"قوماشی هندی پڕفرۆشترینە"
نه‌ورۆز بازاڕى جلى كوردى گه‌رم ده‌كات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 13/02/2019‌ :: 1800‌ جار بینراوە
نرخى دوورینى له‌ نێوان 20 بۆ 60 هه‌زار دیناره‌

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال

جه‌لال شه‌ریف ته‌مه‌نى 74 چوار ساڵ، ماوه‌ى 44 ساڵه‌ دوكانى قوماش فرۆشتنى جلى كوردى پیاوانى له‌ بازاڕى زێوه‌رى شارى سلێمانى هه‌یه‌، ئه‌و باس له‌وه‌ده‌كات: "له‌پێش ساڵى (2014) و قه‌یرانى دارایى، بازاڕى جلى كوردى قه‌ره‌باڵغ بوو، به‌ڵام ئێستا خه‌ڵك پاره‌شى پێیه‌ و قه‌ناعه‌تى به‌ رزقه‌كه‌ نییه‌".


به‌وته‌ی جه‌لال شه‌ریفی قوماش فرۆش: "ئه‌مساڵ بازاڕى جلى كوردى باشتره‌ له‌چاو چوار ساڵى رابردوو، خه‌ڵكیش زیاتر شێوازه‌كانى جلى كوردى (كراسى، نێچیرى، چۆغه‌، مرادخانى) ده‌دورن، زۆرتریش گه‌نجان و پیاوان شێوازى كراسى ده‌دورن، جۆرى قوماشه‌كانیش (هیندى، سینى، ئێران)ین".

جه‌لال شه‌ریف، باسى له‌وه‌شكرد كه‌ جلى كوردى حازرى بازاڕى دوكانى قوماشه‌كانى زۆر شكاندووه‌، ده‌ڵێت: "قوماش هه‌یه‌ له‌ 45%ى خورییه‌، به‌ڵام ئه‌و كه‌سانه‌ى به‌ حازرى ده‌یفرۆشن به‌ قوماشێكى نایلۆنى ته‌واو دروستى ده‌كات و به‌ پاره‌یه‌كى كه‌م هه‌ڕه‌مه‌كى ده‌یفرۆشن". 

دیار ئه‌بوبه‌كر، ته‌مه‌ن 33 ساڵه‌ و كاسبكار، ئه‌و له‌ یه‌كێك له‌ دوكانه‌كانى بازاڕى زێوه‌رى سلێمانى سه‌رقاڵى كڕینى قوماشى جلى كوردى بوو، وتى: "به‌پێى دۆخى دارایم ساڵانه‌ یان ده‌ستێك یاخود دوو ده‌ست جلى كوردى ده‌كڕم".

ئه‌و گه‌نجه‌ ده‌ڵێت: "ئیمانم به‌ جلى كوردى حازرى نییه‌، مه‌گه‌ر بۆ ئیش بیكڕم، ساڵانه‌ش زیاتر ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌ نه‌ورۆز قوماش بۆ جلى كوردى به‌ دورین ده‌ده‌م، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ نه‌ورۆز له‌ به‌رى بكه‌م، به‌ڵام له‌كاتى تریش جلى كوردى له‌به‌رده‌كه‌م".

دیار زۆرتر جلى كوردى به‌ شێوازى كراسى ده‌دورێت، وه‌ك خۆشى ده‌ڵێت: "جلى كوردى شێوازى نێچیریى و مه‌سعودى و چۆغه‌شم هه‌یه‌".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى ئایا شێوازى دورینى جلى كوردى په‌یوه‌ندى به‌ خۆشه‌ویستیان بۆ ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ هه‌یه‌، یاخود به‌هۆى جوانى شێوازى دورینه‌كه‌وه‌یه‌، دیار وتى "په‌یوه‌ندى به‌ كه‌سایه‌تیه‌كانه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو حه‌زم له‌و شێوه‌ دورینه‌یه‌، چونكه‌ جوان ده‌وه‌ستێت له‌به‌ردا".

ئه‌و گه‌نجه‌ ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو كه‌ پێشتر جگه‌ له‌ بۆنه‌كان، خه‌ڵك له‌ رووى نه‌هاتووه‌ جلى كوردى له‌به‌ر بكات، ده‌ڵێت "جگه‌ له‌ بۆنه‌كان خۆم كه‌ خوێندكار بووم له‌ رووم نه‌ده‌هات له‌به‌رى بكه‌م، به‌ڵام ئێستا هه‌موو كاتێك له‌به‌رى ده‌كه‌م".

جیاواز له‌ چوار ساڵی رابردووی دۆخی هه‌رێم، ئێستا كه‌ ده‌چیته‌ هه‌ر دوكانێكی فرۆشتنی قوماشه‌وه‌ كڕیارێك یان دووانی تێدایه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی بازاڕی داره‌سوتاوه‌كه‌ی سلێمانی کە جلی دووراو و ئامادەی تێدا دەفرۆشرێت، بە بەردەوامیی کڕیاری تێدایە.

زانا مه‌حمود، دوكاندارێكى دیكه‌ى فرۆشتنى قوماشى جلى كوردى پیاوانه‌ له‌ بازاڕى زێوه‌ر، بۆ دواڕۆژ باس لەوەدەکات: چه‌ند رۆژێكه‌ بازاڕى فرۆشتنى قوماش باشه‌، به‌ڵام ساڵ به‌ ساڵ ده‌ڵێین خۆزگه‌مان به‌پار، له‌ پێش (2014) ساڵانه‌ بایى نزیكه‌ى شه‌ش ده‌فته‌ر قوماشمان ده‌فرۆشت، ئێستا وانییه‌.

وتیشى: "خه‌ڵك به‌ گشتى له‌كاتى نزیكبوونه‌وه‌ له‌ نه‌ورۆز قوماشى جلى كوردى ده‌كڕێت، ساڵان له‌ مانگى 12 به‌رگدروو قوماشى وه‌رنه‌ده‌گرت، به‌ڵام ئێستا رۆژێك پێش نه‌ورۆز خه‌ڵك بێت بۆى ده‌ده‌م به‌ دورین و ته‌واویش ده‌بێت، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندى به‌ كه‌مبازاڕى و بێ پاره‌یى خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌یه‌".

زانا باسى له‌وه‌شكرد: ساڵانه‌ قوماشى جیاواز و نه‌خشى تازه‌ ده‌هێنین، قوماشه‌كانیش (هیندى، سینى)ین و ئێمه‌ له‌ دوبه‌ى ده‌یهێنین، به‌ڵام قوماشى سینى بازاڕى زیاتره‌ و باشتره‌ و مه‌ترى له‌ یه‌ك دۆلاره‌وه‌ هه‌یه‌ تا 12 دۆلار".

بە وتەی ئەو دوکاندارە: "كه‌سێكى ئاسایى پێویستى به‌ سێ مه‌تر و نیو قوماش هه‌یه‌ و بۆ قاتێك له‌ 20 هه‌زارییه‌وه‌ تا 70 هه‌زاریمان هه‌یه‌، به‌رگدروش به‌پێى شێوازه‌كه‌ى بۆى ده‌دورێت و نرخه‌كانیان جیاوازى هه‌یه‌".

كارزان محه‌مه‌د (ته‌مه‌ن 33 ساڵ) ماوه‌ى 19 ساڵه‌ دوكانى قوماشى جلى كوردى ژنانى هه‌یه‌ له‌ بازاڕى زێوه‌ر و له‌ باوك و باپیرییه‌وه‌ ئه‌م كاره‌ى بۆ ماوه‌ته‌وه‌، بۆ دواڕۆژ وتى: "بازاڕى ئه‌مساڵ زۆر لاوازه‌ و هه‌موو كڕیاره‌كانیشمان قوماشى هه‌رزانیان ده‌وێت، ساڵانى رابردوو كه‌وا و كراسێك به‌ 70 هه‌زار بوو، ئێستا به‌ 50 هه‌زار دیناره‌".

رۆژانه‌ كچان و ژنان سه‌ردانمان ده‌كه‌ن، زیاتر سه‌یرى قوماشه‌كان ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت خۆیان یه‌كلایى بكه‌نه‌وه‌ تا قوماشێكى جوان و جیاواز بكڕن، زانا دەڵێت "ساڵانى پێش (2014) به‌رگدروو به‌رنه‌ده‌كه‌وت، به‌ڵام ئێستا جیاوازە".

كارزان، باسى له‌وه‌شكرد: "ئه‌مساڵ بازاڕمان خراپتره‌ له‌ ساڵانى رابردوو، چونكه‌ ساڵان تا ئه‌مكاته‌ 50 ده‌ستم فرۆشتبوو".

قوماش فرۆشەکان باس لەوەدەکەن ئەو قوماشانەی دەفرۆشرێن (هیندى، سینى، تایوانى، كۆرى)ین، زانا ده‌ڵێت: "85%ى قوماشه‌كانمان هیندین به‌هۆى ئه‌وه‌ى جوانتر و چاكتره‌ و بازاڕى به‌هێزه‌ و دیزاین و ره‌نگیشى جوانه‌".

كارزان محه‌مه‌د، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "ژنان زیاتر له‌ بۆنه‌كاندا جلى كوردى ده‌كڕن، قوماشه‌كانیشمان بێ دوورین كه‌وا و كراسێك له‌ 25 هه‌زاره‌وه‌ تا 300 هه‌زار دینارییمان هه‌یه‌، به‌ڵام زیاتر له‌ نێوان 50 بۆ 70 هه‌زار دینارى پێده‌ده‌ن، هه‌ندێ كه‌سیش هه‌یه‌ حه‌زده‌كه‌ن شتێكى تایبه‌ت و جیاواز بكڕن".

ئه‌و پێیوایه‌ بازاڕى جلى ژنان خۆشتر و زیاتر، به‌ڵام لاى وایه‌ كه‌ مامه‌ڵه‌ى پیاوان خۆشتره‌ وه‌ك له‌ ژنان، ده‌ڵێت: "ژنان چه‌ند رۆژێك له‌ زۆرینه‌ى دوكانه‌كان چه‌ندجارێك ده‌گه‌ڕێن و سه‌یرى قوماشه‌كان ده‌كه‌ن تا ده‌ستێك ده‌كڕن، به‌ڵام پیاو وانیه‌ و له‌ دوكانێك به‌ چه‌ند ده‌قه‌یه‌ك خۆى یه‌كلایى ده‌كاته‌وه‌".

بازاڕى زێوه‌ر كه‌ زۆرتر به‌ قوماشى جلى كوردى ژنان و پیاوان ناسراوه‌ و له‌ 360 دوكان پێكهاتووه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ بازاڕه‌ كۆنه‌كانى سلێمانى و ده‌كه‌وێته‌سه‌ر رێڕه‌وى شه‌قامى مه‌وله‌وى.

ناز سابر، خانمێكى تەمەن 30 ساڵ کە پیشەی فه‌رمانبه‌ره‌، له‌ بازاڕى زێوه‌ر سه‌رقاڵى كڕینى قوماش بوو بۆ جلى كوردى، به‌ دواڕۆژى وت: "له‌ بۆنه‌كاندا جلى كوردى له‌به‌رده‌كه‌م و ساڵى یه‌ك ده‌ست ده‌كڕم، ئه‌ویش له‌ نزیك نه‌ورۆز".

وتیشى: "سێ رۆژى جیاواز دێمه‌ بازاڕ و هه‌موو دوكانه‌كان ده‌گه‌ڕێم، دواتر به‌پێى مۆدێلى ساڵ بڕیارده‌ده‌م چ جۆره‌ قوماشێك بكڕم، به‌ڵام حه‌زم له‌ شتێكى غه‌ریبه‌، ئه‌گه‌ر شتێكى جوان بێت به‌لامه‌وه‌ گرنگ نییه‌ قوماشه‌كه‌ كوێیى بێت".

لە پێش راپەڕین و تا چەند ساڵێک دواتریش، جلی کوردی باوترین جل بووە کە زۆرینە لەبەریان کردووە، بەڵام لە ئێستادا جلی کوردی تەنی لە بۆنەکان و وەرزی بەهاردا لەبەر دەکرێت.

كاشان به‌ختیار کە خوێندكارى زانكۆیه‌، له‌ دوكانێك سه‌رقاڵى كڕینى قوماشى جلى كوردى بوو، باسی لەوەکرد: زۆرتر له‌ نزیك نه‌ورۆزدا جلى كوردى ده‌كڕم و زۆر قه‌له‌ق نابم و به‌ رۆژێك ده‌یكڕم، چونكه‌ بۆ شتى مۆدێل ناگه‌ڕێم، زیاتر خۆم حه‌زم له‌ چى بێت ئه‌وه‌ ده‌كڕم.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى ئه‌گه‌ر له‌كاتى بۆنه‌كانیش نه‌بێت به‌لایه‌وه‌ ئاساییه‌ جلى كوردى له‌به‌ر بكات، كاشان وتى "مه‌رج نیه‌ له‌به‌ركردنى جلى كوردى ته‌نیا بۆ بۆنه‌مان بێت، ره‌نگه‌ بۆ چونه‌ ده‌ره‌وه‌یه‌كى شه‌وانه‌ یاخود بۆ لایڤ موزیكێك جوانه‌ جلى كوردى له‌به‌ر بكه‌ى، من خۆم له‌به‌ری ده‌كه‌م و زۆر لام ئاساییه‌".

بازرگانێکی فرۆشتنى قوماشى جلى كوردى ژنان باس لەوەدەکات: له‌ وه‌رزى نزیكبوونه‌وه‌ له‌ نه‌ورۆز بازاڕى فرۆشتنى جلى كوردى به‌هێزه‌، به‌بۆنه‌ى ئه‌وه‌ى باس له‌ سێ مووچه‌ و هه‌ندێ شت ده‌كرێت، ئه‌مساڵ بازاڕ زۆر باشتره‌ له‌چاو چوار ساڵى رابردوو.

خالیدى بازرگان ته‌مه‌نى 40 ساڵ کە دوكانى فرۆشتنى قوماشى جلى كوردى ژنانى هه‌یه‌، دەڵێت "ئه‌مساڵ زۆرترین داواكارى له‌سه‌ر قوماشى پوله‌كه‌یه‌ له‌لایه‌ن گه‌نجانه‌وه‌، ژنانى به‌ته‌مه‌نیش زیاتر سورمه‌ ده‌كه‌ن، قوماشه‌كانیشمان (سینى، هیندى)ین، بەڵام قوماشى هیندى زۆترین فرۆشى هه‌یه‌، چونكه‌ ره‌نگاوڕه‌نگى زۆرى تێدایه‌ و جوانتره‌ و زۆتر خواستى خه‌ڵكى له‌سه‌ره‌".

كاروان عه‌بدوڵا ته‌مه‌نى 35 ساڵه‌ و دوكانى به‌رگدرووى جلى پیاوانى هه‌یه‌ له‌ بازاڕى شاره‌وانى شارى سلێمانى و ماوه‌ى 16 ساڵه‌ ئه‌و كاره‌ ده‌كات، بۆ دواڕۆژ وتى "ئه‌مساڵ زیاتر پیاوان جلى كوردى به‌شێوازى قه‌ره‌باڵغتر ده‌دورن، بۆ نمونه‌ (مرادخانى)، به‌ڵام به‌ گشتى شێوازه‌كانى (كراسى، بانه‌یى، مه‌سعودى، مرادخانى) ده‌دورین، له‌ ساڵانى پێش (2014) له‌ به‌روارى 1ى شوباته‌وه‌ قوماشمان وه‌رنه‌ده‌گرت بۆ دورین، به‌ڵام ئێستا تا چه‌ند رۆژێك پێش نه‌ورۆز قوماش وه‌رده‌گرین و ماوه‌ى 10 بۆ 20 رۆژ به‌ كه‌سه‌كان ده‌ڵێین بۆ ئه‌وه‌ى بۆیان بدورین".

كاروان ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا "نرخى دوورینى جلى كوردى له‌ نێوان 20 بۆ 60 هه‌زار دیناره‌".

به‌رگدرووه‌كان شه‌وان گرفتى نه‌بوونى كاره‌بان هه‌یه‌، كاروان ده‌ڵێت "كاتژمێر 6:00ى شه‌و كاره‌با ده‌كوژێته‌وه‌ و تا 10:00ى شه‌و نایه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش گرفت بۆ كاره‌كه‌ى ئێمه‌ دروست ده‌كات له‌م چه‌ند رۆژه‌دا".

رونیشیكرده‌وه‌ "شێوازى جلى كوردى له‌ ئێستادا گۆڕانكارى به‌سه‌ردا هاتووه‌ كچان و ژنانى گه‌نج  داوا ده‌كه‌ن جله‌كه‌یان به‌شێوازى ته‌سك بۆ بدورین، جگه‌ له‌وه‌ش هێله‌ك و كه‌واش گۆڕانكارى به‌سه‌رداهاتووه‌، بۆ نمونه‌ كه‌واى ئێستا درێژتره‌ و تا سه‌ر كه‌مه‌ره‌، به‌ڵام له‌ رابردوو دا كورت بوو، ئه‌مساڵیش مۆدى قوماشى پوله‌كه‌یه‌".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure