پارتى و یه‌كێتى گفتوگۆكانیان ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 20/02/2019‌ :: 1606‌ جار بینراوە
ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى دانوستانكارى پارتى: جیاوازییه‌كانى نێوانمان زۆر كه‌مه‌

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

پارتى و یه‌كێتیى به‌شێوه‌یه‌كى ناڕەسمى گفتوگۆكانیان ده‌ستپێكردۆته‌وه‌ و وابڕیاریشه‌ له‌ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌كدا رێككه‌وتنى سیاسى نێوانیان واژۆبكرێت و ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى دانوستانكارى پارتیش رایده‌گه‌یه‌نێت: پارتى جددییه‌ له‌ماوه‌یه‌كى كورتدا له‌گه‌ڵ یه‌كێتیى بگاته‌ رێككه‌وتن.


(رۆژى دووشه‌ممه‌ 18ى شوبات)، دواى رێكنه‌كه‌وتنى پارتى و یه‌كێتیى دواجار په‌رله‌مانى كوردستان ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌ڵبژارد و ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایى ئه‌نجومه‌نى سه‌كردایه‌تى و مه‌كته‌بى سیاسى ئه‌و  حیزبه‌ى لێكه‌وته‌وه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، له‌ دوێنێ سێشه‌ممه‌وه‌ گفتوگۆكانى شاندى باڵاى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى و یه‌كێتیى، له‌ڕێگه‌ى نامه‌ و په‌یوه‌ندى ته‌له‌فۆنى به‌شێوه‌یه‌كى ناڕەسمى ده‌ستیپێكردۆته‌وه‌ و هه‌ردوولاش له‌په‌یوه‌ندیدان تاوه‌كو له‌سه‌ر دۆسیەى كه‌ركوك بگه‌نه‌ رێككه‌وتن، به‌رله‌وه‌ى جارێكى دیكه‌ شاندى هه‌ردوولا كۆببنه‌وه‌ و واژۆ له‌سه‌ر رێككه‌وتنى سیاسى نێوانیان بكه‌ن.

دواڕۆژ زانیویه‌تى، دواى ئه‌نجامدانى كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان به‌رپرسانى باڵاى پارتى په‌یوه‌ندییان به‌ یه‌كێتییه‌وه‌ كردوه‌ كه‌ هیچ كاردانه‌وه‌یه‌ك نه‌نوێنن، چونكه‌ ئه‌وان جددین له‌وه‌ى یه‌كێتیى وه‌ك هاوبه‌شێكى راسته‌قینه‌ به‌شداربێت له‌ كابینه‌ى داهاتوو.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ له‌ ماوه‌ى 48 كاتژمێرى رابردوودا، هه‌ریه‌ك له‌ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی و نێچیرڤان بارزانی جێگری لە دوو کاتی جیاوازدا پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ کۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی ئەنجامداوه‌ و دڵنیاییان داوه‌تێ له‌باره‌ى رێككه‌وتن و وابڕیاریشه‌ له‌ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌كدا هه‌ردوولا بگه‌نه‌ رێككه‌وتنێكى هاوبه‌ش.

لاى خۆیه‌وه‌ فرسه‌ت سۆفى، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دانوستانكارى پارتى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: هه‌وڵه‌كانى پارتى به‌و ئاڕاسته‌یه‌یە له‌ ماوه‌یه‌كى زۆر كورتدا له‌گه‌ڵ یه‌كێتیى بگه‌نه‌ رێككه‌وتن، چونكه‌ جیاوازییه‌كانى نێوانیان زۆركه‌مه‌ و دڵنیان له‌وه‌ى له‌سه‌ر بابه‌تى كه‌ركوكیش ده‌گه‌نه‌ سیغه‌ى هاوبه‌ش.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: كۆبوونه‌وه‌كان له‌ نێوان پارتى و یه‌كێتى رانه‌وه‌ستاوه‌ و ده‌ستیپێكردۆته‌وه‌ ده‌رفه‌تیش ده‌ده‌نه‌ یه‌كێتیى و جارێ هیچ دانیشتنێكى په‌رله‌مان ئه‌نجامناده‌ن تاوه‌كو فراكسیۆنى یه‌كێتیى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و سه‌رۆك وه‌رده‌گرێته‌وه‌.

وتیشى: "تاوه‌كو كۆتایى گفتوگۆكانیش هه‌ردوولایه‌ن له‌سه‌رته‌واوى پرسه‌كان كۆكبوون و ته‌نیا له‌سه‌ر یه‌ك خاڵ نه‌بێت كه‌ ئه‌ویش كه‌ركوك بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیوایه‌كى زۆر زۆر هه‌یه‌ تاوه‌كو له‌م چه‌ند رۆژه‌ى داهاتوودا له‌سه‌ر  ئه‌و دۆسیەیه‌ش رێكبكه‌وین".

ناوبراو، روونیشیكرده‌وه‌: به‌رله‌وه‌ى په‌رله‌مان هیچ دانیشتنێكى دیكه‌ ئه‌نجامبدات پارتى و یه‌كێتیى رێككه‌وتنى سیاسى واژۆده‌كه‌ن و دواتر ده‌ستده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ هه‌موارى یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و پێكهێنانى حكومه‌ت له‌ كورتترین ماوه‌دا.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure