ئەگەر یەك كاندیدی بێ ركابەر بۆ سەرۆكی پەرلەمان هەبێت راستەوخۆ دەبێتە سەرۆك؟

هەواڵ / کوردستانی :: 18/02/2019‌ :: 665‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال


پەرلەمانتارێكی پێشووی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت: لەحاڵەتی رێكنەكەوتنی پارتی و یەكێتی و نەبوونی كاندیدی یەكێتی بۆ سەرۆكی پەرلەمان، ئەگەر بۆ ئەو پۆستە یەك كاندیدی لایەنەكانی دیكەش هەبن، هەر دەبێت بخرێتە دەنگدانەوە.

بەپێی رێككەوتنی سیاسی لایەنەكان، پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بۆ یەكێتی، جێگری یەكەم بۆ پارتی و سكرتێریش بۆ پێكهاتەكانە كە پێدەچێت بۆ توركمانەكان بێت، لەئێستادا پارتی هێمن هەورامی، ئەندامی سەركردایەتی و سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان بۆ جێگری یەكەم كاندید کردوە.

بڕیارە ئەمڕۆ 18ی شوباتی 2019 دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت، تائێستاش پارتی و یەكێتی لەسەر واژۆكردنی رێككەوتنی سیاسی نێوانیان رێكنەكەوتوون.

لەبڕگەی حەوتەمی ماددەی چواردەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستاندا هاتووە: "ئەگەر بۆ هەریەك لە پۆستەكان، تەنیا یەك پاڵێوراوی بێ ركابەر هەبوو، سەرۆكی یەكەم دانیشتن راستەوخۆ بەناولێنان، پاڵێوراوەكە بۆ پۆستەكە بەسەركەوتوو رادەگەیەنێت".

بەڵام ئەبوبەكر هەڵەدنی، پەرلەمانتاری پێشووی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان لەو بارەیەوە بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەگەر بۆ پۆستێك یەك كاندیدیش هەبوو هەر دەبێت بخرێتە دەنگدانەوە و (بەڵێ و نەخێر)ی بۆ بكرێت، ئەگەر زۆرینەی پەرلەمان رەتیكردەوە مانای وایە ئەو پۆستە بە بەتاڵی دەمێنێنەوە، چونكە ئەو كاندیدەی خۆی پاڵاوتووە دەرنەچووە و كاندیدی دیكەش نیە.

 

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure