نێچیرڤان بارزانی سه‌ردانى سلێمانی ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 19/02/2019‌ :: 16807‌ جار بینراوە
نێچیرڤان بارزانى، جێگری سەرۆکی پارتی ديموكراتى كوردستان

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

بۆ رازیكردنى یه‌كێتى و رێكکه‌وتنى سیاسى نێوانیان، پارتى نێچیرڤان بارزانى ده‌نێرێته‌ سلێمانى و ئه‌ندامێكى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتیش ده‌ڵێت: "یه‌كێتى له‌گه‌ڵ بایكۆتى پڕۆسه‌ى سیاسى و دوو ئیداره‌یى نییه‌".


به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، بڕیاره‌ له‌ ماوه‌ى دوو رۆژى داهاتوودا نێچیرڤان بارزانى، جێگری سەرۆکی پارتی ديموكراتى كوردستان به‌ نوێنه‌رایه‌تى مه‌كته‌بى سیاسى سه‌ردانى سلێمانى بكات، بۆ رازیكردنى یه‌كێتى، بۆ ئه‌وه‌ى به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان و حكومه‌تى هه‌رێم بكات، دواتر كۆبوونه‌وه‌كانى هه‌ردوو مه‌كته‌بى سیاسى پارتى و یه‌كێتى ده‌ستپێبكاته‌وه‌ تا ئه‌وكاته‌ی ده‌گه‌نه‌ رێككه‌وتنى كۆتایى.

سه‌عدى پیره‌، ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: هەوڵ هه‌یه‌ و بەهیوام له‌ یه‌كتر نزیكببینه‌وه‌ و سبه‌ی و دووسبه‌ى بتوانین ئەنجامێک وه‌ربگرینه‌وه‌.

له‌باره‌ى بایكۆتكردنى پڕۆسه‌ى سیاسى هه‌رێم و دروستبوونه‌وه‌ى دوو ئیدارەیى، سه‌عدى پیره‌ وتى: "نه‌خێر یه‌كێتى چۆن بیر له‌و شتانه‌ ده‌كاته‌وه‌ و یه‌كێتى بایكۆتى پڕۆسه‌ى سیاسى ناكات، به‌ڵكو یه‌كێتى داوایه‌كى هه‌یه‌ و ده‌یه‌وێت جێبه‌جێبكرێت كه‌ له‌ئه‌ساسدا ئه‌و داوایه‌ قورس نییه‌".

وتیشى: "دوو ئیداره‌یى شتێكى خراپه‌ و له‌و بڕوایه‌دا نیم بگاته‌ ئه‌و راده‌یه‌، به‌ڵكو هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌كێتى و پارتى هه‌ندێك كێشه‌یان هه‌یه‌ و ده‌بێت كێشه‌كانیان به‌گفتوگۆ چاره‌سه‌ربكه‌ن".

له‌ (5ى شوباتى 2019) دواى چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ى نێوانیان، پارتى و یه‌كێتى له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان و كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك و دانانى پارێزگارێكى كورد له‌ پشكى یه‌كێتى بۆ كه‌ركوك و دانانى وه‌زیرى داد له‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى عێراق رێککەوتنێکیان کردووە، به‌ڵام به‌هۆى واژۆنه‌كردنى رێككه‌وتنه‌كه‌، یه‌كێتى به‌شدارى دانیشتنی دوێنێى په‌رله‌مانى كوردستان نه‌كرد، به‌وهۆیه‌وه‌ پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان له‌لایه‌ن پارتى پڕكرایه‌وه‌، تا ئەوکاتەی یەکێتی دەگەڕێتەوە ناو پەرلەمان و کاندیدێک بۆ ئەو پۆست پێشکەشدەکات.

پێداچوونەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure