له‌ 40ـه‌مین ساڵیادی شۆڕشی ئێراندا
پشتیوانیی نهێنیی بریتانیا بۆ خومه‌ینی ئاشكراده‌كرێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 11/02/2019‌ :: 352‌ جار بینراوە
رۆحانی لە نێوان خومەینی و خامنەییدا

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

له‌ 11ی شوباتی ساڵی 1979دا ئایه‌توڵا روحوڵا خومه‌ینی ده‌سه‌ڵاتی ئێرانی گرته‌ ده‌ست و جێگه‌ی شا محه‌مه‌د ره‌زا په‌هله‌وی گرته‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن خۆرئاواوه‌ پشتیوانی ده‌كرا و كۆمارێكی ئیسلامی دامه‌زراند. ئه‌مڕۆ ئه‌و نهێنییه‌ ئاشكرا كراوه‌ كه‌ حكومه‌تی بریتانیا رۆڵێكی سه‌ره‌كی بینیوه‌ له‌ پشتیوانیكردنی ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ له‌ پێش و دوای شۆڕشی ئیسلامی.


پێش ده‌ستپێكردنی راپه‌ڕینه‌كه‌ی ئێران، محه‌مه‌د ره‌زا شای ئێران رایگه‌یاندبوو كه‌ ئه‌گه‌ر ریشی خومه‌ینی لابده‌یت ده‌بینیت له‌ژێریه‌وه‌ نوسراوه‌ (له‌ ئینگلته‌را دروستكراوه‌). ئه‌م لێدوانه‌ شتێكی چاوه‌ڕواننه‌كراو بوو، چونكه‌ دانانی محه‌مه‌د ره‌زا شا له‌ ساڵی 1953 له‌ ده‌سه‌ڵاتدا به‌هۆی كوده‌تایه‌كی ئینگلیز و ئه‌مریكاوه‌ بوو له‌ مانگی ئابی 1953 و له‌و كاته‌شه‌وه‌ وا ده‌رده‌كه‌وت كه‌ ئینگلته‌را هاوپه‌یمانێكی راسته‌قینه‌ی ئێران بێت و ئێران چه‌كی لێ ده‌كڕی و نه‌وتی به‌ نرخێكی زۆر هه‌رزان پێده‌فرۆشت. هه‌روه‌ها ساڵێك پێش راپه‌ڕینه‌كه‌ مارگرێت تاچه‌ری سه‌رۆك وه‌زیری بریتانیا بۆ پشتیوانی له‌ حوكمی محه‌مه‌د ره‌زا شا سه‌ردانی تارانی كرد.

ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی به‌م دواییه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ كه‌ بریتانیا له‌ كۆنه‌وه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ ئایه‌توڵاكانی نه‌یاری محه‌مه‌د ره‌زا شاوه‌ هه‌بووه‌. هه‌روه‌ها ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ له‌ ساڵی 1978دا سه‌رۆك وه‌زیری بریتانیا هه‌وڵیداوه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنی دژی شای ئێران دروست بكات.

كاربه‌ده‌ستانی بریتانیا هه‌وڵیاندا به‌ هێنانه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تێكی ئایینی توندڕه‌و كێشه‌ بۆ یه‌كێتی سۆڤێت دروست بكه‌ن. له‌ مانگی كانوونی یه‌كه‌می 1978ه‌وه‌ حكومه‌تی بریتانیا بڕیاریدا هه‌موو پشتیوانییه‌كی تایبه‌ت و ئاشكرا بۆ محه‌مه‌د ره‌زا شا بوه‌ستێنێت و پشتگیریی ئۆپۆزیسیۆن بكات.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وكاته‌ی بریتانیا ده‌یڤد ئۆون له‌ بیره‌وه‌رییه‌كانیدا ده‌ڵێت "ئێمه‌ كه‌سێكمان ده‌ویست خاوه‌نی كاریزما بێت و بتوانێت چه‌ند ساڵێكی كه‌م له‌و پۆسته‌دا بمێنێته‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ بوێر بێت بتوانێت دوژمن بۆ خۆی دروست بكات و دواتر له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی كوڕی شا دا واز له‌ ده‌سه‌ڵات بهێنێت و ده‌وڵه‌تێكی شانشینیی ده‌ستووری دروست ببێت".

ئۆون ده‌ڵێت "پشتیوانییه‌كان بۆ ئایه‌توڵا خومه‌ینی ئه‌وه‌نده‌ زۆر بوو كه‌ كه‌ناڵی BBC به‌هۆی پشتیوانییه‌كانییه‌وه‌ بۆ خومه‌ینی به‌ (ئایه‌توڵا بی بی سی) ناوده‌برا".

شای ئێران له‌ 16ی كانوونی دووه‌می 1979 به‌ناوی پشوو وه‌رگرتنه‌وه‌ ئێرانی به‌جێهێشت. هه‌رچه‌نده‌ داوای مافی په‌نابه‌رێتی كرد له‌ بریتانیا، به‌ڵام داواكه‌ی ره‌تكرایه‌وه‌. ئایه‌توڵا خومه‌ینی له‌ 1ی شوباتی 1979 گه‌ڕایه‌وه‌ ئێران و ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ده‌ست.

پشتیوانیی بریتانیا بۆ ده‌سه‌ڵاتی نوێ به‌رده‌وام بوو، ته‌نانه‌ت دوای ئه‌وه‌ش كه‌ ئێران ده‌ستیگرت به‌سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكادا له‌ تاران و 52 دیپلۆماتی ئه‌مریكی بۆ ماوه‌ی 444 رۆژ وه‌كو بارمته‌ هێشته‌وه‌. 

تاچه‌ر له‌ ساڵی 1980 باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ شۆڕشی ئێران خواستی سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌یی بۆ كورد و ئازه‌ری و به‌لوچییه‌كان زیادكردووه‌ و دوای داگیركردنی ئه‌فغانستان له‌لایه‌ن سۆڤێته‌وه‌ پێی وابووه‌ كه‌ ئێران ده‌توانێت رووبه‌ڕووی سۆڤێت بوه‌ستێته‌وه‌.

دواتر بریتانیا یارمه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانی دا كه‌ گه‌وره‌ترین هێزی سیاسیی چه‌پ و توده‌ له‌ وڵاته‌كه‌دا تێكبشكێنن.
 
له‌ شه‌ڕی عێراق - ئێرانیشدا، هه‌رچه‌نده‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ناردنی چه‌كی بۆ ئه‌و دوو وڵاته‌ قه‌ده‌غه‌ كردبوو، به‌ڵام بریتانیا و ئه‌مریكا هاوكاریی هه‌ردوو لای جه‌نگه‌كه‌یان ده‌كرد.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە