گەشتوگوزار: لە دوو مانگی رابردوودا 600 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێم

هەواڵ / ئابوری :: 5 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 149‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

وتەبێژی دەستەی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت: هیچ ساڵێك له‌ وه‌رزی زستان هاتنی رێژه‌ی گه‌شتیار وه‌ك ئه‌مساڵ به‌رزنه‌بووه‌، ده‌شڵێت: "له‌ ماوه‌ی دوو مانگی رابردوو هه‌موو رۆژێك 10 هه‌زار گه‌شتیار روویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌". 

نادر روستی، وته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: به‌پێی ئه‌و پلانه‌ی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار له‌ ساڵی رابردوو له‌گه‌ڵ كۆمپانیا گه‌شتیارییه‌كانی هه‌رێم و عێراق دایڕشتووه‌ هاتنی گه‌شتیار له‌ شاره‌كانی خواروو و ناوه‌ڕاستی عێراق و وڵاتانی عه‌ره‌بی بۆ هه‌رێم به‌رده‌وام له‌ زیادبووندایە. 

وتیشی: "هیچ وه‌رزێكی زستان له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ هاتنی زۆری رێژه‌ی گه‌شتیار وه‌ك ئه‌مساڵ نه‌بووه‌ و له‌ ماوه‌ی دوو مانگی رابردوو به‌رده‌وام رۆژانه‌ نزیكه‌ی 10 هه‌زار گه‌شتیار هاتووەته‌ پارێزگاكانی هه‌رێم و سه‌ردانی شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانیان كردووه‌ و له‌ كاتی بارینی به‌فریش سه‌ردانی گه‌شتیاران زیاتر بۆ ناو به‌فر بووه‌". 

به‌پێی لێدوانی وته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری ئه‌گه‌ر رۆژانه‌ 10 هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كردبێت، ئه‌وا له‌ ماوه‌ی ئه‌و دوو مانگه‌ 600 هه‌زار گه‌شتیار هاتوونه‌ته‌ هه‌رێم، ئه‌وه‌ش ده‌ریده‌خات كه‌ ئه‌مساڵ رێژه‌ی هاتنی گه‌شتیار به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رزبووەته‌وه‌.

پێش چه‌ند رۆژێكیش ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار ئاشكرایكرد به‌هۆی پشووی نیوه‌ی ساڵ له‌ قوتابخانه‌كانی عێراق 26 هه‌زار گه‌شتیار هاتوونه‌ته‌ هه‌رێم. 

پ: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure