وێنە.. ژمارەیەك شاخەوان خۆیان گەیاندە بەرزترین لوتكە چیای عێراق

هەواڵ / کوردستان :: 17/02/2019‌ :: 289‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حەمەد رابی 


ژمارەیەك شاخەوانی كورد لە گەشتێكی بیست و چوار كاتژمێریدا خۆیان گەیاندە چیای هەڵگورد كە بەرزترین لوتكە چیایە لە عێراق و هەرێمی كوردستان. 

 

زیرەك زرار، سەرۆكی گروپی شاخەوانی حەسارۆست لە قەزای سۆران، (ئەمڕۆ شەممە 16ی شوبات) بەدواڕۆژی راگەیاند: وەك گروپی شاخەوانی حەسارۆست لەگەڵ كۆمەڵێك شاخەوانی دیكە گەشتێكمان ئەنجامدا بۆ سەر لوتكە چیای هەڵگورد و خۆشبەختانە گەشتەكەمان بە سەلامەتی و بە سەركەوتویی كۆتایی پێهێنا. 

 

ئاماژەی بەوەشدا: گەشتەكەمان ماوەی بیست و چوار كاتژمێری خایاند و شەوێك لەسەر لوتكە چیای هەڵگورد ماینەوە. 

 

سەرۆكی ئەو گروپە شاخەوانییە باسی لەوەشكرد: كەشوهەوا لەسەر لوتكە چیاكە زۆر ساردبوو، بەڵام دیمەنەكانی بەفر و دیمەنە ئەفسوناوییەكانی دیكەی سروشت و جوانی لوتكە چیاكە، ساردی كەشوهەوای بیر بردبووینەوە و چێژێكی خۆشمان لە گەشتەكەمان بینی. 

 

لوتكە چیای هەڵگورد بەزرترین لوتكە چیایە لە عێراق و هەرێمی كوردستان، بەرزییەكەی 3607 مەترە لە ئاستی ڕووی دەریاوە. 

 

لوتكە چیاكە دەكەوێتە سنوری قەزای چۆمان لە دەڤەری باڵەكایەتی، لە سنوری ناحیەی سمیلانی دۆڵی ڕوست و گوندی ناوەندەی باڵەكایەتی، هاووڵاتیان دەتوانن خۆیان بگەیەننە سەر چیای هەڵگورد. 

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure