باڵیۆزێکى پێشوو وردەکارى چیرۆکى کوژرانى قەزافى ئاشکرادەکات

هەواڵ / جیهان :: 18/02/2019‌ :: 274‌ جار بینراوە
موعەمەر قەزافى، سەرۆکى پێشووى لیبیا

دواڕۆژ

دوا باڵیۆزى لیبیا لە سعودییە لە چاوپێکەوتنێکدا لە کەناڵى (رووسیا ئەلیەوم) ئەو ووردەکارییانەى ئاشکراد کە پەیوەندى بە دواساتەکانى کوژرانى موعەمەر قەزافى سەرۆکى پێشووى لیبیایەوە هەبووە.

محەمەد ئەلقەشات، دوا باڵیۆزى لیبیا لە سعودییە (دوێنێ یەکشەممە 17ى شوبات)، باسى له‌ ورده‌كارى كوژرانى قه‌زافى كرد و وتى :"واشنتن وایدەبینى کە قەزافى لە ئەفریقیا کێشەى بۆ دروستکردوون، هەژموونى لەو ناوچەیە کەمکردۆتەوە، جگە لەوەش بابەتى دراوى ئەفریقى (دینارى ئاڵتوونى) یەکێکى دیکە بوو لەو نیگەرانیانەى واشنتن و ئەوروپا".

ئه‌و باڵیۆزه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "دواى هەڵهاتنى قەزافى و یاوەرەکانى بەرەو شارى سرت، بوردومانەکانى ناتۆ لە رۆژهەڵات و رۆژئاواوە دەستیانپێکرد، تا گەیشتە ئەو رادەیەى تەواوى ئەو شارە وێران و خاپوور بوون. لە میانى ئەو بوردومانانه‌دا (قەزافى) بڕیاریدا لەگەڵ یاوەرەکانى بەرەوە شوێنى لەدایکبوونى و باوباپیرانى بڕوات، کە دۆڵى (جارف)ە و دەکەوێتە رۆژئاواى شارى سرت".

له‌باره‌ى چۆنیه‌تى ئاشكرابوونى شوێنه‌كه‌شییه‌وه‌ محەمەد ئەلقەشات ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو: "دواى ئەوەى قەزافى پەیوەندى بە کەناڵى (ئەلرەئى)یەوه دەکات تاکو لێدوانێک بدات، هەواڵگرى فەڕەنسا لە رێگاى ئەو پەیوەندییەوە، بە شوێنە نیشتەجێبوونى دەزانن".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌: لەکۆتاییدا شەڕ و پێکدادان لەنێوان چەکدارانى ئەو شۆڕشە و هێزەکانى قەزافى روودەدات، لەلایەکى دیکەشەوە فڕۆکەکانى فەڕەنسا ئۆتۆمبێلەکانى قەزافى بۆردومان دەکەن و قەزافى بە بریندارى لە ئۆتۆمبێلەکەى دێتەدەرەوە و دەگاتە ئەو شوێنەى تیایدا دەکوژرێت.

بەڵام هەندێک لە چیرۆکەکان باسى ئەوە دەکەن، هێزە فەڕەنسییەکانى قەزافییان گرتووە و داویانەتە دەستى چەکدارەکان.

سەبارەت بە شوێنى لاشەکەى قەزافى، تاکو ئێستا روون نییە، چونکە هەندێک دەڵێن: خراوەتە ناو فڕنێک و سووتاوە، سەرچاوەیەکى دیکەش دەڵێت: لە بیابانەکانى لیبیا خراوه‌ته‌ژێر خاك، چیرۆکێکى دیکەش دەڵێت: دراوە بە وڵاتى قەتەر، دوا هەواڵیش باس لەوە دەکات :"فڕێدراوەتە ناو دەریاى سوورەوە".

 

 موعەمەر قەزافى، سەرۆکى پێشووى لیبیا لە شۆڕشى 2011ى بەهارى عەرەبى کە لەو وڵاتە بەرپابوو کوژرا.

وە: ئاکۆ زەنگەنە
پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure