یه‌كێتى په‌یامێك ئاراسته‌ى پارتى ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 18/02/2019‌ :: 26223‌ جار بینراوە
كۆبونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال

ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى په‌یامێك ئاراسته‌ى پارتى ده‌كات و داواده‌كات پابه‌ندبێت به‌ ناوه‌رۆكى رێككه‌وتنى 5ى شوبات و ده‌شڵێت: "ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێت خۆشگوزه‌رانی بۆ خه‌ڵك بێته‌كایه‌وه‌، ئه‌وا ده‌بێت به‌ به‌شدارى هه‌موومان حكومه‌ت پێكبهێنرێت".


پاش نیوه‌ڕۆى (ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 18ى شوباتى 2019) ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان له‌ سلێمانى كۆبوه‌وه‌ بۆ تاوتوێكردنى ره‌وشى هه‌رێم و پرسى كۆبونه‌وه‌ى په‌رله‌مان و رێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ پارتى دیموكراتى كوردستان له‌و باره‌یه‌وه‌.

دوابه‌دواى كۆبونه‌وه‌كه‌ش له‌تیف شێخ عومه‌ر، وته‌بێژی یه‌كێتی له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا به‌شێك له‌ ناوه‌رۆكى كۆبونه‌وه‌كه‌ى خسته‌ڕوو و وتی: "داوامان له‌ پارتی ئه‌وه‌یه‌ پابه‌ندبن به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی 5ی شوبات". وتیشی: "لای ئێمه‌ یه‌كڕیزی مانای یه‌كڕیزی له‌ هه‌رێم و به‌غدا و ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان و هه‌موو ئه‌وانه‌ یه‌ك پاكێجه‌".

باسی له‌وه‌شكرد: ته‌نیا جیاوازی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ پارتی ئیمزاكردنی رێككه‌وتنامه‌ی 5ی شوباته‌ كه‌ پارتی تائێستا پابه‌ندنابێت پێوه‌ی.

وتیشی: "ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێت خۆشگوزه‌رانی بۆ خه‌ڵك بێته‌كایه‌وه‌، ئه‌وا ده‌بێت به‌ به‌شدارى هه‌موومان حكومه‌ت پێكبهێنرێت، به‌ڵام ئێمه‌ تائێستا باسمان له‌ پۆست و پایه‌ نه‌كردووه‌، به‌ڵكو باسمان له‌ رێككه‌وتن كردووه‌".

رونیشیكرده‌وه‌: هیچ كاتێك یه‌كێتی وه‌كوو ئه‌مڕۆ یه‌كده‌نگ و یه‌كهه‌ڵوێست نه‌بووه‌.

داڕشتنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure