ئەمڕۆ گۆڕان کۆتا کۆبونەوە لەگەڵ پارتی دەکات

هەواڵ / کوردستان :: 14/02/2019‌ :: 631‌ جار بینراوە
لۆگۆی پارتی و گۆڕان

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

وابڕیاره‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى شاندى دانوستانكارى پارتى و گۆڕان گفتوگۆ بكرێت له‌سه‌ر پشكى بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌ كابینه‌ى داهاتووى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.

بڕیاره‌ (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 14ی شوباتی 2019) له‌ پیرمام هه‌ردوو شاندى باڵاى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و پارتى دیموكراتى كوردستان له‌باره‌ى پرسى پشكى لایه‌نى یه‌كه‌میان له‌ كابینه‌ى نوێ و كۆبوونه‌وه‌ى 18ى شوباتى په‌رله‌مانى كوردستان كۆببنه‌وه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، گۆڕان له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆیدا چاوه‌ڕێى وه‌ڵامى پارتییه‌ له‌ باره‌ى پشكى بزوتنه‌وه‌كه‌ و كارنامه‌ى حكومه‌ت كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى رابردووى هه‌ردوولا گفتوگۆى له‌سه‌ر كرابوو.

دواڕۆژ له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌ شاندى دانوستانكارى ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ زانیویه‌تى، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گۆڕان پێداگرى له‌سه‌ر پۆستى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت و وه‌زاره‌تێكى سیادى و دوو وه‌زاره‌تى خزمه‌تگوزارى و ژماره‌یه‌ك راوێژكار و به‌ڕێوەبه‌رى گشتیى ده‌كاته‌وه‌، له‌ ئه‌گه‌رى رازیبوون و رازینه‌بوونى پارتى له‌سه‌ر داواكارییه‌كانى گۆڕان، له‌سه‌ره‌تاى هه‌فته‌ى داهاتوو جڤاتى نیشتمانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان پرسى به‌شداریكردنى گۆڕان له‌ حكومه‌ت یه‌كلاییده‌كاته‌وه‌.

هێمن شێخانی، ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: هەموو ئەگەرێک بە ئەگەرى ئۆپۆزسیۆن بونیش لەبەردەم بزوتنەوەى گۆڕان کراوەیە، بەڵام دوابڕیار لە کۆبوونەوەى جڤانى نیشتمانى دەدرێت و دوابڕیار لاى ئەوانە کە بەشدارى لە حکومەت بکەن، یاخود ببنە ئۆپۆزسیۆن.

ئاماژه‌شى به‌وه‌كرد: ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ی ئه‌مڕۆ به‌ بوون و نه‌بوون دواین كۆبوونه‌وه‌ی نێوان هه‌ردوولا ده‌بێت سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی حكومه‌ت و گۆڕان پێداگيری ده‌كات له‌سه‌ر وه‌رگرتنی وه‌زاره‌ته‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان و پۆستێكی سیادی له‌ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ پاڵپشتی بۆ ئه‌و وه‌زاره‌ت و داموده‌زگایانه‌ی كه‌ گۆڕان وه‌ریده‌گرێت. 

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: پارتی پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی خستۆته‌به‌ر ده‌ستی گۆڕان، به‌ڵام گۆڕان تائێستا ئه‌و پۆسته‌ی ره‌تكردۆته‌وه،‌ چونكه‌ پێیانوایه‌ ئه‌م پۆسته‌ نابێته‌ به‌دیلی ئه‌و ئیستیحقاقانه‌ی كه‌ گۆڕان له‌ناو حكومه‌ت داوایكردوون‌. 

ئاشكراشیكرد: گۆڕان تاوه‌كو ئێستا به‌ته‌واویی یه‌كلایی نه‌بۆته‌وه‌ به‌شداری حكومه‌ت ده‌كات یان نا، به‌ڵام ئه‌و داواكارییانه‌ی كه‌ گۆڕان داوایكردوون،‌ گه‌ر پێینه‌درێت، گۆڕان ناچێته‌ ناو حكومه‌ت. 

دواى زیاتر لە چوار مانگ لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، تاوه‌كو ئێستا کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێم پێكنه‌هاتووه‌ و له‌ماوه‌ى چه‌ند مانگى رابردووش هێز و لایەنە سیاسییەکان چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌یان له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجامداوه‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن.

پ: چ. ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure