سبه‌ی پارتی و كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ هه‌ولێر كۆده‌بنه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 11/02/2019‌ :: 260‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی

بڕیارە سبەی (سێشه‌ممه‌ 12ی شوباتی 2019)، شاندی پارتی دیموكراتى كوردستان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان له‌ هه‌ولێر كۆببنه‌وه‌ و ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵێش هه‌واڵه‌كه‌ پشتڕاستده‌كاته‌وه‌. 

بیلال سلێمان، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: سبه‌ی له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ شاندی پارتی كۆده‌بینه‌وه‌.

به‌ڵام ئاماده‌نه‌بوو هیچ زانیارییه‌كى تر له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بكات.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی نێو كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی شاندی پارتی و كۆمه‌ڵ باس له‌ بارودۆخی سیاسی و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و یه‌کڕیزی لایه‌نه‌ كوردییه‌كان ده‌كرێت. 
  
هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كان هه‌ردوولا هه‌وڵه‌كانی نزیكبوونه‌وه‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌تی هه‌رێم تاوتوێده‌كه‌ن و له‌لایه‌ن شاندی پارتییه‌وه‌ روونكردنه‌وه‌ له‌باره‌ی چۆنێتی پێكهێنانی حكومه‌ت ئاراسته‌ی كۆمه‌ڵ ده‌كرێت. 

ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ له‌كاتێكدایه‌ هه‌فته‌ی رابردوو شاندێكی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی پارتی له‌ هه‌ولێر سه‌ردانی كۆمه‌ڵی ئیسلامیان كرد. 

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure