یەكەم كاردانەوەی پارتی بۆ یەكێتی

هەواڵ / کوردستان :: 19/02/2019‌ :: 15499‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال


سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت: دەبێت پارێزگارێكی بێلایەن بۆ كەركوك دابنرێت یان ئەوەیە تا كاتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەو كێشەیە بمێنێتەوە.

 

رۆژی دووشەممە 18ی شوباتی 2019 ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی پەیامێکی ئاراستەی پارتی کرد و تیایدا ئەوەیان خستبوویەڕوو کە پارتی پابەند نەبووە بە رێککەوتنەکەی 5ی شوباتی نێوانیان.

لەو ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بەدواڕۆژی راگەیاند: بەپێی رێككەوتنەكەی رۆژی 5ی شوبات داواكرا رۆژی 18ی شوبات ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەشاری هەولێر كۆببێتەوە، بەڵام ئەنجومەنەكە نەهاتن، ئەندامانی ئەوانیش ناڕۆن و ناشبێت بڕۆنە شاری كەركوك، چونكە لای ئەوان كەركوك "داگیركراو"ە، بۆیە ئەو پارێزگایە ئاسایی بێتەوە و بڕواتەوە دۆخی جارانی و بارەگا حیزبییەكان بگەڕێنەوە.

سەبارەت بەوەی ئەوان دەیانەوێت پارێزگاری كەركوك بێلایەن بێت، سەركردەكەی پارتی روونیكردەوە: لیژنەی دانوستانكاری پارتی رای حیزبەكەیان بۆ پارێزگاری كەركوك بەلیژنەی دانوستانكاری یەكێتی داوە، بەڵام ئەو سەركردەیەی پارتی ئامادەنەبوو ئەو رایەی پارتی ئاشكرا بكات.

ئەگەر یەكێتی بەشداری پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان نەكات، مەترسی بۆ دۆخی كوردستان نییە، ئەو سەركردەیەی پارتی ئاماژەی بەوەكرد، دۆخەكە چارەسەر دەبێت و ئەوانیش بەشداری پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەنەوە.

سەرچاوەیەكی دیكە لە پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ 18ی شوباتی 2019 بەدواڕۆژی راگەیاند: دەبێت پارێزگارێكی بێلایەن بۆ كەركوك دابنرێت یان ئەوەیە تا كاتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەو كێشەیە بمێنێتەوە.

پ: س.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure