به‌ندكراوێكى كورد له‌ ئێران داواده‌كات بگه‌ڕێندرێته‌وه‌ هه‌رێم

هەواڵ / کوردستان :: 20/02/2019‌ :: 291‌ جار بینراوە
"به‌ تۆمه‌تى نه‌بوونى پاسپۆرت ده‌ستگیركرام"

دواڕۆژ

بڕیاره‌ لە داهاتوویەكی نزیكدا ئاڵوگۆڕی سزادراوان لەنێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی كوردستان ئه‌نجامبدرێت و به‌ندكراوێكى كوردیش داواده‌كات له‌و ئاڵوگۆڕه‌دا جێگه‌ى بكرێته‌وه‌.


مه‌ریوان عه‌بدولكه‌ریم، كه‌ به‌ وته‌ى خۆى ماوه‌ى زیاتر له‌ شه‌ش ساڵه‌ له‌ گرتوخانه‌ی ره‌جایشهری که‌ره‌ج له ئێران زیندانیکراوه بۆ دواڕۆژ وتى: "پێشتر له‌ تاران كارى وه‌رگێرانم ده‌كرد، به‌ڵام له‌ 30ى تشرینى دووه‌مى 2012 به‌ تۆمه‌تى نه‌بوونى پاسپۆرت ده‌ستگیركرام و دواتریش تۆمه‌ته‌كه‌م بۆ تێكدانى ئه‌منیه‌تى وڵات گۆڕدرا".

سه‌ره‌تا سزاكه‌ى مه‌ریوان به‌ 33 ساڵ و سێ مانگ دیاریده‌كرێت، به‌ڵام پاش دووباره‌ ته‌میزكردنه‌وه‌ى بڕیاره‌كه‌ى حوكمه‌كه‌ى بۆ ده‌گۆڕدرێت بۆ حه‌وت ساڵ و شه‌ش مانگ زیندانى.

ئه‌و كه‌ شه‌ش ساڵ و سێ مانگى له‌ سزاكه‌ى به‌سه‌ربردووه‌، داواده‌كات له‌ ئاڵوگۆڕى بڕیاردراوى زیندانیانى نێوان ئێران و هه‌رێمى كوردستان به‌شدارى پێبكرێت و بگه‌ڕێندرێته‌وه‌ بۆ كوردستان.

خانه‌واده‌كه‌شى ده‌ڵێن: چه‌ندین جار ئه‌و داوایه‌یان به‌رزكردوه‌ته‌وه‌ تا كوڕه‌كه‌ى ئه‌وانیش وه‌ك هه‌ر به‌ندكراوێكى تر ماوه‌ى كۆتایى حكومه‌كه‌ى له‌ هه‌رێم به‌ڕێبكات.

پێشتر ئەحمەد نەجمەدین، بەڕێوەبەری گشتی چاكسازی كۆمەڵایەتی هەرێم بە دواڕۆژی راگه‌یاند: پاڵپشت بە یاسای ژمارە (6)ی ساڵی 2014ی عێراق، كە حكومەتی هەرێمیش جێبەجێیدەكات سەبارەت بەو رێككەوتنەی لەنێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و عێراق هەیە بۆ ئاڵوگۆڕی سزادراوان، بڕیاره‌ لە داهاتوویەكی نزیكدا ئاڵوگۆڕی سزادراوان لەنێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی كوردستان ئه‌نجامبدرێت.

وتیشی: "بەڵام دیارنییە چەند كەس ئاڵوگۆڕی پێدەكرێت و كەی دەكرێت، چونكە كۆمەڵێك رێكاری یاسایی و كارگێڕی پێویستە، هەتا لێكۆڵینەوە لە فایلەكان دەكرێت و لیژنەی باڵا كۆدەبێتەوە و بڕیار لەبارەیەوە دەدرێت، ئەوەش كاتی دەوێت".

ئەحمەد نەجمەدین، ئاماژەی بەوەشدا: لە چاكسازییەكانی هەرێم لە ئێستادا نزیكەی 85 سزادراوی ئێرانی هەن و رۆژانەش لە گۆڕانكاریدایە، زیاتر تاوانەكانیشیان بەكارهێنان و بازرگانیكردنە بە ماددە هۆشبەرەكان.

هێمای بۆ ئەوەشكرد: "بە دیاریكراوی نازانین چەند سزادراوی هەرێم لە ئێران هەیە، چونكە نە ئێمە بە دەقیقی بەوان دەڵێین نە ئەوانیش بە ئێمەی دەڵێن".

وتیشی: "دووجار لەگەڵ ئێران ئاڵوگۆڕی سزادراومان كردووە، لەو دووجارەدا نزیكەی 100 سزادراوی ئێرانیمان گەڕاندەوە و ئێرانیش 10 سزادراوی هەرێمی گەڕاندەوە".

 لە هەرێمی كوردستان شەش چاكسازی هەیە لە پارێزگاكانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆك)، كە سێ‌ چاكسازی گەوران و سێ‌ چاكسازی ژنان و منداڵانە، بە وتەی ئەو بەڕێوبەرە گشتیەش نزیكەی سێ‌ هەزار و 450 سزادراو لەناو چاكسازییەكان بوونیان هەیە.

ئا: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure