یه‌كه‌م سینه‌ما له‌ هه‌ولێر كه‌ى دروستكراوه‌؟

هەواڵ / که‌لتور :: 12/02/2019‌ :: 266‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌هار سوعاد

بەڕێوەبەری سینەمای ھەولێر رایدەگەیەنێت: سینەمای کوردی ساڵ بەساڵ لەبەرەوپێشچوونێکی باشدایە و بۆ ئەمساڵیش لە ھەولێر پێنج پڕۆژەی فیلمیان ھەیە کە حکومەت بودجەی بۆ تەرخان کردوە.


شاخەوان مسته‌فا، بەڕێوەبەری سینەمای ھەولێر بەدواڕۆژی وت: "تەنانەت لەو چەند ساڵەی رابردوودا و سه‌ره‌ڕاى قەیرانیش به‌ڵام کەسانێک ھەبوون لە ھونەرمەندان لەگەڵ خەڵکی سەرمایەدار توانیویانە فیلم بەرھەم بھێنن".

سەبارەت بە دامەزراندنی یه‌كه‌مین سینەما لە شاره‌كه‌دا، بەڕێوەبەری سینەمای ھەولێر وتی: "یەکەم سینەما لە ھەولێر سینەما سه‌ڵاحەدین بوو کە لەلایەن كه‌سێكى سەرمایەداری ھەولێر لە ساڵی 1947 دروستکراوە و دواتر  سینەما سیروان و حەمڕا دروستکران، تا ساڵی 2000-یش ئەو سینەمایانە کاریان پێدەکرا، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا بیناکان تێکدراون و له‌بری ئه‌وانه‌ چەند سینەمایه‌كی مۆدێرن دروستکراون لەناو مۆڵە گەورەکاندا، یەکێکیان لە مێگامۆڵ-ە کە پێنج ھۆڵی سینەمای ھەیە، یەکێکی تریان لە رۆیاڵ مۆڵ-ە کە ئەویش چوار ساڵە سینەمای ھەیە، ھەروه‌ها ئیمپایەر سینەما لە فامیلی مۆڵ هه‌یه‌ کە سینەمایەکی زۆر پڕۆفیشناڵە و لە ئاستی ئەمریکا و ئەوروپادایه‌".

به‌ڕێوه‌به‌ری سینه‌مای هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: کۆمەڵێک فیلمی کوردییان لە فێستیڤاڵەکانی ئەمریکا و وڵاتانی عه‌ره‌بی بەشداریى کردوە و خەڵاتی باشترین ئەکتەر و دەرھێنەر و فیلمیان وەرگرتووە و دەشڵێت: "ئەگەر لایەنی ماددی لە کوردستان باش بێت ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ تیمەکانی ئەمریکا و ئەوروپا زۆرباشە و دەتوانین بەشداریی بکەین لە خولە پێشکەوتووەکانیان کە هونەری سینەمایی زۆر ئەکادیمییان ھەیە".

شاخەوان ده‌ڵێت: "ئێستا حکومەت دەرگای بۆ سینەما کردووه‌تەوە و بڕیارە ھاوکاریی ماددی پێشکەش بە بوارى سینەما بکات تا سینەمای کوردیش بگاتە ئاستێکی زۆر بەرزی پێشکەوتوو، چونکە ئێستا ئەنیمەیشن دەستیگرتووە بەسەر ھەموو جیھاندا و بە تەکنەلۆژیا هونه‌رى سینەمایی ئەنجامدەدرێت، لەوانەش 2D,3D,4D".

پ: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure