دیكارت: من بیرده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌واته‌ من هه‌م

هەواڵ / که‌لتور :: 5 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 109‌ جار بینراوە
رینیه‌ دیكارت، فه‌یله‌سوف و زاناى ماتماتیك و فیزیاى فره‌نسى-جیهانى

تاگ :: کەلتور

دواڕۆژ

رینیه‌ دیكارت، فه‌یله‌سوف و زاناى ماتماتیك و فیزیاى فره‌نسى-جیهانى، كه‌ به‌ (باوكى فه‌لسه‌فه‌ى نوێ) داده‌نرێت، هه‌تا ئێستایش به‌رهه‌مه‌ فیكرییه‌كانى له‌ بواره‌كانى فه‌لسه‌فه‌ و بیركارى و فیزیادا نه‌ك هه‌ر جێگه‌ى سه‌رنجى زانا و بیرمه‌ند و ئه‌كادیمیستیانى جیهانن، به‌ڵكو سه‌رچاوه‌ى به‌شێكى زۆرى ئه‌و تیۆرانه‌یشن كه‌ تازه‌ دێنه‌بوون و داده‌هێنرێن.

ئه‌گه‌رچى به‌رهه‌مه‌كانى دیكارت زۆرن، به‌ڵام كتێبى (تێڕامان له‌ فه‌لسه‌فه‌ى یه‌كه‌م) كه‌ له‌ ساڵى 1641دا نووسیویه‌تى، هه‌تا ئێستایش له‌ زۆربه‌ى كۆلیژه‌كانى فه‌لسه‌فه‌دا وه‌ك (وانه‌)یه‌كى سه‌ره‌كى ده‌خوێنرێت.

دیكارت، بێجگه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌ ناوازه‌كانى خۆى، ژماره‌یه‌كى یه‌كجار زۆر كتێب و توێژینه‌وه‌ و به‌دواداچوونى زانستیانه‌ له‌سه‌ر خۆى و به‌رهه‌مه‌كانیشى نووسراوه‌ و كایه‌ى رۆشنبیریى كوردییش له‌ قسه‌كردن ده‌رباره‌ى ئه‌م فه‌یله‌سووفه‌ گه‌وره‌یه‌ بێبه‌ش نییه‌.

سیستمێكى زانستى ماتماتیك كه‌ دیكارت دایهێناوه‌ و هه‌ر به‌ناوى خۆیه‌وه‌ ناونراوه‌، به‌ سه‌ره‌كیترین بنه‌ماى (ئه‌ندازه‌ى شیكارى) داده‌نرێت. بۆیه‌ دیكارت یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ى كه‌ رۆڵى سه‌ره‌كییان هه‌بووه‌ له‌ شۆڕشى زانستیدا و یه‌كێكه‌ له‌ رابه‌ره‌كانى ئه‌و شۆڕشه‌ مه‌زنه‌ى كه‌ هه‌موو جیهانى گۆڕى.

به‌شێك له‌ به‌رهه‌مه‌كانى رینیه‌ دیكارت بریتین له‌:
ـ چه‌ند وتارێك ده‌رباره‌ى میتۆد.
ـ زانستى ئه‌ندازیارى.
ـ تێڕامان له‌ فه‌لسه‌فه‌ى یه‌كه‌م.
ـ بنه‌ماكانى فه‌لسه‌فه‌.

جگه‌ له‌وانه‌ چه‌ندین به‌رهه‌مى دیكه‌یشى له‌ بواره‌كانى فه‌لسه‌فه‌ و ماتماتیك و فیزیا و ته‌نانه‌ت سۆزدارى و میوزیك دا هه‌یه‌.

هه‌روه‌ها خاوه‌نى چه‌ندین وته‌ى به‌ناوبانگه‌ كه‌ زۆربه‌یان وه‌كو په‌ند و قسه‌ى نه‌سته‌ق ده‌وترێنه‌وه‌، له‌وانه‌:
ـ هه‌ر هێنده‌ به‌س نییه‌ كه‌ ئه‌قڵێكى باشت هه‌بێت به‌ڵكو ئه‌وه‌ گرنگه‌ كه‌ به‌ باشى به‌كاریبێنیت.
ـ ئه‌گه‌ر عه‌وداڵى راستییت ئه‌وا ده‌بێت گومان له‌ هه‌موو شته‌كان بكه‌یت. 
ـ مرۆڤ هه‌تا تێگه‌یشتووتربێت كه‌متر له‌خۆبایى ده‌بێت.
ـ من بیرده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌واته‌ من هه‌م.

رینیه‌ دیكارت له‌ ساڵى 1596 له‌دایكبووه‌ و له‌ 11ى شوباتى 1650 كۆچى دوایى كردووه‌.

پ: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure