ماڵى پشیله‌كان له‌ كتێبخانه‌كاندایه‌

هەواڵ / که‌لتور :: 18/02/2019‌ :: 252‌ جار بینراوە

تاگ :: رۆشنبیرى

دواڕۆژ، سامان قوبادى


هیوا قادر نوێترین رۆمانى به‌ناوى (ماڵى پشیله‌كان) بڵاوده‌كاته‌وه‌، كه‌ تێیدا باس له‌ ته‌نیایى مرۆڤى مۆدێرین ده‌كات. له‌مه‌یشدا وه‌ك خۆى ده‌ڵێت: "سوودى له‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ وه‌گرتووه‌ كه‌ له‌سه‌ر پشیله‌ كراون".


سه‌باره‌ت به‌ ناوه‌ڕۆكى رۆمانه‌كه‌ى، هیوا قادر بۆ دواڕۆژ وتى: "ڕۆمانی ماڵی پشیلەکان، بەراورد بە هەردوو ڕۆمانه‌كه‌ی پیشووترم "منداڵێک لەسەر مانگە، منداڵانی گەڕەک" لە زۆر ڕووەوە جیاوازە، لە ڕووی زمان و ستروکتوری ڕستەسازی و جیهانەکەیەوە. ئەم ڕۆمانەم باس لە تەنیایی ئینسانی کۆمەڵگەی مۆدێرن دەکات، لە ڕێی باسکردنی شوێنێک کە ناوی "ماڵی پشیلەکانە"، جێیەکە بۆ بەخێوکردن و گلدانەوەی پشیلە و هەروەها بۆ فرۆشتنیشی".

هیوا ده‌ڵێت: "بۆ ئەم ڕۆمانەم سودم لە چەند لێکۆڵینەوەیەکی گرنگ وەرگرتووە لەسەر پشیلە و خەسڵەتەکانی و باری دەروونی و شێوازی داواکارییەکانی، چونکە من بۆ خۆم هیچ زانیارییەکی ئەوتۆم لەسەر پشیلە و دنیای پشیلە نەئەزانی".

ماڵى پشیله‌كان، دابەشبووە بەسەر٢٤ بەشدا و هەر بەشێکیش تایبەتە بە جۆرێک لە پشیلە کە زۆریان سەر بە کلتور و ژینگەی جیاوازن، بەڵام لە ماڵی پشیلەکاندان و پەیوەندیان بە گرێی ڕووداوەکانەوە هەیە. 

هیوا قادر هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "زۆرینەی کەسایەتییەکانی ناو ڕۆمانەکە، جگە لە کەسایەتی یەکەم کە پەناهەندەیەکی کوردە، هەمووان ژنن و کەسایەتی سویدین، هەوڵمداوە کارێکی زۆر لەسەر لایەنە دەروونییەکانی کەسایەتییەکان بکەم. بەگشتی ڕۆمانەکە لە فەزایەکی ئەوروپیدا ڕوودادەت، تەنهایی مرۆڤەکان و ڕووداوە یەک بەدوای یەکەکان هەموو کەسایەتییەکان بە ماڵی پشیلەکانەوە دەبەستێتەوه‌". 

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure