یەکێتی و پارتی بۆ پەسەندکردنی رەشنووسی رێککەوتنی نێوانیان کۆدەبنەوە

هەواڵ / کوردستان :: 12/02/2019‌ :: 460‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال


ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى ئاشكراى ده‌كات كه‌ ره‌شنووسى نێوانیان له‌گه‌ڵ پارتى بۆ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن كۆتایى هاتووه‌ و ئه‌م هه‌فته‌یه‌ كۆده‌بنه‌وه‌ بۆ په‌سه‌ندكردنى، ده‌شڵێت: "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و ره‌شنووسه‌ باسى دابه‌شكردنى پۆسته‌كانى تێدانیه‌".

ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان كه‌ نه‌یویست ناوى ئاشكرا بكرێت، به‌ دواڕۆژى وت: "ره‌شنووسى یه‌كێتى و پارتى بۆ رێككه‌وتن ته‌واوبووه‌ و خۆى له‌ 16 خاڵ ده‌بینێته‌وه‌".

وتیشى: "سێ به‌شى ره‌شنووسه‌كه‌ هیچ گرفتێكى نیه‌ و هه‌ردوولا له‌سه‌رى كۆكین، به‌ڵام به‌شێكى له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ تێبینى هه‌یه‌ له‌سه‌رى، له‌م دوو رۆژه‌دا پارتى و یه‌كێتى كۆده‌بنه‌وه‌ و تاوتوێى هه‌موو ره‌شنووسه‌كه‌ ده‌كه‌ن و ئه‌گه‌ر گه‌یشتنه‌ ئه‌نجامى كۆتایى په‌سه‌ندى ده‌كه‌ن".

ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ى یه‌كێتى، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: "ره‌شنووسه‌كه‌ له‌باره‌ى شێوه‌ى به‌ڕێوه‌بردنى هه‌رێم و سیاسه‌تى داهاتووى چوار ساڵى حكومه‌ت و رێكخستنى سامان و شێوازى رێكخستنه‌وه‌ى به‌شێك له‌ وه‌زاره‌ت و ده‌زگاكانە، هه‌روه‌ها پرسى كه‌ركوك و به‌غدا و سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم، ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ریى و نه‌وت و دارایییه‌".

باسى له‌وه‌شكرد: "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ره‌شنووسه‌كه‌ باسى دابه‌شكردنى پۆسته‌كانى تێدا نیه‌، دواى ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر ئه‌و ره‌شنووسه‌ رێككه‌وتین، جارێكى دیكه‌ له‌ باره‌ى دابه‌شكردنى پۆسته‌كان كۆده‌بینه‌وه‌ و بڕیاریان له‌باره‌وه‌ ده‌ده‌ین".

سه‌رچاوه‌كه‌، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "له‌دواى په‌سه‌ندكردنى ره‌شنووسه‌كه‌ و واژۆكردنى رێككه‌وتنه‌كه‌، هه‌ردولا به‌جیا سه‌ره‌تاى هه‌فته‌ى داهاتوو رێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌به‌ینه‌ سه‌ركردایه‌تى خۆمان و بڕیارى بۆ وه‌رده‌گرین".

پێداچوونه‌وه‌:هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure