پارتی: كۆبوونه‌وه‌كه‌ی 18ی مانگی په‌رله‌مان ئەنجامدەدرێت

هەواڵ / کوردستان :: 16/02/2019‌ :: 6990‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، كۆبوونەوەی رۆژی 18ی شوبات ئەنجام دەدرێت و تیایدا جێگرانی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان هەڵدەبژێردرێن.


سەرچاوەیەكی تایبەت لە پارتی دیموكراتی كوردستان (ئەمشەو 16ی شوباتی 2019) بەدواڕۆژی وت: "دوای یەكلایبوونەوەی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ بەشداربوون لە كۆبوونەوەی رۆژی دووشەممە 18ی شوباتی پەرلەمانی كوردستان، كۆبوونەوەكە بێ بەشداربوونی یەكێتیش ئەنجامدەدرێت".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ی پارتی باسی له‌وه‌شكرد: كه‌ پارتی له‌ هه‌وڵدایه‌ یه‌كێتی رازی بكات به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بكه‌ن و ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ تاوه‌كوو 48 كاتژمێری تر بگه‌نه‌ رێككه‌وتن و یه‌كێتیش به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بكات و ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێت.

سەبارەت بەچۆنیەتی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانیش، ئه‌و سەرچاوەكە بۆ دواڕۆژ وتی: "لەڕۆژی كۆبوونەوەكەدا لەناو هۆڵی پەرلەمان داوای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستەكانی دەستەی سەرۆكایەتی دەكرێت، دیارە سەرۆكی پەرلەمان كه‌ پشكی یه‌كێتیه‌و كەس نییە خۆی كاندید بكات، بەڵام بۆ جێگرانی یەكەم و دووەم كاندید دەبێت و هەڵدەبژێردرێن و كارەكان بەڕێوەدەبەن، تا ئەو كاتەی لەگەڵ یەكێتیش رێككەوتن دەكرێت و سەرۆكی پەرلەمان دیاریدەكرێت".

ئەمشەو لەدوای كۆبوونەوەی شاندی دانوستانكاری پارتی و گۆڕان لەشاری سلێمانی، هەردوولایان پەسەندكردنی رێككەوتننامەی سیاسی نێوانیان راگەیاند، گۆڕانیش بڕیاریدا بەشداری كۆبوونەوەی رۆژی دووشەممە بكات.

له‌دواى كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، وه‌فده‌كه‌ی پارتی به‌ مه‌به‌ستی كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ وه‌فدی یه‌كێتی، سه‌ردانی ماڵی كۆسره‌ت ره‌سوڵ جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتی-یان كرد، به‌ڵام به‌ بێ ئه‌نجام گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure