بازاڕى ئاشكرا و كڕیارى نهێنى
فرۆشتنى چالاككه‌ره‌وه‌ سێكسییه‌كان په‌ره‌ده‌ستێنێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 11/02/2019‌ :: 16455‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، خالید عه‌بدولكه‌ریم

فرۆشتنی ده‌رمان و ئامێرى چالاككه‌ره‌وه‌ سێكسییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستاندا په‌ره‌ده‌سێنێت و سه‌دان په‌یج و ئه‌كاونت بۆ فرۆشتن و ساغكردنه‌وه‌یان كراوه‌ته‌وه‌، به‌جۆرێك فرۆشیاره‌كان خه‌ریكى شه‌رحى ئایینی و ته‌ندروستین بۆ حه‌ڵاڵكردنى و فرۆشتنیان، به‌ڵام كڕیاره‌كان نهێنین و به‌ رێگه‌ی نامه‌ و ته‌له‌فۆنه‌وه‌ ده‌گاته‌ ده‌ستیان.
 
مێژووى به‌كارهێنان و په‌نابردن بۆ ده‌رمان و ئامێری چالاككه‌ره‌وه‌ سێكسییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مى فیرعه‌ونه‌كانى میسر، كاتێك پێویستیان به‌چاره‌سه‌ركردنى لاوازى سێكسی بووه‌ پزیشكه‌كانیان سه‌ره‌تا له‌ شێوه‌ى ڕۆنێكى تایبه‌تیدا دروستیانكردوه‌ و دواتریش عه‌تاره‌ گه‌ڕۆكه‌كان و ده‌رمانخانه‌ گیاییه‌كان فرۆشتوویانه‌ و به‌ئاسانى ده‌ستى هه‌موو كه‌سێكى پێگه‌یشتوه‌.

له‌سه‌رده‌مى نوێ و ته‌كنه‌لۆژیاشدا بۆ چاره‌سه‌ركردنى لاوازى و ڕونه‌دانى په‌ككه‌وتنى سێكسى به‌تایبه‌تى لاى پیاوان، حه‌بی جۆراوجۆر خراوه‌ته‌ بازاڕه‌كانه‌وه‌، به‌دواى ئه‌ویشدا جۆره‌ها ده‌رمانى تر كه‌ ئێستا به‌شێوه‌یه‌ك له‌هه‌رێمى كوردستانیشدا په‌ڕه‌ى سه‌ندوه‌، خه‌ڵكى ده‌توانێت له‌ڕێگه‌ى ئۆنلاینه‌وه‌ (تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌) وه‌كو هه‌ندێ سه‌نته‌ر ده‌ڵین خێرا "ده‌یگه‌یه‌نینه‌ ماڵه‌كانتان".

كارمه‌ندێكی ژن كه‌ نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه‌، له‌ یه‌كێك له‌و سه‌نته‌رانه‌ى له‌ناو شارى سلێمانیدا ئه‌و ده‌رمان و ئامێرانە ده‌فرۆشێت به‌ دواڕۆژی وت "شه‌ش ساڵه‌ كارى فرۆشتنى كه‌ره‌سته‌ و ده‌رمانى جوانكارى ده‌كه‌ین، زیاتر له‌سالێكیشه‌ ده‌رمانى چالاككه‌ره‌وه‌ى سێكسى ده‌فرۆشین و كڕیارمان زۆره‌و سه‌ردانمان ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى ته‌مه‌نیان له‌سه‌رووى 45 ساڵیه‌وه‌یه‌ و هه‌ندێجاریش گه‌نجان دێن و ده‌رمانه‌كه‌ ده‌كڕن".

په‌ككه‌وتن و لاوازى سێكسى نه‌خۆشییه‌كه‌ پیاوان له‌چاو ئافره‌تان زیاتر لێی ده‌ترسن، به‌وپێه‌ى له‌كه‌لتورى كوردیدا پیاوسالارى و نێرسالارى تارمایه‌ك بووه‌ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا و له‌ڕێگه‌ى موماره‌سه‌كردنى سێكسه‌وه‌ هه‌وڵیداوه‌ نێرێتى خۆى بۆ ڕه‌گه‌زى به‌رامبه‌ر یاخود هاوسه‌ره‌كه‌ى بسه‌لمێنیت.

كارمه‌ندى سه‌نته‌ره‌كه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: "جارى وابووه‌ پیاوێك خۆى كردوه‌ به‌سه‌نته‌ره‌كه‌ماندا وتویه‌تى به‌ده‌رمانێك فریام بكه‌ون و پیاوه‌تی و به‌خته‌وه‌ریم بۆ بگه‌ڕیننه‌وه‌، من په‌كمكه‌وتوه‌ و ته‌واو لاواز بووم".

به‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌و وڵاتانه‌ى چه‌پاندن و كۆت و به‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تیان تێپه‌ڕاندوه‌، بۆ چاره‌سه‌ركردنى لاوازى سێكسى په‌نا ده‌به‌نه‌به‌ر پزیشكى پسپۆڕى تایبه‌تى، له‌كوردستاندا كه‌متر ئه‌وه‌ رووده‌دات، له‌به‌رئه‌وه‌ى پزیشكى پسپۆڕى ئه‌و بواره‌ ده‌گمه‌نه‌ و بوونى شه‌رم و عه‌یبه‌ش له‌ ئاشكرابوونى كه‌سه‌كه‌ له‌چوونى بۆ نۆرینگه‌ی پزیشكه‌كه‌و زانینى خه‌ڵكى به‌نه‌خۆشییه‌كه‌ى په‌نا ده‌باته‌به‌ر شوێنیكى تر له‌ داماڵینى ئه‌و په‌رده‌یه‌ بیانپارێزیت.

پزیشكێكی نه‌خۆشییه‌ ده‌رونییه‌كانیش باس له‌وه‌ده‌كات: له‌سه‌دا هه‌شتای هۆكارى نه‌خۆشى و لاوازى و په‌ككه‌وتنى سێكسى بۆ لایه‌نى ده‌روونى مرۆڤ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ خه‌ڵكى سه‌ردانیكردنى پزیشكی ده‌روونیان پێ عه‌یبه‌، بۆیه‌ ناتوانن به‌ئاسانى بگه‌ن به‌سه‌رچاوه‌ى زۆربه‌ى نه‌خۆشییه‌كانیان، به‌ نه‌خۆشییه‌ سێكسییه‌كانیشه‌وه‌".

دكتۆر هێمن خورشید، پسپۆڕى نه‌خۆشییه‌ ده‌روونییه‌كان بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت: "هۆكاره‌ ده‌رونییه‌كانیش بۆ بوونى شوێنه‌وارى كاره‌ساتى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى و ئابورى، له‌وانه‌ قه‌یران و بێكارى و كه‌مبوونه‌وه‌ى مووچه‌ كاریگه‌رى ڕاسته‌وخۆیان له‌سه‌ر لایه‌نى ده‌روونى هه‌یه‌، به‌وه‌ش چالاكییه‌كانى مێشك خاوتر ده‌بێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت دواى توشبوون به‌نه‌خۆشییه‌كانى خه‌مۆكى و دڕدۆنگى، دواجاریش لاوازى و په‌ككه‌وتنى سێكسى دروستده‌كات".

وتیشى: "به‌ده‌گمه‌ن نه‌خۆشێك تایبه‌ت بۆ كێشه‌ى سێكسى هاتبێته‌ لام، مه‌گه‌ر خۆم له‌ناو بابه‌تى تره‌وه‌ ئه‌و گفتوگۆیه‌م له‌گه‌ڵیدا كردبێته‌وه‌ و باسى ئه‌وه‌ش نه‌كراوه‌ كه‌ ده‌رمان و چالاككه‌ره‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى نۆرینگه‌ و بێ ئاگادارى پزیشكه‌ پسپۆڕه‌كان ده‌كڕن، به‌ڵام به‌پێى زانیارییه‌كانى خۆم ئه‌و جۆره‌ ده‌رمانانه‌ له‌ لاكۆڵاندا ده‌فرۆشرێن و به‌تایبه‌ت تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هۆكارێكن بۆ گه‌رمكردنى بازاڕیان، به‌داخه‌وه‌ فرۆشتنى ئه‌و جۆره‌ دره‌مانانه‌ بێ ئاگادارى پزیشكى پسپۆڕ زیانى زۆر به‌نه‌خۆش و به‌كارهێنه‌رى ده‌گه‌یه‌نێت".

دێوێكى شاراوه‌یى دیكه‌ى كاریگه‌رى بازاڕگه‌رمى ئه‌و ده‌رمانانه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌‌ چاودێرییه‌كى ورد له‌سه‌ر فرۆشتنیان نییه‌،  به‌تایبه‌تى زۆربه‌یان له‌ڕێگه‌ى ئۆنلاینه‌وه‌ ده‌فرۆشرێن و ده‌یان په‌یج له‌تۆِره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ڕێكلامى بۆ ده‌كه‌ن تاڕاده‌ی وروژاندن و ڕاكێشانى چینى گه‌نجانیش یان ئه‌وانه‌ى كه‌ هیچ نه‌خۆشیه‌كیشیان نییه‌ بۆ تاقیكردنه‌وه‌ ده‌یكڕن.

به‌وته‌ی فرۆشیارانی ئه‌و ئامێر و ده‌رمانه‌، هه‌رچه‌نده‌ نرخه‌كانیان گرانن، به‌ڵام خواست له‌سه‌ریان زۆره‌و فرۆشتنى له‌چاو ده‌رمانه‌كانى تردا زیاتره‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure