پاره‌ى دڕاو زۆر بووه‌
داوای گه‌ڕانه‌وه‌ى پارەی ئاسن دەکرێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 14/02/2019‌ :: 597‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد

جگه‌ له‌ كه‌مبوونه‌وه‌ى پارەی وردە لەبازاڕدا كه‌ كێشەی بۆ ھاووڵاتیان و کاسبکاران دروستکردوە و كۆنى و دڕاوى پاره‌كانیش خه‌ڵكى نیگەران كردوه‌، داواى دروستكردنى پاره‌ى ئاسن ده‌كه‌ن، ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نیش چه‌ند پێشنیارێك ده‌خاته‌ڕوو.

بەھمەن ئەحمەد، کاسبکار لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بەدواڕۆژی وت: "لەئێستادا پارەی وردە لەبازاڕدا ئەگەر تێکەڵاو بێت، واتا وردەی تازە و کۆن ھەزار دیناری ھەر 100$ بە 117 هەزار دینارە، بەڵام ئەگەر 100 $ بە 250 دیناری بگۆڕیتەوە ئەوا 115 ھەزار دینار دەکات".

وتیشی: "ئەو 250 دیناریەی کە پێشتر مامەڵەی پێوەدەکرا و بە گران دەفرۆشرا، ئێستا قەدەغەکراوە و نابێت مامەڵەی پێوەبکرێت و بەگران بفرۆشرێت".

لە بازاڕ و دوکان و ھۆکارەکانی ھاتوچۆ و مامه‌ڵه‌كانى كڕین و فرۆشتندا، کێشە بۆ ھاووڵاتیان دروستبووە، لەکاتی پێدانه‌وه‌ى باقیاتى مامه‌ڵه‌كان، وردە کە بەشێکی زۆری 1000 دیناری و 250 دیناری و 500 دیناری دڕاون و مامەڵەکردنیان قورس بووە.

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كێشه‌یه‌ داوادەکات پارەی ئاسن دروستبکرێت یان به‌گه‌ڕبخرێته‌وه‌، تا ئەو کێشەیە نەمێنێت.

ڕێبوار ئەحمەد بازیانی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە دواڕۆژی راگەیاند "به‌هۆى کەمی پارەی وردە لەبازاڕكاندا كه‌ گرفتێكى گه‌وره‌یه‌، داوایەکم ئاڕاستەی ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى ئەنجومەنی پارێزگا کردووە، کە ھەوڵ بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیه‌ بدرێت کە وردە لەبازاڕدا کەمبۆتەوە و کێشەی بۆ ھاووڵاتیان و کاسبکاران درووستکردووە".

وتيشى: "ئه‌گه‌ر ئه‌و  پاره‌ كۆنانه‌ش لە بانکەکان نەگۆڕدرێتەوە، زیانێکی دارایی زۆر بە ھەرێم دەكه‌وێت، به‌وپێه‌ى ئه‌گەربێت ھەر ھاووڵاتیەک ھەزار دینار لەدەستبدات ئەوا ٦ ملیار دینار لەناودەچێت و زیانێکی دارایی گەورە بەر دارایی گشتی دەکەوێت".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگا سلێمانی چەند داواکارییەک رادەگەیەنێت و دەڵێت داوامان کردووە کە "ئەو رێنماییە بخرێتەکار کە لە بانکەکاندا دراوی کۆن بگۆڕدرێتەوە بە دراونوێ بەبێ ھیچ خستنەسەرێکی پارەی زیادە، رێگە بە مەمەڵەی بازرگانی نەدرێت بەشێوەیه‌ نرخی دراوی نوێ لەنرخی دراوی کۆن زیاتر بێت، دەرکردنی دراوی ئاسن بەشێکی زۆری گرفتەکان چارەسەردەکات، هه‌روه‌ها لە رووی چۆنایه‌تیه‌وه‌ کوالێتی دراوی کاغەز بەرزبکرێتەوە تا توانای بەرگەگرتن و مانەوەی زیاتر بێت".

شۆفێرانی تاکسی و پاس و دوكانداره‌كانیش، نیگەرانن له‌ كه‌مبوونه‌وه‌ى پارەی وردە، كه‌ به‌شێك له‌ پاره‌ ورده‌كان زۆر كۆن و دڕاون و لەکاتی پێدانەوەی باقی لەبازاڕدا کێشە لەنێوان كڕیاڕ و فرۆشیار دروستدەكات.

ھێمن عومەر، خاوەنی تاکسی لەشاری سلێمانی بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "رۆژانە له‌ مەمەڵەکردنمان لەگەڵ سه‌رنشینان كه‌ دەیانگەیەنین بۆ  جێگای مه‌به‌ست، زۆرجار وردەی ھەزار دیناری یان ٢٥٠ دیناریمان پێدەدەن، کە هه‌ندێكیان زۆر دڕاون، كه‌ دواتر دەیدەینەوە بە سه‌رنشینان لێمانوەرناگرن و دەبێتە کێشە بۆمان".

دواڕۆژ بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندی کرد بە عبدولڕەحمان رەشید بەڕێوەبەری بانکی ھەرێم تاھۆکاری کەمی پارەی وردە بخاتەڕوو، بەڵام وەڵامی پەیوەندیەکانی نەدایەوە. 

پ: س.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure