بۆچوونی یەکگرتوو و کۆمەڵ لەبارەی بەشداری لە کۆبوونەوەی پەرلەمان

هەواڵ / کوردستان :: 17/02/2019‌ :: 261‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان تائێستا یەكلایی نەبوونەتەوە كە ئایا بەشداری كۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی پەرلەمانی كوردستان بكەن یان نا، بەڵام یەكگرتووی ئیسلامی بەشدار دەبن.

عەبدولستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان (ئەمڕۆ 16ی شوباتی 2019) بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەسڵ وایە بەشداری كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بكەن، بەڵام بۆ بەشداریكردن یان نەكردن، تائێستا یەكلایی نەبوونەتەوە و چاوەڕێی دوو كۆبوونەوەن، یەكێكیان فراكسیۆنەكەیان كە ئەمڕۆ دەكرێت و سبەینێش مەكتەبی سیاسی حیزبەكەیان، دواتر هەڵوێستی فەرمی رادەگەیەنن.

شێركۆ جەودەت، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (ئەمڕۆ 16ی شوبات) بەدواڕۆژی راگەیاند: بەشداریكردنیان لەكۆبوونەوەی پەرلەمان پەیوەندی بەبەشداریكردن یان نەكردنی حیزب و فراكسیۆنی دیكەوە نییە، چونكە لای ئەوان كارابوونی پەرلەمان وەكو مەرجەعی یاسایی و سیاسی كوردستان گرنگە.

ناوبراو روونیكردەوە: بەڵام دەنگ بە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان نادەن و وتی: "ئێمە باوەڕِمان وایە ئەوە بەشێكە لە پاكێجی دەسەڵاتدارێتی لە هەرێمی كوردستان، چۆن لە خولی رابردوودا بە هێز رێگری لە سەرۆكایەتی پەرلەمان كرا و چۆن پێشێلكاری پەیڕەوییان پێكردن لەلایەن حیزبەوە لەدەرەوەی پەرلەمانەوە، بۆیە ئێمە ئەوەمان قبوڵ نییە و بەبەشێك لەیەك پاكێجی دەسەڵاتدارێتی هەریمی كوردستانی دەزانین بۆیە ئەو شێوازەمان لەكاركردن و حوكمداری بەلاوە پەسەند نییە".

كۆمەڵی ئیسلامی خاوەنی 7 كورسی و یەكگرتووش خاوەنی 5 كورسین لە پەرلەمانی كوردستان، ئەوەش لەكاتێكدایە ئەمڕۆ سەركردایەتی یەكێتی لەكۆبوونەوەیان بڕیاریاندا هەتا رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی واژوو نەكەن، بەشداری كۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی پەرلەمانی كوردستان ناكەن. 

 

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure