ئاڵا کچە تاقانه‌ی دایك و باوكی بوو
دایكی: زۆر په‌رۆشی ئه‌وه‌ بووم كچه‌كه‌م بچێته‌ ماڵی خۆی

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 19/02/2019‌ :: 71085‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی

ئاڵا میقداد، ئه‌و كچه‌ی زۆربه‌ی ژیانی له‌ چاوه‌ڕوانی برده‌سه‌ر و به‌ر له‌ نه‌خۆشكه‌وتنیشی هه‌ر له‌ چاوه‌ڕوانی رۆژی ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیری بوو، به‌ڵام نه‌خۆشییه‌كه‌ی رێگه‌ی نه‌دا به‌م ئومێده‌ی بگات.


ئاڵا میقداد ئه‌حمه‌د، ئەو کچە تاقانه‌یه‌ی كه‌ رۆژی 6ی شوباتی 2019 له‌ناكاو هه‌ستی به‌ ئازارێك كرد له‌ هه‌ناویدا و دوای گه‌یاندنی به‌ نه‌خۆشخانه‌ پزیشكه‌كان پێیانوت، تووشی پەککەوتنی جگەر  بووه‌ و به‌ زووترین كات ده‌بێت نه‌شته‌رگه‌ری بۆ ئه‌نجامبدرێت.

دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی نه‌خۆشییه‌ ده‌گمه‌نه‌كه‌ی ئاڵا، ئه‌م رووداوه‌ هه‌رزوو له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی خێرا بڵاو بووه‌وه‌ و ده‌یان كه‌س ئاماده‌یی خۆیان ده‌ربڕی به‌شێكی جگه‌ری خۆیان ببه‌خشن به‌م كچه‌، به‌ڵام زۆربه‌ی پشكنینه‌كان  وا ده‌رچوون كه‌ جگه‌ری ئه‌و كه‌سانه‌ بۆ ئاڵا نابێت، تا گه‌نجێكی ناحیه‌ی زه‌ڕایەنی سه‌ر به‌ پارێزگای سلێمانی خۆی گه‌یانده‌ هه‌ولێر و دوای ئه‌نجامدانی پشكنین پزیشكه‌كان رایانگه‌یاند كه‌ جگه‌ری شه‌مێران بۆ ئاڵا ده‌بێت، ئه‌م هه‌واڵه‌ تۆزێك دڵ و ده‌روونی دایك و باوكی ئاڵای ئارامكرده‌وه‌. 

ئاڵا له‌ ساڵی 1996 له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ت له‌ هه‌ولێر له‌دایكبووه‌ و په‌یمانگەی هونه‌ره‌ جوانه‌كان به‌شی شێوه‌كاری ته‌واوكرد و هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كاری بوو،  ئاواتی ئه‌وه‌بوو دوای ته‌واوكردنی خوێندنه‌كه‌ی له‌ شوێنێك دابمه‌زرێت و به‌شێكی باری قورسی سه‌رشانی باوكه‌ كرێكاره‌كه‌ی كه‌مبكاته‌وه‌. 

مامۆستا كافیه‌ دایكی ئاڵا ساتی نه‌خۆشكه‌وتنی كچه‌كه‌ی بۆ دواڕۆژ باسكرد و ده‌ڵێت: "رۆژی 6ی ئه‌م مانگه‌ ئاڵای كچم پێیوتم ئازارێك له‌ هه‌ناویدا هه‌یه‌، ده‌ستبه‌جێ گه‌یانمانه‌ نه‌خۆشخانه‌ و دوای ئه‌نجامدانی پشكنین، پزیشكه‌كان پێیانوتین كه‌ كچه‌كه‌مان تووشی په‌ككه‌وتنی جگه‌ر بووه‌ و پێویسته‌ به‌زووترین كات نه‌شته‌رگه‌ری بۆ ئه‌نجامبدرێت". 

وتیشی: "هه‌ندێ خزم و كه‌س زوو هه‌واڵی نه‌خۆشییه‌كه‌ی ئاڵایان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكرده‌وه‌ و له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا چه‌ندین كه‌س په‌یوه‌ندییان كرد كه‌ ئاماده‌ن جگه‌ری خۆیان به‌ ئاڵا ببه‌خشن، به‌ڵام پزیشكه‌كان رایانگه‌یاند كه‌ جگه‌ری كه‌س بۆ ئاڵا نابێت، له‌و ساته‌وه‌ بی هیوایه‌كی زۆر رووی تێكردین، چونكه‌ پزیشكه‌كان ماوه‌ی 48 كاتژمێریان بۆ كچه‌كه‌مان دانا گه‌ر جگه‌ری بۆ په‌یدانه‌كه‌ین گیان له‌ده‌ستده‌دات". 

مامۆستا كافیه‌ كه‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ خانه‌نشین بووه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: كاتێك شه‌مێران قادر له‌ زه‌ڕه‌یانه‌وه‌ هاته‌ هه‌ولێر ئاماده‌یی خۆی ده‌ربڕی به‌شێكی جگه‌ری خۆی بداته‌ كچه‌كه‌مان و پزیشكه‌كان پشكنینیان بۆ ئه‌نجامدا و وتیان جگه‌ری ئه‌و پیاوه‌ بۆ ئاڵا ده‌بێت له‌وكاته‌دا هیوایه‌كی زۆر بۆ بنه‌ماڵه‌كه‌مان گه‌ڕایه‌وه‌. 

هه‌ر چه‌نده‌ سێ رۆژ به‌ر لەئێستا پزیشكه‌كان رایانگه‌یاند كه‌ ته‌ندروستی ئاڵای تاقانه‌ به‌ره‌و باشتربوون چووه‌ و ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ جگه‌ری چاك بێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م هه‌واڵه‌ دڵی دایك و باوكی ئاڵای ئارامنه‌كرده‌وه‌ و ئه‌و ئاواته‌شی كه‌ به‌ جگه‌ری شه‌مێرانیشیان هه‌بوو نه‌هاته‌دی و رۆژی 18ی شوباتی 2019 ئاڵا دڵه‌ گه‌وره‌كه‌ی له‌ لێدان كه‌وت و ئه‌و چاوه‌شی كه‌ هه‌میشه‌ له‌ چاوه‌ڕووانیدابوو به‌ یه‌كجاری داخست و دوای مانه‌وی 13 رۆژ له‌ نه‌خۆشخانه‌ ماڵئاوایی له‌ دنیا كرد. 

وه‌ك كه‌سه‌ نزیكه‌كانی ده‌گێڕنه‌وه‌ ئاڵا به‌رده‌وام باسی له‌وه‌كردووه‌ خوێندن ته‌واو بكات و له‌  شوێنێك دابمه‌زرێت. 

به‌ختیار جاف، كه‌سی نزیكی ئاڵا میقداد به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: ئاڵا كه‌سێكی زۆر خۆڕاگر و گه‌شبین بووه‌ له‌ ژیان و هه‌میشه‌ به‌ رووی هاوڕێ و خزمه‌كانی ده‌م به‌ پێكه‌نین بووه‌ و له‌ ژیانیدا زۆر حه‌زی كردوه‌ خوێندن ته‌واو بكات و حكومه‌ت دابمه‌زرێنێت، دوای ته‌واوكردنی خوێندن  دوو ساڵ چاوه‌ڕوانی تاوه‌كو دابمه‌زرێت، به‌ڵام ئه‌و ئاواته‌ی نه‌هاته‌دی. 

به‌پێی قسه‌ی به‌ختیار جاف: "ماڵی ئاڵا ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێت له‌ خانووی كرێدا نیشته‌جێن و ماڵێكی هه‌ژارن و ئاڵاش له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی هه‌ژاردا له‌دایكبوو و به‌ هه‌ژاریش گه‌وره‌بوو، زۆرجار باسی له‌وه‌ ده‌كرد كه‌ ئاواتی ئه‌وه‌یه‌ ژیانی خۆی و دایك و باوكی خۆش بكات و له‌ رێگه‌ی هونه‌ری شێوه‌كارییه‌وه‌ ئه‌و ژیانه‌ هه‌ژارییه‌یان بگۆڕێت، به‌ڵام ئه‌و نه‌خۆشییه‌ له‌ناكاوه‌ رێگه‌ی له‌ ئاواته‌كانی گرت".
 
ئاڵای ته‌مه‌ن 22 ساڵ له‌ رۆژی 11ی كانونی دووه‌می 2019 له‌گه‌ڵ گه‌نجێك به‌ناوی  به‌حری ئیبراهیم ته‌مه‌ن 25 ساڵ به‌ خۆشه‌ویستی ژیانی هاوسه‌ری پێكهێناوه‌ و شه‌ش رۆژ به‌ر له‌وه‌ی  تووشی نه‌خۆشییه‌كه‌ی ببێت له‌گه‌ڵ به‌حری پشكنینی خوێنیان ئه‌نجامداوه‌ و هیچ كێشه‌یه‌كی ته‌ندروستییان نه‌بووه‌. 

دایكی ئاڵا ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو: بڕیاربوو كچه‌كه‌ی 15ی ئه‌م مانگه‌ زه‌ماوه‌ندی هاوسه‌رگیری ساز بكات، به‌ڵام نه‌خۆشییه‌كه‌ی به‌م ئاواته‌شی نه‌گه‌یاند، دایكی ئاڵا ده‌شڵێت: "كچه‌كه‌م بۆ رۆژی ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ی ئاماده‌كاری ته‌واوی كردبوو و زێڕ و جلی جوان و پێداویستییه‌كانی بوكێنی كڕیبوو، به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ به‌حری ده‌ستگیرانی قسه‌یان ده‌كرد كه‌ ئاهه‌نگه‌كه‌یان چۆن و به‌ چ شێوازێك بێت".  

به‌پێی قسه‌ی دایكی، به‌هۆی گیانله‌ده‌ستدانی ئاڵا، لەئێستادا بەحری هاوسه‌ری ئاڵا تووشی شۆك بووه‌ و هیچ كات باوه‌ڕناكات ئاڵا وای به‌سه‌رهاتبێت.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure