سەركردەیەكی یەكێتی پلانێکی نوێی حیزبەکەی ئاشکرادەکات

هەواڵ / کوردستان :: 19/02/2019‌ :: 5869‌ جار بینراوە
لۆگۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

یەكێتی ئێستا سەرقاڵی دانانی پلانی نوێیە بۆ ئەو ئەگەرانەی دێنە پێشەوەو ئەندامێکی سەركردەیەتیش دەڵێت: "بایكۆتی پڕۆسەی سیاسیش لەپلاندایە".

ئەندامێکی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت (ئەمڕۆ 19ی شوباتی 2019) بەدواڕۆژی راگەیاند: پەیوەندی تەلەفۆنی و نێوەندگیر لەنێوان ئەوان و پارتی بۆ چارەسەری دۆخی ئێستا بەردەوامە، بەڵام هەتا لەگەڵ پارتی رێكنەكەون پەرلەمانتارانیان ناڕۆنەوە پەرلەمان.

بەوتەی ئەو سەركردەیە: "ئەگەر پارتی بیەوێت هاوشێوەی 2014 حكومەتی نوێ پێكبهێنن و چەند وەزارەتێك بۆ یەكێتی بە بەتاڵی بهێڵنەوە، وەكو یەكێتی بڕیاریان وایە   بەهیچ شێوەیەك بەشداری پەرلەمان و حكومەتی نوێ ناكەن و لەو كاتەشدا ئازادن، چی دەكەن".

دوای گفتوگۆ و كۆبوونەوەی زۆری پارتی و یەكێتی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم، سەرەنجام نەگەیشتنە رێككەوتن، بۆیە دوێنێ بەبێ بەشداربوونی یەكێتی، دانیشتنی كراوەی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدرا و سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرا كە سەرۆك و جێگری یەكەم لە پارتی بوون و جێگری دووەمیش پێكهاتەی توركمانە.

سەركردەكەی یەكێتی ئاماژەی بەوەشكرد: لەئێستا سەرقاڵی دانانی پلانین و هەموو ئەگەرەكانن و دەخەینەسەر كاغەز، بۆ ئەوەی ئەگەر پێویستی كرد جێبەجێ بكرێت و ئەگەر پێویستیشی نەكرد جێبەجێی ناكەین، تەنانەت بەبایكۆتی پڕۆسەی سیاسیش.

گرفتی سەرەكی یەكێتی بۆ رێككەوتن لەگەڵ پارتی بەپلەی یەکەم پارێزگاری كەركوك و پاشان وەزارەتی دادی بەغدایە كە یەكێتی داوای رێككەوتنی نووسراو دەكات و پارتیش تائێستا هەر بەزارەكی بەڵێنی داوە.

ئەو سەركردەیەی یەكێتی دەڵێت: "ئێمە دەمانەوێت بەڵێنەكانی پارتی بەنووسراو بێت، چونكە ئەگەر بەزارەكی بێت رەنگە سبەینێ بڵێن وامان نەوتووە، یان ئەگەر بەنووسراویش نەبێت جێبەجێی بكەن، بۆ نموونە دەتوانرێت بە تەلەفۆنێك چارەسەری وەزارەتی داد بكرێت، بەهەمانشێوە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ كێشەی پارێزگار كۆببێتەوە".

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە