پارتی و یەكێتی تاووتوێی پێشنیازێكی نوێ دەكەن

هەواڵ / کوردستان :: 17/02/2019‌ :: 3689‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان له‌باره‌ى داواكارى ڕێككه‌وتنى فه‌رمى له‌سه‌ر پرسی كه‌ركوك، چاوه‌ڕێى دانیشتنى ئه‌مڕۆى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى ده‌كات، ئه‌ندامێكى مه‌كته‌بى سیاسى ئه‌و حیزبه‌ش ڕایده‌گه‌یه‌نێت: له‌ حاڵه‌تى وه‌ڵامدانه‌وه‌یان مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتیى له‌هه‌ولێر له‌گه‌ڵ پارتى جارێكى دیكه‌ كۆده‌بێته‌وه‌.


وابڕیاره‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 17ى شوبات، مه‌كته‌بى سیاسى پارتى به‌ سه‌رۆكایه‌تى مه‌سعود بارزانى له‌باره‌ى داواكارییه‌كى یه‌كێتیى و ئه‌نجامى كۆبوونه‌وه‌كانى دوو ڕۆژى ڕابردوویان له‌گه‌ڵ یه‌كێتیى و گۆڕان كۆببنه‌وه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى دوێنێ شه‌و (16ى شوبات)ى ماڵى كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ له‌ نێوان پارتى و یه‌كێتیى، شاندى پارتى بۆ دانانى پارێزگارى كه‌ركوك، پێشنیازى نوێیان كردووه‌، به‌وه‌ى كه‌ له‌ماوه‌ى هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان تاوه‌كو واده‌ى پێكهێنانى حكومه‌ت و ده‌نگدان به‌ كابینه‌ى نوێ له‌ نێو په‌رله‌مان، ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك كۆببێته‌وه‌و پارێزگارێك بۆ كه‌ركوك دابنرێت، به‌ڵام یه‌كێتیى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان نوسراوێكى فه‌رمى له‌ نێوان خۆیان و پارتى واژۆ بكرێت بۆ دانانى پارێزگار.

دواڕۆژ زانیویه‌تى شانده‌كه‌ى پارتى وه‌ڵامیان بۆ یه‌كێتیى ئه‌وه‌بووه‌ كه‌  دواى گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ هه‌ولێر وه‌ڵامیان ده‌ده‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ردوولاش بگه‌نه‌ چاره‌سه‌رێكى مامناوه‌ند، هه‌ر ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 17ى شوبات، هه‌ردوو مه‌كته‌بى سیاسى پارتى و یه‌كێتیى له‌ هه‌ولێر كۆده‌بنه‌وه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌عدى پیره‌، ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتیى به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند: ئه‌و سه‌ردانه‌ى دوێنێ شه‌وى شاندى پارتى بۆ لاى یه‌كێتیى ده‌رگایه‌كى كردووه‌ته‌وه بۆ ده‌ربازبوون له‌و ناكۆییه‌ى له‌ نێوان هه‌ردوولا هه‌یه‌و چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن، دواى گفتووگۆكردن له‌گه‌ڵ مه‌كته‌بى سیاسى خۆیان وه‌ڵامێك وه‌ربگرێن.

وتیشى: "ئه‌گه‌ر ئه‌وان ئه‌مڕۆ وه‌ڵامى یه‌كێتیى بده‌نه‌وه‌، ئه‌وا مه‌كته‌بى سیاسى گفتووگۆى له‌سه‌رده‌كات و به‌شدارى دانیشتنى 18ى شوباتى په‌رله‌مان ده‌كه‌ین".

ڕۆژى هه‌ینى 15 شوبات، شاندى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌باره‌ى پرسى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ دواین كۆبوونه‌وى خۆى  له‌گه‌ڵ  یه‌كێتیى نیشتمانى كوردستان كۆبۆوه‌و به‌بێ ئه‌وه‌ى بگه‌نه‌ هیچ ڕێككه‌وتنێك.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure