته‌رناتیڤێكى گونجاوه‌ بۆ تیۆرى خوڵقاندن له‌ دیدى ئاینه‌ جۆراوجۆره‌كان، پاشان ته‌قینه‌وه‌ گه‌وره‌كه‌ سه‌ره‌تاى گه‌ردوون لێك ده‌داته‌وه‌.

له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌توانین ئه‌و میتۆده‌ به‌ دوژمنى ڕاسته‌قینه‌ى ئاین دابنێین نه‌ك گومانكردن چونكه‌ گومان به‌ سروشتى خۆى میتۆدێكى لاشه‌ڕه‌ نه‌ده‌سه‌لمێندرێت و نه‌جێگره‌وه‌ پێشكه‌ش ده‌كات به‌ڵام هه‌وڵى لێكۆڵینه‌وه‌ى هه‌موو شتێك به‌پێى لۆجیك و زانست هێشتا خه‌ونێكه‌ به‌م زوانه‌ نایه‌ته‌ دى.

باسكاڵ ده‌ڵێت كاتێك كه‌ كاره‌ساتێك ده‌قه‌ومێت زانست سوود به‌ مرۆڤ ناگه‌یه‌نێت به‌ بێ باسكردنى مه‌سه‌له‌ دینییه‌ هه‌ره‌ ئاڵۆزه‌كان كه‌ ناتوانێت وه‌ڵامى زانستیانه‌ى بۆ بدۆزرێته‌وه‌.
به‌ڵام سام هاریس پێى وایه‌ (زاست خوازى) ماناى ئه‌وه‌ نییه‌ وه‌ڵامى هه‌موو شتێك بده‌یته‌وه‌ به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌ڵوێستێكه‌ و شتێكى تره‌. ته‌نیا هه‌ڵوێستێكه‌ ئه‌فسانه‌ و خوڕافات ره‌تده‌كاته‌وه‌.

به‌ گشتى ئه‌قڵى مرۆڤ ئامێرێكى مه‌زنه‌، ته‌نانه‌ت كاتێكیش كه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ ئه‌قڵ ده‌گرین و دادگایى ده‌كه‌ین، له‌ ڕێى به‌كارهێنانى خودى ئه‌قڵه‌وه‌ ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ین. به‌ڵام ده‌توانین بڵێین كه‌ ئه‌قڵ زۆربه‌ى فه‌یله‌سوف و بیرمه‌نده‌كانى نا ئومێد كردووه‌.

بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌قڵ سنورداره‌ و سروشتێكى دژ به‌یه‌كى هه‌یه‌، له‌ یه‌ك كاتدا شته‌كه‌ و پێچه‌وانه‌كه‌شى ده‌سه‌لمێنێت و پێویسته‌ زۆر به‌ وریاییه‌وه‌ به‌كاربهێنرێت.   

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure