یه‌كێتی په‌یامێك ئاڕاسته‌ی پارتی ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 16/02/2019‌ :: 26287‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال

دواى كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، هه‌ر ئه‌مشه‌و وه‌فده‌كه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی یه‌كێتی  له‌ماڵی كۆسره‌ت ره‌سوڵ كۆده‌بینه‌وه‌، سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی دەڵێت: "ئه‌گه‌ر پارتی له‌گه‌ڵماندا نه‌گاته‌ ئه‌نجام، ئه‌وا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌كه‌ی په‌رله‌مان ناكه‌ین".


رۆژ نوری شاوه‌یس ئه‌ندامی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند: ئه‌مشه‌و له‌ماڵ كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی یه‌كێتی كۆده‌بینه‌وه‌و تاوتوێی چه‌ند پرسێك ده‌كه‌ن.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی تایبەت به‌ دواڕۆژی وت: "پارتی ده‌یه‌وێت یه‌كێتی به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی 18ی ئه‌م مانگه‌ی په‌رله‌مان بكات، به‌ڵام ئێمه‌ به‌ ڕوونی له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی ئه‌مڕۆماندا ئه‌وه‌مان خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ ده‌بێت رێككه‌وتنی سیاسی یه‌ك پاكێجیی له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی له‌باره‌ى هه‌رێم و كه‌ركوك و به‌غدا بكرێت".

ئەو سەرچاوەیە بۆ دواڕۆژ وتیشی: "ئه‌گه‌ر پارتی له‌گه‌ڵماندا نه‌گاته‌ ئه‌نجام و رێككه‌وتنی سیاسی نه‌كرێت له‌نێوانمان له‌باره‌ی ئه‌و سێ پرسه‌ له‌ پێش 18ی مانگ، ئه‌وا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌كه‌ی په‌رله‌مان ناكه‌ین".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ باسی له‌وه‌شكرد: پابه‌ندین به‌و رێككه‌وتنه‌ سیاسییه‌ی له‌ 5ی شوبات له‌گه‌ڵ پارتی ئه‌نجاممانداوه‌ كه‌ خۆی له‌ سێ بڕگه‌ ده‌بینێته‌وه‌، له‌باره‌ى پرسی پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم و به‌رنامه‌ی چوار ساڵی ئایینده‌و كۆبوونه‌وه‌ی 18ی مانگی په‌رله‌مان، دووه‌م ئاساییكردنه‌وه‌ دۆخی كه‌ركوك و دانانی پارێزگارێك له‌ پشكی یه‌كێتی، سێیه‌م پرسی به‌غدا.

رونیشی كرده‌وه‌: ئه‌گه‌ر تا كۆتایی 17ی مانگ و پێش كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان، پارتی ئه‌و رێككه‌وتنه‌مان له‌گه‌ڵدا ئیمزا نه‌كات، ئه‌وا كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ بێ یه‌كێتی به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

داڕشتنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure