فرەنسییەكان زۆربەیان بەچی دەمرن؟
توێژینه‌وه‌كى فه‌رمى دیارترین هۆكاره‌كان ئاشكراده‌كات

هەواڵ / جیهان :: 19/02/2019‌ :: 1803‌ جار بینراوە
رێژەی مردن لەناو پیاواندا بەهۆی مادە كحولییەكانەوە 11%يە

دواڕۆژ

توێژینەوەیەكی فەرمی فرەنسی جەختیكردەوە كە ساڵانە 41 هەزار هاوڵاتی ئه‌و وڵاته‌ بەهۆی خواردنەوەی مادە كحولییەكانەوە گیان لەدەستدەدەن. 


رۆژنامەی لیبراسۆنی فرەنسی توێژینەوەیه‌كى دەزگای تەندروستیی گشتیی فرەنسی بڵاوكردووەتەوە و تیایدا هاتووه‌: مادە كحولییەكان دووەم هۆكاری مردنن لە فرەنسادا و دەشڵێت: لەدوای جگەرەكێشان خواردنەوەی مادە كحولییەكان گرنگترین هۆكاری مردنە كە دەتوانرێت خۆی لێ بپارێزرێت. 

لە وردەكارییەكەيدا هاتووە: رێژەی مردن لەناو پیاواندا بەهۆی مادە كحولییەكانەوە 11%يە و لەكاتێكدا ئەو رێژەیە لەناو ژناندا 4%ە. 

توێژینەوەكە لەسەر 20 هەزار كەس ئەنجامدراوە و لەگەڵیشیدا بڕی فرۆشتنی ئەو جۆرە خواردنەوەیە بەهەند وەرگیراوە.

رونیشیده‌كاته‌وه‌: لەو ژمارەیە 16 هەزار كەسیان بەهۆی ئەو شێرپەنجانەوە مردوون كە لە ئەنجامی خواردنەوەی مادە كحولییەكانەوە دروستبوون و 9900 كەسیان بەهۆی نەخۆشییەكانی دڵەوە و نزیكەی 7000 كەس بەهۆی نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەرسەوە مردوون و 5400 كەسی دیكەش لە ئاكامی خۆكوشتن و رووداوەكانی هاتووچۆوە گیانیان لەدەستداوە كە ناڕاستەوخۆ پەیوەندییان هەبووە بە مادە كحولییەكانەوە.

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure