له‌ خورماتوو پڕۆسه‌ی خوێندن ڕاگیرا

هەواڵ / کوردستان :: 17/02/2019‌ :: 262‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 

به‌هۆی جێبه‌جێنه‌كردنی داواكارییه‌كانیان له‌ به‌یانی ئه‌مڕۆوه‌ له‌ قه‌زای خورماتوو مامۆستایانی قوتابخانه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی عێراق خۆپیشاندانیان ده‌ستپێكردووه‌و سه‌رجه‌م قوتابخانه‌كانیان داخستووه‌ و پڕۆسه‌ی خوێندن ڕاگیراوه‌.


له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی ئه‌و مامۆستایانه‌دا كه‌ كۆپییه‌كی دراوه‌ته‌ دواڕۆژ هاتووه‌ مامۆستایانی خورماتوو چه‌ند داواكارییه‌كیان خستووه‌ته‌ڕوو كه‌بریتین له‌ "دامه‌رزاندنی ماماۆستایانی گرێبه‌ست و پێدانی كرێی وانه‌بێژ، پێدانی زه‌وی، دابینكردنی بیمه‌ی ته‌ندروستی بۆ مامۆستایان، كاراكردنی یاسای پارێزگاری له‌ مامۆستایان كه‌ له‌ ساڵی 2018 له‌ په‌رله‌مان په‌سه‌ند كراوه‌".

مامۆستا ئه‌حمه‌د مه‌جید به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: پێشتر چه‌ندینجار داواكارییان ئاڕاسته‌ی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ ناویاندا وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عێراق كردووه‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا وه‌ڵام نه‌دراونه‌ته‌وه‌" هه‌ر بۆیه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ستاون به‌ ئه‌نجامدانی خۆپیشاندان.

وتیشی: "خۆپیشاندان و ڕاگرتنی پڕۆسه‌ی خوێندن له‌ خورماتوو به‌رده‌وامیی ده‌بێت و ئه‌گه‌ر لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار وه‌ڵامیان نه‌ده‌نه‌وه،‌ رێگەی مه‌ده‌نییانه‌ی دیكه‌ ده‌گرنه‌ به‌ر تاوه‌كو ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانیان".

له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ لیژنه‌یه‌كی سه‌ر به‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین سه‌ردانی مامۆستایانیان كرد و له‌ لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا لیژنه‌كه‌ پشتگیری خۆیان بۆ داواكاری مامۆستایان خسته‌ڕوو ئاماژه‌یان به‌وه‌دا داواكارییه‌كانیان به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عێراق بۆ ئه‌وه‌ی كار له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنیان بكرێت.

دواڕۆژ په‌یوه‌ندی كرد به‌ به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی خورماتوو وه‌ڵامی په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی نه‌دایه‌وه‌.


پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure