فه‌تح و سائیرون له‌سه‌ر ته‌واوكردنى كابینه‌كه‌ى عه‌بدولمه‌هدى رێكده‌كه‌ون

هەواڵ / عێراق :: 5 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 216‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ

سه‌ركرده‌یه‌كى ئیئتلافى سائیرون رایده‌گه‌یه‌نێت: هه‌ردوو ئیئتلافى فه‌تح و سائیرون، له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك رێككه‌وتوون كه‌ یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ ته‌واوكردنى كابینه‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدی-یه‌.


بورهان مه‌عمورى سه‌ركرده‌ و په‌رله‌مانتارى سائیرون، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: هه‌ردوو ئیئتلافى سائیرون و فه‌تح دیدگایه‌كى هاوبه‌شیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر بردنه‌پێشى پرۆسه‌ى سیاسى و جێبه‌جێكردنى به‌رژه‌وه‌ندى باڵا.

ده‌ڵێت "ئه‌ندامانى دواین كۆبوونه‌وه‌ كه‌ درێژكراوه‌ى كۆبوونه‌وه‌ى هه‌فته‌ى رابردوود بوو، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتوون كه‌ كابینه‌كه‌ى عه‌بدولمه‌هدی ته‌واوبكه‌ن، ئه‌و وه‌زیرانه‌ى كه‌ ماون له‌ سه‌ره‌تاى وه‌رزى ئاینده‌ى یاساداناندا دیاریبكرێن، هه‌روه‌ك رێككه‌وتنه‌كه‌ ئه‌وه‌شى له‌خۆگرتووه‌ كه‌ دۆسیه‌ى پله‌ تایبه‌ته‌كان كۆتایى پێبهێنرێت، پرسى به‌ڕێوه‌بردنى پۆسته‌كانى ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردن به‌وه‌كاله‌ت یه‌كلایى بكرێنه‌وه‌".

روونیشیكردووه‌ته‌وه‌: هه‌ردوولا جه‌ختیانكردووه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر یه‌كلاییكردنه‌وى لیژنه‌ په‌رله‌مانییه‌كان و په‌له‌كردن له‌سه‌ر كاراكردنه‌وه‌ى رۆڵى چاودرێرى و یاسادانانى په‌رله‌مان، هه‌روه‌ها ده‌ركردنى ئه‌و یاسایانه‌ى له‌ خوله‌كانى رابردوودا په‌كخراون، وه‌ك یاساى نه‌وت و غاز و خزمه‌تى فیدراڵى و چه‌ند یاسایه‌كى تر".

له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا به‌پێى به‌یاننامه‌كه‌ى مه‌عمورى، هه‌ردوولا "پێداگرییان له‌سه‌ر هه‌ڵوێستى خۆیان به‌ ره‌تكردنه‌وه‌ى هێزى بیانى له‌سه‌ر خاكى عێراق دووباره‌كردووه‌ته‌وه‌، وتووشیانه‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه‌ ده‌توانن پارێزگارى له‌ عێراق بكه‌ن و هه‌ر مه‌ترسییه‌كى ئه‌منى هه‌بێت رووبه‌ڕووى ببنه‌وه‌، بۆیه‌ هیچ بیانوویه‌ك بۆ بوونى هێزى بیانى له‌ عێراق نییه‌".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure