ئازادكردنى نرخى گۆڕینه‌وه‌ى دراو (float currency)

هەواڵ / ئابوری :: 15/02/2019‌ :: 315‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
 
ئازادكردنى دراو، بریتییه‌ له‌‌وه‌ى كه‌ نرخى گۆڕینه‌وه‌ى دراوى نیشتمانى بۆ دراوى بیانى ئازاد بكرێت و حكومه‌ت و بانكه‌ ناوه‌ندییه‌كان، هیچ ده‌ستوه‌ردانێك بۆ دیاریكردنى نرخه‌كه‌ى نه‌كه‌ن.

میكانیزمه‌كانى خواست و خستنه‌ڕووى دراو، تاكه هۆكاربێت كه‌ به‌هاى دراوى نشتیمانى به‌رامبه‌ر دراوى بیانى دیاریى بكات.

ئازادكردنى دراوه‌ به‌ دوو شێواز ده‌بێت:-

ئازادكردنى ته‌واو: دیاریكردنى نرخى دراو به‌ ته‌واوى جێده‌هێڵرێت بۆ میكانیزمه‌كانى خوست و خستنه‌ڕوو، ده‌وڵه‌ت به‌شێوه‌ى راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ ده‌ستوه‌رناداته‌ بازاڕه‌كانى ئاڵۆگۆڕى دراو.

ئازادكردنى ئاڕاسته‌كراو: دیاریكردنى نرخى گۆڕینه‌وه‌ جێده‌هێڵرێت بۆ میكانیزمه‌كانى خواست و خستنه‌ڕووى دراو، به‌ڵام ده‌وڵه‌ت له‌ڕێگه‌ى (بانكى ناوه‌ندى) له‌كاتى پێویست رووه‌و ئاڕاسته‌یه‌كى دیاریكراو له‌ڕێگه‌ى خواست یان خستنه‌ڕووى دراوى بیانى نرخه‌كان دیاریى ده‌كات. 

لایه‌نگرانى ئازادكردنى گۆڕینه‌وه‌ى دراو

ئه‌وانه‌ى سه‌ربه‌ قوتابخانه‌ی ره‌خنه‌ى ئابورییناس (میڵتۆن فریدمان)ن پێیانوایه‌ ئازادكردنى نرخى گۆڕینه‌وه‌ى دراو له‌ رووى (گه‌شه‌سه‌ندن، قه‌باره‌ى بازرگانى، هه‌ڵاوسان و نرخى سووه‌كان) كاردانه‌وه‌ى باشى له‌سه‌ر ئابورى وڵاتان ده‌بێت، كه‌ دواتر هاوسه‌نگى له‌نێوان په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانی و مامه‌ڵه‌ بازرگانیه‌كان دروستده‌بێت.

ئه‌وانه‌ى كه‌ سه‌ر به‌ قوتابخانه‌ى كلاسیكى نوێن له‌ ئابورییدا، پێیانوایه‌ ئازادكردنى هه‌موو نرخه‌كان (نرخى كاڵا و شمه‌ك و خزمه‌تگوزارییه‌كان، نرخى سووه‌كان، كرێى كار، نرخى گۆڕینه‌وه‌ى دراوى بیانى) و رێگه‌چۆڵكردن بۆ بازاڕ، بێده‌ستوه‌ردان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ت بۆ دیاریكردنى نرخه‌كان، هه‌میشه‌ جۆرێك له‌ هاوسه‌نگیى دروست ده‌كات.

ئه‌م بۆچوونه‌یان له‌ باوه‌ڕى (كوێرانه‌یانه‌) به‌وه‌ى كه‌ بازاڕ تواناى رێكخستنەوەى خۆیى هەیە، له‌كاتێكدا ئه‌زموون سه‌لماندویه‌تى كه‌ بازاڕه‌كان به‌ بێ چاودێرى و كۆنترۆڵكردن كاره‌سات ده‌خوڵقێنێت (قه‌یرانى ره‌هنى خانووبه‌رە له‌ ئه‌مریكا باشترین نموونه‌یه‌).

بۆ پاساوى ئه‌و بۆچوونه‌یان ده‌ڵێن: كورتهێنانى بازرگانى ده‌بێته‌هۆى زۆربوونى خواست له‌ دراوى بیانى و به‌هاى دراوى نیشتمانى به‌رامبه‌ر دراوى بیانى داده‌به‌زێت، دواتریش تواناى كێبڕكێى وڵات به‌رزده‌بێته‌وه‌، به‌وه‌ش ئاستى هه‌نارده‌ زیاتر ده‌بێت و هاورده‌ كه‌م ده‌بێته‌وه‌، ته‌رازووى بازرگانى راست ده‌بێته‌وه‌، به‌هه‌مان لۆژیكیش پێچه‌وانه‌ ده‌بێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر زیاده‌ى بازرگانى هه‌بێت.

لایه‌نگرانى ئازادكردنى نرخى گۆڕینه‌وه‌، له‌ ساڵانى حه‌فتاكانى سه‌ده‌ى رابردوودا، دواى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى رێككه‌وتننامه‌ى (بریتون وودز) كه‌ رێكخراوى نه‌ختینه‌ى نێوده‌وڵه‌تى دایڕشت، خۆشخاڵ بوون كه‌ هه‌ندێك وڵاتانى زلهێزى ئابورى، په‌یڕه‌وى نرخى گۆڕینه‌وه‌ى دراویان ئازاد كرد، به‌شێوازى نه‌رم. 

ئا: سیروان محه‌مه‌د



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure