پارتى دواین وه‌ڵامی یه‌كێتى ده‌داته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 17/02/2019‌ :: 2904‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

وابڕیاره‌ پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 17ى شوبات، ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پارتى له‌ باره‌ى ده‌ره‌نجامى كۆبوونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ یه‌كێتیى و گۆڕان كۆببنه‌وه‌و پارتیش له‌دواى ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ دواین وه‌ڵام له‌باره‌ى داواكارییه‌كانى یه‌كێتى ده‌داته‌وه‌.


سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌سه‌ركردایه‌تى پارتى دیموكراتى كوردستان به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند: وابڕیاره‌ پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 17ى شوبات، مه‌كته‌بى سیاسى پارتى به‌ سه‌رۆكایه‌تى مه‌سعود بارزانى كۆببێته‌وه‌و ئامانجى سه‌ره‌كى كۆبوونه‌وه‌كه‌ش گفتووگۆكردنه‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامى دانوستاندنه‌كانى شاندى پارتى له‌گه‌ڵ گۆڕان و یه‌كێتى و په‌سه‌ندكردنى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى كه‌ له‌ نێوان پارتى و گۆڕان دوێنى شه‌و په‌سه‌ندكرا.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، ئاماژه‌شى به‌وه‌كرد:  كۆبوونه‌وه‌كه‌ى پارتی تایبه‌ت ده‌بێت به‌ دواین بڕیارى پارتى له‌باره‌ى دانیشتنى 18ى شوباتى په‌رله‌مان و چونیه‌تى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه‌ى هاتووەته‌ پێش، به‌ تایبه‌ت ڕێكنه‌كه‌وتى پارتى و یه‌كێتیى.

وتیشى: "هه‌ر له‌و كۆبوونه‌ویه‌دا پارتى به‌فه‌رمى وه‌ڵامى داوكارییه‌كه‌ى یه‌كێتى له‌باره‌ى پارێزگارى كه‌ركوك ده‌داته‌وه‌، ئه‌گه‌ریشى هه‌یه‌ بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتن و هه‌مان ڕۆژ له‌گه‌ڵ مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتیى كۆببنه‌وه‌".

دوێنێ شه‌ممه‌ 16ى شوبات، شاندى پارتى دیموكراتى كوردستان به‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌ى 18ى شوباتى په‌رله‌مان، له‌باره‌ى پرسى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ دواین كۆبوونه‌وى خۆى  له‌گه‌ڵ  هه‌ریه‌ك له‌ یه‌كێتیى نیشتمانى كوردستان و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ئه‌نجامدا، سه‌ره‌نجام له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان گه‌یشتنه‌ ڕێككه‌وتنێكى سیاسى و ده‌ره‌نجامى كۆبوونه‌وه‌كانیشیان له‌گه‌ڵ یه‌كێتیى هه‌روه‌ك خۆى مایه‌وه‌.

پێداچوونەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure