دزێك ده‌ستگیركرا كه‌ پێشتر به‌ لێبوردنى گشتى ئازادكراوه‌

هەواڵ / کوردستان :: 4 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 96‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 

له‌لایه‌ن هێزه‌كانى ئاسایشه‌وه‌ تۆمه‌تبارێك به‌ تۆمه‌تى دزینى سێ ره‌شه‌وڵاخ ده‌ستگیركراوه‌، له‌ كاتى لێكۆڵینه‌وه‌ دانى به‌ چه‌ند تاوانێكى دیكه‌ى دزيكردندا ناوه‌ و  پێشتریش هه‌ر بەهۆی تاوانى دزیكردنەوە به‌ شه‌ش ساڵ زیندانى حوكمدراوه‌، به‌ڵام به‌ لێبوردنى گشتى ئازادبووه‌. 

عوسمان عه‌بدولكه‌ریم، به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنى ئاسایشى گه‌رمیان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: لەلایەن هێزه‌كانى ئاسایشه‌وه‌ له‌ بازگه‌ى تونێلی دەربەندیخانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان توانرا تۆمەتبارێك بەناوی "ئـ، ج، ا" لەدایکبووی 1995ەو دانیشتووی گوندی قولە سوتاوی سەر بە قەزای کەلار دەستگیربکرێت کە لە سنوری شاری سلێمانی هەستابوو بە دزینی سێ ڕەشە وڵاخ.

وتیشى: "لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە کە تۆمەتباری ناوبراو پێشینەی دزیکردنی هەیە و پێشتر بە هۆی دزیکردنەوە ماوەی شەش ساڵ سزای زیندانی دراوە و بەر لێبوردنی گشتی کەوتووە و ئازادکراوە، هەر لە کاتی لێکۆڵینەوەشدا دانی بەوەشدا ناوە کە دوای ئازادکردنیشی دوو تاوانی دزیکردنی دیکەی ئەنجامداوە".

عوسمان عه‌بدولكه‌ریم، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: یەکێك لە ڕەشەوڵاخەکان گەڕێنراوەتەوە بۆ خاوەنەکەی و دووانەکەی دیکە چاوەڕوان دەکرێت پاش دڵنیابوون لە خاوەنەکانیان  رادەستیان بکرێتەوە و تۆمه‌تباره‌كه‌ش بەپێی هەردوو ماددەی 444 و 443 له‌ یاساى سزادان راگیراوە و لێکۆڵینەوەش لەو بارەیەوە بەردەوامە.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure