ھەوڵى سوتاندنی خانەی داڵدەدانی سلێمانی ده‌درێت

هەواڵ / کوردستان :: 19/02/2019‌ :: 455‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد

سەرچاوەیەک لە رێکخراوەکانی داکۆکیکردن لە مافی ژنان رایدەگەیەنێت: ھەوڵدراوە خانەی داڵدەدانی سلێمانی بسوتێنرێت، بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانیش دەڵێت: "داڵدەدراوەکان توڕەبوون و ویستویانە ئاژاوە بنێنەوە".


سەرچاوەیەک لە رێکخراوەکانی داکۆکیکردن لە مافی ژنان کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە بۆ دواڕۆژ وتی: "پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ھەوڵێک دراوە لەڕێگەی ھاویشتنی ئاگرەوە بۆ ناو بیناکە ئاگر بەربدرێت لە خانەی داڵدەدانی سلێمانی و بسوتێنرێت".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشداوە: ھەوڵەکە سەری نەگرتووەو توانراوە لەلایەن چاودێرانی خانەکەوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت.
بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت: ڕوداوەکە بەھۆی پابەندنەبوون بووە بە ڕێنمایەکانی خانەی داڵدەدان لەلایەن ئەو کەسانەی لەوێ داڵدەدراون.

عومەر گوڵپی، بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: ئەو کێشەیە بەھۆی پابەندنەبوونی یاساکانی خانەی داڵدەدان بووە لەلایەن ئەو کەسانەی کە لەوێ داڵدەدراون و مۆبایلیان بەکارھێناوە کە بەپێی یاسای خانەکە و سەلامەتی خۆیان نابێت مۆبایلیان پێبێت، ھەربۆیە مۆبایلەکانیان لێسەندراوە، دواتر داڵدەدراوەکان توڕەبوون و ویستویانە ئاژاوە بنێنەوە، بۆیە ھەموو شتێک چارەسەرکراوە.

لای خۆشیەوە رێکان جەمال، وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی بەدواڕۆژی وت: "تەنیا مێزێکی نانخواردن لەبیناکە سوتاوە، پێش گەیشتنی تیمەکەی ئێمە بۆ شوێنی ڕوداوەکە، کارمەندەکانی خۆیان ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکردووەو کوژاندویانەتەوەو ھیچی دیکە ڕوینەداوە".

خانەی داڵدەدان تایبەتە بەو ژنانەی کە لە کەسوکاریان ھەڵدێن و ھەڕەشەی کوشتنیان لێدەکرێت و کێشەی گەورەی کۆمەڵایەتیان ھەیە.

پ: س.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure