وه‌زاره‌تى دارایى بڕیارێكى نوێی لەبارەی هەڵەبجەوە دەرکرد

هەواڵ / کوردستان :: 14/02/2019‌ :: 1634‌ جار بینراوە
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كى نوێ له‌ پارێزگاكه‌ ده‌كرێته‌وه‌

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید

جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاشكرایكرد: وه‌زاره‌تى دارایى و ئابورى حكومه‌تى هه‌رێم فه‌رمانى كردنه‌وه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گومرگى هه‌ڵه‌بجه‌ى ده‌ركرد و به‌پێى فه‌رمانه‌كه‌ش چه‌ند بنكه‌یه‌كى گومرگى ناوچه‌كه‌ ده‌به‌سترێنه‌وه‌ به‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییەوە.


كاوه‌ عه‌لى، جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ (ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 14ى شوباتی 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: وه‌زاره‌تى دارایى و ئابورى حكومه‌تى هه‌رێم به‌ فه‌رمانێك كردنه‌وه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گومرگى هه‌ڵه‌بجه‌ى پێڕاگه‌یاندین.

وتیشی: "به‌گوێره‌ى فه‌رمانه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابورى، بنكه‌ گومرگییه‌كانی (ته‌وێڵه‌، عه‌نه‌ب، خورماڵ و پشته‌) ده‌به‌سترێنه‌وه‌ به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گومرگرى هه‌ڵه‌بجه‌وه‌، كه‌ پێشتر سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گومرگى سلێمانى و گه‌رمیان بوون".   

جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: بۆ ئه‌وه‌ى فه‌رمانه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى دارایى بخه‌یه‌نه‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌ دوێنێ له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى گومرگى هه‌رێم و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گومرگى سلێمانى به‌ شێوه‌ى مه‌یدانى سه‌ردانى بنكه‌ گومرگییه‌كانمان كرد.

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure