داعش مۆته‌كه‌ى شه‌وانى خانه‌قینه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 12/02/2019‌ :: 686‌ جار بینراوە

تاگ :: داعش

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 


شه‌وى رابردوو (دووشه‌ممه‌ 11ى شوباتی 2019)  چوار چه‌كداری داعش له‌ خانه‌قین هێرشیانکرده‌سه‌ر باره‌گایه‌كی حه‌شدی شه‌عبی و له‌ ئاكامی شه‌ڕوپێكدادان یه‌كێك له‌ چه‌كداره‌كان كوژرا و چه‌كدارێكی حه‌شدی شه‌عبیش برینداربووه‌، دووباره‌بوونه‌وه‌ى ئه‌و رووداوانه‌ مه‌ترسی خستووه‌ته‌ نێو هاووڵاتیانى دانیشتوى ئه‌و ناوچه‌یه‌ى هاوسنورى باشورى خۆرهه‌ڵاتى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ به‌شێكیان ناوچه‌كانیان چۆڵكردوه‌.


دیار شه‌وكه‌وت، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی خانه‌قین به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: دره‌نگانی شه‌وی رابردوو، چوار چه‌كداری داعش له‌ نزیك گه‌ڕه‌كی مه‌ڵكشای خانه‌قین هێرشیانكرده‌سه‌ر باره‌گای  لقى خانه‌قینى ده‌سته‌ى حه‌شدی شه‌عبی و شه‌ڕ و پێكدادان له‌ نێوانیاندا ڕوویدا.

وتیشی: "له‌لایه‌ن چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌ یه‌كێك له‌ چه‌كداره‌كانی داعش كوژراوه‌ و ته‌رمه‌كه‌شی كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ستیان و سێ چه‌كداره‌كه‌ی دیكه‌ش هه‌ڵاتوون، له‌به‌رامبه‌ریشدا چه‌كدارێكی حه‌شدی شه‌عبی برینداربووه‌".

تاوه‌كو ئێستا ناسنامه‌ی كوژراوه‌كه‌ نادیاره‌ و نه‌ناسراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام برینداره‌كه‌ی حه‌شدی شه‌عبی كورده‌ و ناوی عه‌باس میرزا عه‌لی-یه‌و دانیشتووی گه‌ڕه‌كی بانمیلی شاری خانه‌قینه‌ و له‌ نه‌خۆشخانه‌ی شاره‌كه‌ چاره‌سه‌ری بۆ ده‌كرێت. 

له‌ ماوه‌ی دوو ڕۆژی رابردوودا چه‌كدارانی داعش دوو هێرشیان له‌ خانه‌قین ئه‌نجامداوه‌ و نزكبوونه‌وه‌ی ئه‌و چه‌كدارانه‌ و ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌كانیان له‌ ناو قه‌زاكه‌ بووه‌ته‌ هۆی ترس و نیگه‌رانی هاووڵاتیان.

محه‌مه‌د عومه‌ر كه‌ هاووڵاتییه‌كی دانیشتووی خانه‌قینه‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: "پێشتر چه‌كدارانی داعش له‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ گونده‌كان كرده‌وه‌ی تیرۆریستیان ئه‌نجامده‌دا، به‌ڵام له‌ ئێستادا نزیكبوونه‌ته‌وه‌ و له‌ دوو شه‌وی رابردوودا توانیان بگه‌نه‌سه‌ر باره‌گای پۆلیسی پاسه‌وانی له‌ نزیك به‌شه‌ ناوخۆییه‌كانی كۆلێژی ئادابی خانه‌قین و هه‌روه‌ها باره‌گای حه‌شدی شه‌عبی له‌ نێوان گه‌ڕه‌كه‌كانی مه‌ڵكشای و ئیمام عه‌باس". 

وتیشی: "نزیكبونه‌وه‌ی چه‌كداره‌كان بووه‌ته‌ هۆی ترس و نیگه‌رانی زۆری هاووڵاتیان، به‌جۆرێك به‌هۆی بارودۆخی ئه‌منییه‌وه‌ تادێت خه‌ڵك ناوچه‌كه‌ به‌ جێده‌هێڵێت، چونكه‌ هیچ متمانه‌یه‌كیان به‌و هێزانه‌ نییه‌ كه‌ ئێستا خانه‌قین به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن و چه‌كدارانی داعش به‌رده‌وامن له‌ كرده‌وه‌كانیان". 

له‌پاش راگه‌یاندنى سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا له‌لایه‌ن حكومه‌تى عێراقه‌وه‌، پاشماوه‌كانى ئه‌و گروپه‌ له‌ ده‌وروبه‌رى خانه‌قینى سه‌ربه‌ پارێزگاى دیاله‌ به‌شێوه‌یه‌كى په‌رته‌وازه‌ن و جاربه‌جار هێرشی غافڵگیرانه‌ ئه‌نجامده‌ده‌ن. 

زاهید تاهیر، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای دیاله‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: چه‌ندینجار خراپی بارودۆخی ئه‌منی خانه‌قین-یان به‌ ئه‌نجوومه‌نى پارێزگا و سه‌روی ئه‌نجوومه‌نیش گه‌یاندووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری ئه‌و ڕه‌وشه‌ بكرێت كه‌ ئێستا به‌هۆی كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كانه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی خانه‌قین بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هیچ هه‌نگاوێك له‌و باره‌یه‌وه‌ نه‌نراوه‌. 

وتیشی: "چه‌ندینجار داوایان كردوه‌ پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێنرێنه‌وه‌ سنووره‌كانی پێشوویان بۆ ئه‌وه‌ی به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌ گه‌ڵ هێزه‌ عێراقییه‌كان ناوچه‌كه‌ بپارێزن به‌ تایبه‌تی كه‌ پێشتر ناوچه‌كه‌ به‌ ده‌ست هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌وه‌ بوو له‌ باشترین ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان بوو، به‌ڵام ئێستا له‌ ئاستی ناوچه‌ زۆر خراپه‌كانه‌ له‌ ڕووی ئه‌منییه‌وه‌".

 

زاهید تاهیر باسیشی له‌وه‌كرد: كه‌ به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه‌وه‌ خه‌ڵكێكی زۆر سنووری خانه‌قین-یان جێهێشتووه‌ و روویان له‌ شاره‌كانی كوردستان كردوه‌ و ناشتوانرێت ڕێگری بكرێت له‌وه‌ی هاووڵاتیان ناوچه‌كه‌ جێنه‌هێڵن، چونكه‌ بارودۆخ باش نییه‌ و كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كان به‌رده‌وامیان هه‌یه‌ و تاوه‌كو ئێستاش نه‌توانراوه‌ چاره‌سه‌ری گونجاو بۆ ئه‌و كێشه‌یه‌ بدۆزرێته‌وه‌. 


بوونى ئه‌و بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌ له‌ سنورى خانه‌قین ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ى لێده‌كرێت مه‌ترسیش بێت بۆ سنورى باشورى خۆرهه‌ڵاتى ئیداره‌ى هه‌رێمى كوردستان.

 

جه‌لیل فایه‌ق، فه‌رمانده‌ له‌ لیوای سێی پێشمه‌رگه‌ له‌ نزیك خانه‌قین به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: چه‌كدارانی حه‌شد و هێزه‌ ئه‌منییه‌ عێراقییه‌كان نه‌یانتوانیوه‌ ناوچه‌كه‌ كۆنتڕۆڵ بكه‌ن به‌ تایبه‌تی له‌ شه‌واندا ئه‌و هێزانه‌ ته‌نها باره‌گاكانی خۆیان ده‌پارێزن و هیچ جوڵه‌ و ده‌رچوونێكیان نابێت بۆ هیچ ناوچه‌یه‌ك و ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ چه‌كدارانی داعش له‌ شه‌واندا كرده‌وه‌كانیان ئه‌نجامبده‌ن.  

وتیشی: "ئه‌و بۆشاییه‌ی له‌ نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقییه‌كاندا هه‌یه‌ هۆكارێكی دیكه‌یه‌ بۆ جموجۆڵی داعش به‌ تایبه‌تی كه‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان ته‌نها له‌ناو باره‌گاكانیان ده‌مێننه‌وه‌ و ئه‌ركی پاراستنی سنووره‌كان له‌ ئه‌ستۆ ناگرن و له‌ كاتی كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كانیشدا هیچ جوڵه‌یه‌ك ناكه‌ن تاوه‌كو ڕۆژ ده‌بێته‌وه‌". 

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: پێشتر له‌ سنووری گونده‌كانی شێرك و قولای و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی نێوان خانه‌قین و جه‌له‌ولا داعش په‌لامار و هێرشی جۆراوجۆری ئه‌نجامداوه‌ بۆ سه‌ر هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و كارگه‌ و ماڵ و موڵكی هاووڵاتیان و گوندنشینان، به‌ڵام ئه‌و هێزانه‌ هیچ جوڵه‌یه‌كیان نه‌كردووه‌. 

 

پێداچوونه‌وه‌: هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure