لیژنەیەكی گرنگی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی نوێنەری یەكێتی تێدا نییە

هەواڵ / کوردستان :: 14/02/2019‌ :: 244‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانی

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دوای دوو هەفتە پڕكرایەوە، بەڵام نوێنەرانی یەكێتی لەكشانەوەی خۆیان لەو لیژنەیە بەردەوامن.


رۆژی 22ی كانوونی دووەمی 2019، لەكۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لیژنە هەمیشەییەكان بۆ 11 لیژنە كەمكرانەوە، بەڵام بەهۆی كشانەوەی سێ نوێنەری یەكێتی لەو لیژنەیە (ئەكرەم شەریف، رێكەوت زەكی، دیمەن محەمەد)، نەتوانرا لەكۆبوونەوەكەدا لیژنەكە هەڵبژێردرێت و تەنیا سێ ئەندام مایەوە كە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆش دەبێت ئەندامانی لیژنەكان لە ژمارەی تاك پێكبێت و لە سێ ئەندامیش زیاتر بن.

ئەوكات رێكەوت زەكی، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاندبوو: هۆكاری راگرتنی ئەندامێتیان لەو لیژنەیە پەیوەندی بە پێكهاتەی نوێی لیژنەكەوە هەیە، سەبارەت بەوەی دەوترا تێبینی ئەوان لەسەر كەریم عەلی، سەرۆكی نوێی لیژنەكەیە كە پسپۆری لەو بوارەدا نییە، رێكەوت زەكی وتبووی: "بەڵێ راستە تا ئەو كێشەیەش چارەسەر نەكرێت ناڕۆینەوە ئەو لیژنەیە".

دوای نزیكەی دوو هەفتە كێشەی ئەو لیژنەیە چارەسەركراوە، كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەكە لەپشكی گۆڕانیش بەدواڕۆژی راگەیاند: لیژنەكەمان بووەتە پێنج ئەندام هەریەك لە (محەمەد شێخ وەهاب و ئامانج نەجیب) بوونەتە ئەندام، بەڵام ئێستا هیچ نوێنەرێكی یەكێتی لەلیژنەكەدا نییە.

دواڕۆژ هەوڵیدا رای نوێنەرانی یەكێتی بۆ كشانەوەیان لەو لیژنەیە وەربگرێت، بەڵام ئامادەنەبوون لێدوان بدەن، ئەوەش لە كاتێكدایە لیژنەی پیشەسازی یەكێكە لە لیژنە گرنگەكانی ئەنجومەن، فراكسیۆنی یەكێتیش دووەم گەورەترین فراكسیۆنە كە 11 كورسیان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هەیە. 

پ: ن. ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure