دیارده‌ی نوسین له‌ دیوار و ناو مزگه‌وته‌كانه‌وه‌ بۆ ناو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 5 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 497‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، خالید عه‌بدولكه‌ریم

پێش راپه‌ڕین نوسینى سه‌ر دیواره‌كان وه‌كو نیشانه‌ى ئازایه‌تى سه‌یر ده‌كرا، به‌ڵام له‌ دواى راپه‌ڕین و سه‌رهه‌ڵدانى شۆڕشه‌كانى به‌هارى عه‌ره‌بى، دیارده‌ى نوسین له‌سه‌ر دیواره‌كان، به‌ تایبه‌ت له‌ناو مزگه‌وته‌كاندا كه‌میكردووه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆى ‌هاتنى سه‌رده‌مى ته‌كنه‌لۆژیا و سه‌رهه‌ڵدانى مینبه‌رى تر بۆ ده‌ربڕینى ئه‌و بیروبۆچونانه‌ى كه‌ پێشتر له‌سه‌ر ئه‌و دیوارانه‌ ده‌نوسران.

به‌پێى مێژوونوسانى شاره‌زا له‌و دیارده‌یه‌، له‌كوردستاندا سه‌ره‌تاى سه‌رهه‌ڵدانى بۆ شه‌سته‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كاتێك حكومه‌تى به‌عس ده‌ستیكردووه‌ به‌ ئه‌نجامدانى توندوتیژی له‌دژى كورد، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ وه‌كو ده‌ربڕینى ناڕه‌زایه‌تى دژى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ خه‌ڵكى پیاده‌يكردووه‌، هه‌ربۆیه‌ بره‌وێكى باشى په‌یداكردووه‌ تا ئاستێك وه‌كو چالاكییه‌كى نه‌ته‌وه‌یى و نیشتیمانى مه‌زن سه‌یركراوه‌ و له‌سه‌ر دیوار و ئاوده‌ستى مزگه‌وته‌كانیش ناوى به‌عسییه‌كان و جه‌لاده‌كانیان هێنراوه‌ و دروشمیان له‌دژیان نوسیووه‌.

سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى هه‌ندێ جاریش ئه‌و نوسینانه‌ بۆ خراپه‌كارى به‌كارهێنراون، چونكه‌ خه‌ڵك نه‌یتوانیووه‌ و رێگه‌ى نه‌دراوه‌ به‌ ئاشكرا گوزارشت له‌بیروڕاى خۆیان بكه‌ن، چونكه‌ باجى سیاسى قورس و هه‌میش باجى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌سه‌ر بووه‌، ته‌نانه‌ت بۆ عیشق و ئه‌وینداری و خۆشه‌ویستیش دیواره‌كان به‌كارهێنراون.

ره‌زوان زه‌ڵمى، ماسته‌ر له‌ زانسته‌ سیاسییه‌كان به‌ دواڕۆژى وت: "له‌ پێش راپه‌ڕین نوسین له‌سه‌ر دیواره‌كان بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ى دروشمه‌كانى شۆڕش و به‌رزكردنه‌وه‌ى هه‌ستى نه‌ته‌وایه‌تى به‌زۆرى له‌لایه‌ن شۆڕشگێڕه‌كانه‌وه‌ به‌كارهێنراوه‌، گه‌رچى دیارده‌كه‌ له‌ئێستادا كه‌مبووه‌ته‌وه‌ و به‌ره‌و له‌ناوچون ده‌چێت، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كى خراپ به‌كارده‌هێنرێت و مه‌هامه‌كه‌ى پێشووترى له‌ده‌ستداوه‌".

له‌دواى راپه‌رینیشه‌وه‌ به‌تایبه‌تى كاتێك په‌یوه‌ندییه‌كانى خه‌ڵك و حكومه‌ت به‌ره‌و گرژى و ئالۆزى چووه‌، دیارده‌كه‌ وه‌كو خۆى ماوه‌ته‌وه‌، به‌پێچه‌وانه‌ى سه‌رده‌مى به‌عسه‌وه‌ به‌كارهێنراوه‌، به‌تایبه‌ت نوسین له‌سه‌ر ئاوده‌ستى مزگه‌وته‌كان، گه‌رچى هه‌ندێجار خواست و دروشمى سیاسى تێكه‌ڵكراوه‌، به‌ڵام بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و ناوزڕاندن و له‌كه‌داركردنى كه‌سێتى و پشێوى نانه‌وه‌و كێبڕكێى ناو خه‌ڵك به‌كارهێنراوه‌ و پڕبووه‌ له‌ رق و كینه‌.

ئه‌وه‌ش وايكردوه‌ هه‌ندێكجار مامۆستاى مزگه‌وته‌كان له‌ وتاره‌كانى هه‌ینیاندا رێنمایى خه‌ڵكیان كردووه‌ ده‌ست له‌و كاره‌ هه‌ڵبگرن، بۆ ده‌ربڕینى بیروڕاى خۆیان و داواكارییه‌ ره‌واكانیان ڕێگه‌ى شیاوتر بگرنه‌به‌ر. 

به‌پێى به‌دواداچونه‌كانى دواڕۆژ به‌رده‌وامبوونى دیارده‌كه‌ به‌دیوه‌ نه‌رێنییه‌كه‌یدا دواى شۆرشه‌كانى به‌هارى عه‌ره‌بى له‌ كوردستانیشدا زۆرتر بووه‌، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌و دۆخه‌ سیاسییه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى تێكه‌وت و ململانێى نێوان حیزبه‌كان گه‌یشته‌ ناو خێزان و له‌هه‌ندێ شوێندا شۆڕبووه‌وه‌ بۆ چه‌ند كه‌ناڵێكى ترى كۆمه‌ڵایه‌تى.

فه‌ره‌یدون عه‌زیز، توێژه‌رێكى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ رێكخراوى (سى دى ئۆ) به ‌دواڕۆژى وت: "هۆكارى كه‌مبوونه‌وه‌ و له‌ناوچوونى نوسین له‌سه‌ر دیواره‌كان به‌تایبه‌تى دیوارى ئاوده‌ستى مزگه‌وته‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ له‌ ساڵى 2003وه‌ ‌به‌كارهێنه‌رانى ئینته‌رنێت زۆربوون، هه‌ندێ سایتى كوردى به‌تایبه‌ت له‌ده‌ره‌وه‌ى كوردستانه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كران كرانه‌وه‌ و خه‌ڵكى ده‌یتوانى له‌وێوه‌ راى خۆیان ده‌رببڕن، دواى په‌یدابوونى فه‌یسبووكیش كه‌ خه‌ڵكێكى زۆر ده‌توانێت به‌كاریبهێنیت و تێیدا بنوسێت و جۆره‌ها په‌یج و ئه‌كاونتى نه‌ناسراو دروستبوون و خه‌ڵكى بێسانسۆر له‌وێدا ده‌نوسێت، ئه‌مه‌ش هۆكاربوو جارێكى تر په‌نا نه‌باته‌به‌ر دیوار و ئاوده‌ستى مزگه‌وته‌كان".

ئێستا دۆخه‌كه‌ گۆڕاوه‌ و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بوون به‌ مینبه‌ر بۆ راده‌ربڕینیان، هه‌رچه‌نده‌ كه‌ ده‌چیته‌ ته‌والێته‌كانی مزگه‌وت و نه‌خۆشخانه‌ و شوێنه‌ گشتییه‌كانه‌وه‌، نوسین و جنێوی جۆروجۆر ده‌بینرێت.

مامۆستا مه‌لا عه‌لائه‌دین شێخ ره‌زا، وتاربێژى مزگه‌وتى حاجى جه‌مال له‌ سلێمانى بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت: " دیارده‌كه‌ تا راده‌یه‌ك هه‌ر ماوه‌، به‌تایبه‌تى له‌كاتى هه‌ڵبژاردنه‌ گشتییه‌كاندا، هه‌رچه‌نده‌ مجه‌وره‌كانمان جاروبار پاكيده‌كه‌نه‌وه‌ یان بۆیه‌ى ده‌كه‌نه‌وه‌".

مه‌لا عه‌لائه‌دین باس له‌وه‌ده‌كات: كاتى وابووه‌ له‌زۆربه‌ى شوێنى مزگه‌وته‌كه‌مان شت نوسراوه‌ و زۆرجاریش له‌ وتاره‌كانماندا رێنمایى خه‌ڵكمان كردووه‌ شت له‌ دیوار و ته‌والێتى مزگه‌وته‌كان نه‌نووسن، به‌ڵام خۆتان ده‌زانن ئه‌و جۆره‌ نوسینانه‌ ئه‌هلى مزگه‌وت نایكه‌ن".

به‌پێى به‌دواداچونه‌كانى دواڕۆژ، تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان تا راده‌یه‌كى زۆر خه‌ڵكى له‌و دیوارانه‌ دوورخستووه‌ته‌وه‌ كه‌ جۆره‌ها وشه‌ی نه‌شیاویان تێدا ده‌نووسی، به‌ڵام هه‌ر كاتێك ئازادییه‌كان به‌رته‌سك ده‌بنه‌وه‌، جارێكى تر هه‌ندێ له‌ دیواره‌كان به‌ دروشم و نوسینی جیاجیا داده‌پۆشرێن.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure