سه‌ركردایه‌تییه‌كی یەكێتی: هیوادارین ناچار نەبین بیر لە پلانی دیكە بكەینەوە

هەواڵ / کوردستان :: 18/02/2019‌ :: 7171‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

سەركردەیەكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایدەگەیەنێت: دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان هەرسێكیان ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستانن، دەڵێت: "ئەگەر بێئومێد بووین بیر لەپلانی دیكە دەكەینەوە و هیوادارین ناچار نەبین بیر لە پلانی دیكە بكەینەوە"".


ئەمڕۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردرا كە بەهۆی ئامادەنەبوونی یەكێتی، سەرۆكی پەرلەمان كە پشكی ئەو حیزبەیە لەلایەن ڤالا فەرید، پەرلەمانتاری پارتی-یه‌وه‌ پڕكرایەوە، تا كاتی رێككەوتنی پارتی و یەكێتی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانیش لەلایەن هێمن هەورامی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی و جێگری دووه‌میش درایە پێكهاتەی توركمان (مونا قەهوەچی).

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەمڕۆ (18ی شوباتی 2019) بەدواڕۆژی وت: "دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەرسێكیان ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان بوون، ئەوەش نیشانەیەكی باش نییە بۆ ئایندەی هەرێمی كوردستان".

ئەمڕۆ سەركردایەتی یەكێتیش لەسلێمانی كۆبوونەوە، بەڵام نەگەیشتنە رێككەوتن لەگەڵ پارتی، سەبارەت بە هەنگاوەكانی دواتری یەكێتی،  فەرید ئەسەسەرد جەختیكردەوە "ئێمە تائێستا تەنها پلانی (A)مان هەیە، ئەویش گەیشتن بەڕێككەوتن لەسەر كێشەكان بەیەك پاكێج، بەڵام ئەگەر بێئومێد بووین بیر لەپلانی دیكە دەكەینەوە و هیوادارین ناچار نەبین بیر لە پلانی دیكە بكەینەوە".

بەوتەی ئەسەسەرد، "پەیوەندییان لەگەڵ پارتی بۆ چارەسەری كێشەكان بەردەوامەو پێدەچێت كۆبوونەوەش بكەن"، ئاشكرایكرد: وڵاتانی ئێران و توركیان و ئەمریكا و عێراقییەكانیش لەسەر هێڵن و هەردوولایان هانداوە بۆ گەیشتن بەڕێككەوتن تا هەرێمی كوردستان تووشی قەیرانی دیكە نەبێت.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure