مادۆرۆ: گوایدۆ دەستوری پێشێلکردووە و دادگایی دەکرێت

هەواڵ / جیهان :: 14/02/2019‌ :: 239‌ جار بینراوە
نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا رایگەیاند: دادگا دەستیکردووە بە جوڵە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی دژی خوان گوایدۆ، سەرۆکی ئۆپۆزسۆنی ڤەنزوێلا.

وتیشی: "هۆکاری جوڵەی دادگا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە گوایدۆ دەستوری پێشێلکردوە و دەبێت بچێتە بەردەم دادگا و یاسا".

مادۆرۆ بە کەناڵی (مەیادین)ی لوبنانی راگەیاندوە: هەوڵیداوە گوایدۆ بەشدارنەبێت لە بەشکردنی وڵاتدا و رێنەدات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەستوەربداتە دۆخی ڤەنزوێلا.

مادۆرۆ هۆشداریشیدا بە ئەمریکا کە دەستوەرنەداتە کاروباری وڵاته‌كه‌ى و ئەگەر کاری وابکات ئەوا دەبێتە ڤێتنامی نوێ بۆی.

لە 23ی کانونی دووەمی 2019وە دۆخی ڤەنزوێلا تێکچووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی خوان گوایدۆ، سەرۆکی پەرلەمانی ڤەنزوێلا و سەرکردەی ئۆپۆزسیۆن رایگەیاند کە مافی خۆیەتی ببێتە سەرۆکی کاتی وڵات تا ئەوکاتەی هەڵبژاردنێکی نوێ لە وڵاتەکەدا بەڕێوەدەچێت.

هەر زوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دانینا بە گوایدۆ وەک سەرۆکی راگوزەری ڤەنزوێلا و بەدواشیدا کەنەدا و چەند وڵاتێکی ئەمریکای لاتینی و ئەوروپاش چوونە پاڵ ئەمریکا.

لە هەمان کاتدا هەریەکە لە روسیا، تورکیا، مەکسیک و پۆلیڤیا دانیان نا بە شەرعییەتی سەرۆکی ئێستای ڤەنزوێلادا کە 10ی هەمان مانگ سوێندی یاسایی خوارد و بۆ ماوەی 6 ساڵی دیکە بووەوە بە سەرۆکی ئەو وڵاتە.

وەک کاردانەوەیەکیش مادۆرۆ رایگەیاند کە پەیوەندییە دیلۆماسییەکانی لەگەڵ ئەمریکا پچڕاندوە و تۆمەتباریکرد بە هەوڵدان بۆ کودەتا لەدژی سەرۆکی ڤەنزوێلا و 72 کاتژمێریدا بە دیپلۆماتکارە ئەمریکییەکان بۆ بەجێهێشتنی وڵاته‌كه‌ى.

لەلایەکی دیکەوە ئیلیوت ئینگیل، سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند: کۆنگرێس پشتیوانی ئۆپراسیۆنی سەربازی ئەمریکی لە ڤەنزوێلا ناکات.

وتیشی: "نیگەرانین لە وتەکان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە ئاماژەی بە ئۆپراسیۆنی سەربازی کردوە لە ڤەنزوێلا".

ئا: چ. ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure