دواین زانیاری له‌باره‌ی دانیشتنه‌كه‌ی سبه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك

هەواڵ / کوردستان :: 17/02/2019‌ :: 754‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری

ئه‌ندامێكی لیستی برایه‌تی ئاشكرایكرد، پێناچێت دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا سبه‌ی ئه‌نجامبدرێت، ئه‌وه‌شده‌خاته‌ڕوو كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌نجامیش بدرێت رێژه‌ی یاسایی ته‌واو نابێت.


ئاوات محه‌مه‌د ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 17ی شوبات) رایگه‌یاند: به‌هۆی به‌شدارینه‌كردنی عه‌ره‌ب و توركمانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ ده‌بێته‌ كۆبوونه‌وه‌ی لیستی برایه‌تی و ته‌نها باسی دۆخی ئه‌منی و ئیداری كه‌ركوكی تێدا ده‌كرێت و به‌هیچ شێوەیەك بڕیاری تێدا وه‌رناگیرێت.

وتیشی: "ئه‌گه‌ر دانیشتنه‌كه‌ له‌ناحیه‌ی قه‌ره‌هه‌نجیر ئه‌نجامبدرایه‌ كه‌ سنوری پارێزگای كه‌ركوكه‌ له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ باشتر ‌دەبوو، چونكه‌ له‌چوارچێوه‌ی سنوری ئیداره‌ی پارێزگاكه‌ی خۆتدا ده‌بوو".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی لیستی برایه‌تی له‌ده‌ره‌وه‌ی و‌ڵاتن و چه‌ند كه‌سێكیش ناتوانێ ئاماده‌بێت، ئه‌وه‌ ره‌نگه‌ رێژه‌ی یاسایی ته‌واو نه‌كرێت یاخود هه‌ر ئه‌نجامنه‌درێت.

سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی نێوان یه‌كێتی و پارتی بڕیاردرا 18ی شوبات ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌هه‌ولێر كۆببنه‌وه‌، به‌پێی كارنامه‌ی دانیشتنه‌كه‌یش كه‌ ئاڕاسته‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن كراوه‌، ته‌نها پرسی دۆخی ئه‌منی و ئیداری تاووتوێده‌كرێت.

ئاوات محه‌مه‌د روونیكرده‌وه‌ كه‌ به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی ئه‌نجومه‌ن، پێویسته‌ كۆبوونه‌وه‌كان له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ئه‌نجامبدرێت له‌كاتی ئاساییدا، به‌ڵام وه‌كو ئێستا كه‌ دۆخه‌كه‌ ئاسایی نییه،‌ لانی كه‌م ده‌توانن له‌قه‌ره‌هه‌نجیر ئه‌نجامی بده‌ن له‌ڕووی ئیدارییه‌وه‌ به‌شێكه‌ له‌ئه‌نجومه‌نه‌كه ‌و له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی پێشمه‌گه‌شدایه‌.

له‌ڕووی یاسایی بوونی دانیشتنه‌كه‌یشه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن رێبوار تاڵه‌بانی به‌ڕێوه‌ده‌برێت له‌كاتێكدا ناوبراو له‌لایه‌ن دادگای كه‌ركوكه‌وه‌ سزادراوه‌، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی یاسایی رایگه‌یاند: كه‌ سزاكه‌ تانه‌ی لێدراوه‌ و ته‌میز كراوه‌ته‌وه‌، بڕیاریشه‌ سه‌ره‌تای مانگی ئازار دادگا بڕیاری كۆتایی له‌باره‌وه‌ بدات، به‌ڵام هێشتا ئه‌ندامێتی ئه‌نجومه‌نی له‌ده‌ستنه‌داوه‌ و ده‌توانێت ئاماده‌ بێت.

له‌دوای رووداوه‌كانی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017 ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به‌هۆی ئاماده‌ نه‌بوونی ئه‌ندامانی پارتی و رێكنه‌كه‌وتنی كوتله‌كان كۆنه‌بووه‌ته‌وه‌، دادگای كه‌ركوكیش به‌تۆمه‌تی خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵاته‌كان سزای 6 مانگ زیندانی به‌شێوه‌ی غیابی به‌سه‌ر رێبوار تاڵه‌بانیدا سەپاندووە‌.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure