جۆره‌ ده‌رمانێك قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 14/02/2019‌ :: 5252‌ جار بینراوە
سلێمانى

دواڕۆژ، زریان محەمەد
کۆمەڵەى هەنگەوانانى کوردستان داوا دەکەن رێگرى بکرێت لە هاوردەکردنى لە هەموو ئەو دەرمانە قڕکەرانەى کە زیان بە سامانى هەنگ دەگەیەنێت، سەرۆکى لیژنەى بەدواداچونى نوسینگە و کۆمپانیا کشتوکاڵییەکان لە لیژنەهاوبەشەکانى قایمقامیەتى سلێمانى-یش ده‌ڵێت :"لەهەرشوێنێک مادەى قڕکەرى زیان بەخش هەبێت دەستى بەسەردادەگرین".

لە نوسراوێکدا کە ئاراستەى قایمقامیەتى سلێمان-یان کردووە کۆمەڵەى هەنگەوانانى کوردستان داوا دەکەن "رێگرێى تەواو بکرێت لە فرۆشتنى هەموو جۆرەکانى مادەى قڕکەرى زیانبەخش لە نێو بازاڕەکانى شارى سلێمانى، بەتایبەت ئەو مادانەى کە دەبنە هۆكارى زیانگەیاندن بە سامانى هەنگ و کاریگەرى خراپیان لەسەر بەرهەمى هەنگ دەبێت".

ئاوات محەمەد، قایمقامى قەزاى مەڵبەندى سلێمانى بە دواڕۆژی راگەیاند :"لە کۆبوونەوەماندا لەگەڵ کۆمەڵەی ھەنگەوانان  گفتووگۆ لەسەر ئەو بابەتەکراو دڵنیایماندا کە لەرێگەى لیژنەى بەدواداچونى نوسینگە و کۆمپانیا کشتوکاڵیەکانی سەر بە لیژنە هاوبەشەکانى قایمقامیەتى سلێمانى رێگرى تەواو لە هەموو ئەو دەرمان و مادە زیان بەخشانە کراوە کە زیان بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەگەیەنێت".

هاوكات بێستوون عەلى، سەرۆکى لیژنەى بەدواداچونى نوسینگە و کۆمپانیا کشتوکاڵییەکان لە لیژنەهاوبەشەکانى قایمقامیەتى سلێمانى بە دواڕۆژی راگەیاند :" لەماوەى دوو ساڵى دەستبەکاربوونى لیژنەکەماندا رێگرى تەواومان لە هەموو ئەو دەرمانە قڕکەرە زیان بەخشانە كردووە کە زیان بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و تەندروستى هاوڵاتیانیش دەگەیەنێت".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو "هەنگەوانانى کوردستان دڵنیادەکەینەوە لەهەرشوێنێک مادەى قڕکەرى زیان بەخش هەبێت دەستى بەسەردادەگرین و رێگە بەهیچ مادەیەکى زیان بەخش نادەن لە بازاڕەکاندا بفرۆشرێت کە زیان بە سامانى هەنگ و بەگشتى بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەگەیەنێت".

سەرۆکى لیژنەى بەدواداچونى نوسینگە و کۆمپانیا کشتوکاڵییەکان لە لیژنەهاوبەشەکانى قایمقامیەتى سلێمانى ئاماژەی بەوەشكرد :"هەموو بازگەکانه‌كانمان ئاگادارکردوونەتەوە رێگرى تەواو لە هاوردەکردنى ئەو مادە زیان بەخشانە بکەن، بەهۆى بەدواداچونەکانمانەوە لە شارى سلێمانى تا رادەیەکى زۆر رێگرى لە فرۆشتنى هەموو جۆرەکانى دەرمانى قڕکەرى زیان بەخشکراوە و لە بەرنامەماندایە لە شاروشارۆچکەکانى سەر بە پارێزگاى سلێمانیش هەڵمەتى رێگرى کردن لەو مادانە دەستپێبکەین".

پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure