وردەكاری جێبەجێكردنی پێناسەی نوێی گومرگی ئاشكرادەکرێت

هەواڵ / ئابوری :: 4 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 357‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ، رێبین حەسەن

بڕیارە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو پێناسەی نوێی گومرگی كە لەنێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و ناوەند رێكکەوتنی لەسەركراوە و داڕێژراوەتەوە، بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی باشماخیش دەڵێت: "بڕیارەکە كاریگەری زۆری لەسەر هەرێم نابێت".


شاخەوان بەكر، بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی باشماخ بەدواڕۆژی راگەیاند: خۆشبەختانە حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەو لیژنانەی بەشداربوون لەداڕشتنەوەی پێناسەی گومرگی، توانیان لیژنە و وەفدەكانی بەغدا بگەیەننە ئەو باوەڕەی كە پێویستە پێناسەیەكی نوێ لەنێوان ئێمە و بەغدا دروستبكەن.

وتیشی: "پێناسەكەی حكومەتی عێراق هەم بەها و رێژەكانی گومرگی زۆربوون كە دەبووە بارگرانی زۆر لەسەر خەڵك، بۆ پێناسەكەی هەرێمیش ئەوان لەوە رازی نەبوون و دەیانوت رێژەكانی كەمە، بۆیە گەیشتنە رێكکەوتنی نوێ بۆ پێناسەیەكی نوێ لەنێوان هەردوولادا و زۆربەی رێژە و بەهای گومرگی هەرێمی تێدا جێگیركراوە".

روونیشیكردەوە: دەمانەوێت لێرەوە بەخەڵك بڵێین ترسیان لەوە نەبێت گرانی بكەوێتە بازاڕەكان یاخود گومرگ بەشێوازێك زیادبێت كە كاریگەری لەسەر ژیانی خەڵك هەبێت و لەرۆژی یەكشەممەی داهاتووەوە بڕیارەکە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە لەسەرجەم گومرگەكانی عێراق و هەرێم.

سەبارەت بەجێبەجێكردنی پێناسەی نوێی گومرگی و كاریگەری لەسەر مەرزی باشماخ، شاخەوان ئاشكرایكرد: كاریگەری لەسەر مەرزی باشماخ نابێت، چونكە خۆمان پێشتر تاڕادەیەكی زۆر و نزیك لەم پێناسە نوێیە كارمان كردوە، بۆیە كاریگەری لەسەر هەرێمیش بەو شێوەیە نابێت و زیاتر بۆ گومرگەكانی عێراقە، چونكە گومرگەكانی هەرێم بەسیستمی ئەلیكترۆنی كاردەكەن.

ئاماژەی بەوەشكرد: لەزۆربەی دنیادا كاری بازرگانی بەشێكی زۆری لەسەر كاتە، سیستمی ئەلیكترۆنی لای ئێمەش وایكردووە مامەڵەكان بەخێرایی بەڕێبكەین و جێبەجێكردنی كارەكان لێرە ئاسانترە وەك لای ئەوان.

پ: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure