مەرجی یەکێتیی بۆ بەشداری لەکۆبونەوەی سبەی پەرلەمان ئاشکرابوو

هەواڵ / کوردستان :: 17/02/2019‌ :: 12693‌ جار بینراوە
لۆگۆى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان

دواڕۆژ، هۆگر کەمال
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئاشکرای دەکات: تائێستا لەگەڵ پارتی نەگەیشتوونەتە رێککەوتن  دەشڵێت: "(سبەی 18ی شوباتی 2019) پارتی وەڵاممان دەداتەوە".


ڕزگار عەلی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی بە دواڕۆژی وت: "ئێمە لەگەڵ پارتی بەردەوام تا ئەمشەویش لە پەیوەندیدا بووین، بەڵام تائێستا لەگەڵیان نەگەیشتووینەتە رێککەوتن بەتایبەتی لەبارەی پرسی کەرکوک".

وتیشی: "پارتی سبەی وەڵاممان دەداتەوە ئەگەر لای خۆیانەوە یەکلایی ببنەوە سەبارەت بەوەی بە یەک پاکێج رێککەوتنی سیاسی نووسراو واژۆ بکەین، ئەوا کۆدەبینەوە و رێککەوتنەکە واژۆدەکەین".

ڕزگار عەلی، جەختیشی کردەوە: "ئەگەر سبەی لەگەڵ پارتی رێککەوتنی نووسراو واژۆبکەین بەشداری کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکەین، ئەگەر نا بەهیچ شێوەیەک بەشداری ناکەین".

سەبارەت بەوەی رای یەکێتی چییە لەبارەی رێککەوتنی پارتی و گۆڕان، ئەو سەرکردەیەی یەکێتی وتی: "ئەوان دوو حیزبی سەربەخۆن و ئازادن لە رێککەوتن".

پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure