سكرتێرى جڤاتى نیشتمانی: سێ پۆستی سیادیی ده‌درێت به‌ گۆڕان

هەواڵ / کوردستان :: 17/02/2019‌ :: 31857‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال

بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان سازش له‌ وه‌رگرتنى پۆستى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت ده‌كات له‌به‌رامبه‌ر پۆستى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم و وه‌زاره‌تێكى سیادیدا، سكرتێرى جڤاتى نیشتمانیش به‌ دواڕۆژى وت: "سێ پۆستى سیادى بۆ گۆڕان یه‌كلایى بووه‌ته‌وه‌".


شەوی رابردوو لە دوای کۆبوونەوەی وەفدی پارتی و بزوتنەوەی گۆڕان، خانه‌ى راپه‌ڕاندنى گۆڕان لە بارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان و رێککەوتنەکەیان له‌گه‌ڵ پارتی كۆبووه‌وه‌.

پێشتر كوێستان محه‌مه‌د، ئه‌ندامى جڤاتى گشتى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، به‌ دواڕۆژى راگه‌یاندبوو: كه‌ پۆستى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم به‌ مافى خۆیان ده‌زانن، وتیشى "پێویسته‌ تا دوا سات به‌رگرى له‌و مافه‌مان بكه‌ین".

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى دوێنێى نێوان پارتى و گۆڕان، بۆ ئه‌وه‌ى هاوسه‌نگى له‌ نێوان یه‌كێتى و گۆڕان رابگرێت، پارتى داواى له‌ گۆڕان كردووه‌ له‌ جیاتى پۆستى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت، پۆستى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم وه‌ربگرن، گۆڕانیش له‌به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنى پۆستى پۆستی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت، داوای وه‌زاره‌تێكى سیادى كردووه‌.

دواڕۆژ زانیویه‌تى كه‌ پارتى رازى بووه‌ سێ بۆ چوار وه‌زاره‌ت بدرێت به‌ گۆڕان، له‌ نێویشیاندا گۆڕان داواى كردووه‌ ته‌نها پۆستی وه‌زیریان پێنه‌درێت، به‌ڵكو وه‌زاره‌تیان پێبدرێت، واتا داواى پۆسته‌كانى ناو وه‌زاره‌ته‌كانیان به‌ گشتى كردووه‌، جگه‌ له‌وه‌ش داوایان كردووه‌ یه‌كێك له‌ وه‌زاره‌ته‌كانى (دارایى، پێشمه‌رگه‌)یان پێبدرێت، پارتیش به‌مه‌ رازى بووه‌.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پارتى به‌ زۆرینه‌ى داواكارییه‌كانى گۆڕان رازى بووه‌، به‌تایبه‌تى له‌ باره‌ى به‌رنامه‌ى حكومه‌ت و سیستمى سیاسى هه‌رێم كه‌ پێشتر گۆڕان پڕۆژه‌یه‌كى له‌سه‌ر ئه‌و دوو پرسه‌ پێشكه‌ش به‌ پارتى كردبوو.

له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا گۆڕان داواى چه‌ند پۆستێكى بچوكتر له‌ وه‌زاره‌ته‌كانى له‌ پارتى كردووه‌ كه‌ ئه‌وانیش چه‌ند ده‌سته‌ و راوێژكارێكن و پارتى به‌وه‌ش رازى بووه‌.

شه‌وی رابردوو (16ى شوباتى 2019)، ره‌ئوف عوسمان ئه‌ندامى خانه‌ى راپه‌ڕاندنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، به‌ دواڕۆژى وت "خانه‌ى راپه‌ڕاندن كۆبوونه‌ته‌وه‌و نازانین جڤاتى نیشتمانى كۆده‌بینه‌وه‌ یاخود نا و بڕیاری چی ده‌ده‌ن".

هاوكات جه‌مال محه‌مه‌د، سكرتێرى جڤاتى نیشتمانى گۆڕان، به‌ دواڕۆژى وت "سێ پۆستى سیادى بۆ گۆڕان یه‌كلایى بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ناتوانم پۆسته‌كان بڵێم".

به‌پێى زانیارییه‌كانی دواڕۆژ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى خانه‌ى راپه‌ڕاندن له‌گه‌ڵ عومه‌رى سه‌ید عه‌لى، رێكخه‌رى گشتى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، باس له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ پارتى و ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌گه‌ڵیان كردوویانه‌، له‌باره‌ى سیستمى سیاسى و كابینه‌ى داهاتووى هه‌رێم.

پاشنیوه‌ڕۆى دوێنێ شه‌ممه‌ 16ى شوبات، پارتى و گۆڕان له‌ مه‌كۆی سه‌ره‌كی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ گردى زه‌رگه‌ته‌ى سلێمانى كۆبوونه‌وه‌، له‌ دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ش رۆژ نورى شاوه‌یس به‌ میدیاكانى راگه‌یاند: گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن و هه‌ردوولایان به‌شدارى له‌ كۆبوونه‌وه‌ى 18ى شوباتى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌كه‌ن.

به‌گشتی له‌سه‌ر چوار خاڵ رێككه‌وتن:
1 - رێككه‌وتنی سیاسیی نێوان پارتی‌ و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان په‌سه‌ندكرا.
2- له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی 18ی 2ی په‌رله‌مانی كوردستاندا فراكسیۆنی پارتی‌و فراكسیۆنی گۆڕان به‌شدار ده‌بن.
3- له‌سه‌ر شێوازی پێكهێنانی حكومه‌ت گه‌یشتوونه‌ته‌ قۆناغی كۆتایی ‌و به‌ره‌وپێشچوونی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌.
4- پڕۆژه‌ی ڕێككه‌وتن ده‌برێته‌وه‌ بۆ سه‌ركردایه‌تی هه‌دوولا بۆ په‌سه‌ندكردنی.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure