ئێران گومرگی لەسەر 250 جۆر كاڵا و شمەك لەسەر هەڵەبجە هەڵگرت

هەواڵ / کوردستانی :: 17/02/2019‌ :: 1082‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید

پاشئەوەی لەسەر داوای لایەنی ئێرانی شاندێكی هەڵەبجە سەردانی ئێرانیان كرد، ئێوارەی ئەمڕۆ شاندەكە گەڕانەوە و قایمقامی ناوەندی پارێزگای هەڵەبجەش ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی ئاشكرادەكات.

 
نوخشە ناسیح، قایمقامی ناوەندی و ئەندامی شاندەكەی هەڵەبجە بۆ سەردانیكردنی ئێران (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 17ى شوباتى 2019) بە دواڕۆژی راگەیاند: دوایئەوەی دوێنێ‌ لەسەر داوای پارێزگاری كرماشان سەردانی ئێرانمان كرد و بەدرێژایی ئەمڕۆ چەندین كۆبونەوە و دیدارمان لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی ئەنجامدا، توانیمان چەندین دەستكەوت و بڕیاری پێویست لە بەرژەوەنی خەڵكی هەڵەبجە و پارێزگای كرماشان و سنە دەربكەین بەتایبەت لەبارەی دەستپێكردنی هاتوچۆی گەشتیاران لە مەرزەكانی پشتە و شۆشمێ‌ تەویڵەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد: لایەنی ئێرانی بڕیاریاندا كە وەك دیارییەك بۆ خەڵكی هەڵەبجە و دەوروبەری گومرگ لەسەر 250 كاڵا و شمەك لە بوارەكانی خۆراك و كەلوپەلی بیناسازی و چەند بوارێكی دیكە لابەرن تا كاتێكی نادیار، هاوكات لە ئایندەیەكی زۆر نزیكیشدا هاتوچۆكردنی گەشتیاران لە مەرزی شۆشمێ‌ توێڵەوە دەستپێدەكات ئەوەش گرنگی خۆی دەبێت لە پێشخستنی پەیوەندییەكانی هەردولامان.

قایمقامی هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو: شانبەشانی كردنەوەی مەرزەكانی پشتە و شۆشمێ‌ لەگەڵ پارێزگاری كرماشان رێككەوتنمان واژۆكردووە بۆ ئەوەی لەچەند مانگی داهاتوودا مەرزی سازانیش لە نزیك هەڵەبجە بكرێتەوە ئەمەش هەنگاوێكی گرنگە بە ئاراستەی زیاتر بوژاندنەوەی كەرتی ئابوری سنورەكە.

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure