عێراق پارێزگارى لە يه‌ده‌گى زێڕى خۆى ده‌كات

هەواڵ / ئابوری :: 13/02/2019‌ :: 305‌ جار بینراوە
عێراق پله‌ى پێنجه‌مى له‌سه‌ر ئاستى وڵاتانى عه‌ره‌بى هه‌یه‌

دواڕۆژ

ئه‌نجومه‌نى زێڕى جیهانى رایده‌گه‌یه‌نێت: عێراق له‌ مانگى شوباتدا پارێزگارى له‌ پێگه‌ى خۆى كردووه‌ له‌ یه‌ده‌گى زێڕ، هه‌روه‌ك ئه‌مریكا پله‌ى یه‌كه‌مى له‌سه‌ر ئاستى جیهان به‌ده‌ستهێناوه‌ و دورگه‌ى سلێمان-یش كۆتا پله‌ى ریزبه‌ندى وڵاتانه‌.


به‌پێى ئامارێك كه‌ ئه‌نجومه‌نى زێڕى جیهانى له‌ پێگه‌ى تایبه‌تى خۆى بڵاویكردوه‌ته‌وه‌: "عێراق پارێزگارى له‌ پله‌ى 37 هه‌مینى خۆى كردووه‌ له‌ بوونى یه‌ده‌گى زێڕ له‌ مانگى شوباتدا له‌ كۆى 100 وڵاتى جیهان كه‌ له‌ ریزبه‌نده‌كه‌دا دانراون".

لە ئاماره‌كه‌دا هاتووە: عێراق پله‌ى پێنجه‌مى له‌سه‌ر ئاستى وڵاتانى عه‌ره‌بى هه‌یه‌، له‌دواى هه‌ریه‌ك له‌ (سعودیه‌، لوبنان، جه‌زائیر و لیبیا).

ئه‌نجومه‌نى زێڕى جیهانى ئاشكراشیكردووه‌: عێراق خاوه‌نى یه‌ده‌گێكه‌ ده‌گاته‌ 96.3 ته‌ن، كه‌ ده‌كاته‌ 6.7% باقى دراوه‌كانى تر، هه‌روه‌ك له‌ ئه‌یلولى ساڵى 2018-ه‌وه‌ بڕى 6.5 ته‌ن زێڕى كڕیووه‌.

ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌: یه‌ده‌گى زێڕى وڵاتانى جیهان، مانگى شوبات گه‌یشتووەته‌ 33 هه‌زار و 869 ته‌ن، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا، پله‌ى یه‌كه‌مى به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌سه‌ر ئاستى جیهان كه‌ خاوه‌نى 8.133.5 ته‌ن زێڕه‌، هه‌روه‌ها دورگه‌ى سلێمان پله‌ى كۆتایى هه‌یه‌ كه‌ ته‌نها 0.7 ته‌ن یەدەگی زێڕی هەیە.

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure