كۆنگرێس لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ پلانێك بۆ گواستنه‌وه‌ى ته‌كنۆلۆژیاى ئه‌تۆمى بۆ سعودیه‌ ده‌كات

هەواڵ / جیهان :: 20/02/2019‌ :: 224‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

به‌پێى راپۆرتێك، كه‌ دیموكراته‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى ئه‌مریكا ئاماده‌یانكردوه‌، ئیداره‌ى تره‌مپ به‌نیازه‌ ته‌كنۆلۆژیاى وزه‌ى ئه‌تۆمى هه‌نارده‌ى سعودیه‌ بكات سه‌ره‌ڕاى هۆشدارییه‌كان ده‌رباره‌ى مه‌ترسییه‌كانى ئه‌و هه‌نگاوه‌ له‌سه‌ر ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یی.


راپۆرته‌كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ (24) لاپه‌ڕه‌ و له‌لایه‌ن لیژنه‌ى چاودێرى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران  له‌سه‌ر زانیارییه‌ دزپێكراوه‌كان ئاماده‌یكردووه‌، به‌تایبه‌تیش له‌سه‌ر هه‌فته‌كانى سه‌ره‌تاى ده‌ستبه‌ركاربوونى دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكى ئه‌مریكا.

ئیلجا كامینجز، سه‌رۆكى لیژنه‌كه‌ ده‌ڵێت: "هه‌وڵه‌كانى ئیداره‌ى كۆشكى سپى بۆ ئه‌نجامدانى گرێبه‌ستێكى له‌و شێوه‌یه‌، پێشێلكارییه‌كى روونى یاساى وزه‌ى ئه‌تۆمییه‌، كه‌ بێ گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ كۆنگرێس -وه‌ك یاساكه‌ داوایده‌كات- ویستراوه‌ ئه‌نجام بدرێت".

راپۆرته‌كه‌ رونیكردوه‌ته‌وه‌: كۆمپانیاى (بروكفیڵد ئه‌سیت مانجمێنت) بۆ به‌ڕێوه‌بردنى سه‌رمایه‌، كه‌ هاوبه‌شه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیاى گارید كۆشنر-ى زاوه‌كه‌ى تره‌مپ، یه‌كێك له‌ نوێنه‌ره‌كانى تره‌مپ بۆ سعودیه‌، ئه‌مانیش به‌شێكن له‌ گروپى "ئاى بى 3 كۆنسور تیوم" كه‌ مامه‌ڵه‌ى فرۆشتنى ته‌كنۆلۆژیاى ئه‌تۆمى به‌ سعودیه‌ رێكده‌خات.

كامینجز ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكردوه‌ كه‌ هه‌وڵه‌كان بۆ ئه‌نجامدانى مامه‌ڵه‌ و گرێبه‌سته‌كه‌ به‌رده‌وامه‌.

ئه‌م راپۆرته‌  له‌كاتێكدایه‌ كۆشنیر به‌نیازه‌ له‌م مانگه‌دا گه‌شتێك بۆ وڵاتانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بكات و عه‌ره‌بستانى سعودیه‌ش ده‌گرێته‌وه‌.
 
ئا: س.م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure