نزیكه‌ى 70 هاوڵاتى له‌هه‌رێم ده‌بنه‌ مه‌سیحی
ئایین گۆڕین له‌هه‌رێم ده‌كه‌وێته‌ نێوان دوو به‌رداشه‌وه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 11/02/2019‌ :: 3744‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سامان قوبادى


 ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه‌ گۆڕینى ئایین له‌ هه‌رێمى كوردستان زیادیكردووه‌، به‌شێكیان ئه‌و هه‌نگاوه‌ وه‌ك پرسێكى تایبه‌ت به‌ بیروباوه‌ڕى خۆیان داده‌نێن و هه‌ندێكیشان له‌پێناو دۆزینه‌وه‌ى كار و به‌ده‌ستهێنانى ره‌گه‌زنامه‌یه‌ له‌ وڵاتانى ده‌ره‌وه‌، ئه‌و پرۆسه‌یه‌ رووبه‌ڕووى كێشه‌ى یاسایی ده‌بێته‌وه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌پێى یاسا له‌دادگاكان رێگانادرێت به‌ كه‌سێك ناسنامه‌ى خۆى له‌ ئاینى ئیسلامه‌وه‌ بگۆڕێت بۆ ئایینه‌كانى تر به‌ڵام ئایین گۆڕین بۆ ئیسلام رێگه‌پێدراوه‌.     

رێبوار حه‌سه‌ن ( 23 ساڵ) ناوى خوازراوى یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ له‌ قۆناغى دووه‌مى زانكۆوه‌ ئایینى خۆى له‌ موسڵمانه‌وه‌ گۆڕیوه‌ بۆ مه‌سیحى ئه‌وه‌ش  وه‌ك خۆى ده‌ڵێت"به‌هۆى گۆڕانى بیركردنه‌وه‌یه‌وه‌ بووه‌".

رێبوار، كه‌ له‌به‌ر هه‌ستیاریى بابه‌ته‌كه‌ نه‌یویست ناوى راسته‌قینه‌ى ئاشكرا بكرێت، بۆ دواڕۆژ وتى:"ماوه‌ى هه‌شت مانگه‌ چوومه‌ته‌ سه‌ر ئاینى مه‌سیحى له‌ڕێگه‌ى كه‌نیسه‌یه‌كى شارى سلێمانى،  به‌ڵام  له‌ دادگا رێگه‌یان نه‌دا له‌ خانه‌ى ناسنامه‌كه‌مدا بنووسرێت مه‌سیحى، جگه‌له‌وه‌ ره‌فتارى چوارده‌ورم به‌ته‌واوى به‌رامبه‌رم گۆڕا، تائێستا ناتوانم به‌ ئاشكرا بڵێم من بووم به‌ مه‌سیحى".

ژماره‌ى مزگه‌وت و كه‌نیسه‌كان له‌هه‌رێمى كوردستان تادێت روو له‌زیادبوونه‌ له‌گه‌ڵَ زیادبوونى شوێنكه‌وتوانیان، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ به‌شێك له‌ هاووڵاتیانى هه‌رێم په‌نا بۆ گۆڕینى ئایینه‌كانیان ده‌به‌ن له‌ ئیسلامه‌وه‌ بۆ مه‌سیحى و ئاینزاكانى تر.  

مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندى به‌ڕێوه‌به‌رى په‌یوه‌ندییه‌كانى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و كاروباى ئایینى به‌ دواڕۆژى وت:"له‌ هه‌رێم 105 كه‌نیسه‌ى ره‌سمى هه‌ن و نوێژیان تێدا ده‌كرێت، هه‌روه‌ها 50 كه‌نیسه‌ هه‌یه‌ وه‌كو مه‌زار و شوێنى ئایینی بێ ئه‌وه‌ى نوێژیان تێدا بكرێت، جگه‌له‌وه‌ پێنج هه‌زار و 513 مزگه‌وت هه‌یه‌، زیاتر له‌ 50ى له‌ حاڵه‌تى دروستكردندان". 

زۆرترین ئاماژه‌كان بۆ گۆڕینى ئایین له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ئاڕاسته‌ى گۆڕینه‌ له‌ موسڵمانه‌وه‌  بۆ مه‌سیحی.

قه‌شه‌ ئه‌یمه‌ن عه‌زیز  مامۆستای ئایینى مه‌سیحى له‌ كه‌نیسه‌ى مار یوسف له‌ سلێمانى  بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت:"ته‌نها له‌ 2018دا نزیكه‌ى 70 كه‌س له‌ ئایینه‌ جیاوازه‌كانى تر  هاتوونه‌ته‌ كه‌نیسه‌كه‌مان  بۆ ئه‌وه‌ى ببن به‌ مه‌سیحى، به‌ڵام زۆربه‌یان نه‌یانتوانیوه‌، چونكه‌ له‌ دادگا رێگه‌یان پێنادرێت و پێناسیان بۆ ناگۆڕدرێت، یاساى عێراقى رێگه‌ له‌ گۆڕینى ئایین ده‌گرێت".  

قه‌شه‌ ئه‌یمه‌ن وتى:"ئایینى مه‌سیحى سزاى ئه‌و كه‌سه‌ نادات كه‌ ده‌چێته‌ سه‌ر دینێكى تر، به‌ڵام ده‌رده‌كرێت له‌ دینه‌كه‌ و ناتوانێت به‌شداریى رێوڕه‌سمى ئایینى بكات وه‌كو ئه‌ندامى كه‌نیسه‌".

رێگرییه‌كان له‌ ئاشكراكردنى ئایین گۆڕین بۆ هاووڵاتیان زۆرن كه‌ به‌شێكیان كۆمه‌ڵایه‌تین له‌ ترسی ره‌خنه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ و به‌شێكیشیان یاسایین و له‌نێو داداگاكاندا كێشه‌یان بۆ دروست ده‌بێت. 

به‌پێى بڕگه‌ى یه‌كى ماده‌ى 26 ى  یاسای كارتی نیشتیمانى ژماره‌ 23ى ساڵى 2016 هه‌موو جۆره‌ ئایین گۆڕینێك رێگه‌ى پێده‌درێت جگه‌ له‌ گۆڕێنى ئاینى ئیسلام نه‌بێت كه‌ رێگه‌پێدراو نییه‌". 

هه‌ر كه‌سێك ئایینى خۆى له‌ ئیسلامه‌وه‌ بۆ ئاینێكى تر بگۆڕێت، له‌ دادگا رێكاره‌ یاساییه‌كانى بۆ جێبه‌جێ ناكرێت و خانه‌ى ئایینى له‌ ناسنامه‌ى بارى شارستانى بۆ ناگۆڕدرێت به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ سزایه‌كى یاسایی بۆ ئه‌و هه‌نگاوه‌ دیاریكرابێت.


محه‌مه‌د سه‌عید به‌ڕێوه‌به‌رى ره‌گه‌زنامه‌ى سلێمانى بۆ دواڕۆژ  وتى:"له‌ كارتى نیشتیمانیدا كه‌ له‌ برى ره‌گه‌زنامه‌ ده‌رده‌كرێت، خانه‌ى ئایین لابراوه‌".

مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندى ده‌ڵێت:"ئایین گۆڕین په‌یوه‌ندیى به‌ لایه‌نى رۆحییه‌وه‌ نییه‌، له‌ هه‌رێم  كرێكارى بوزى و ئه‌سیوپى و هیندى بووه‌ به‌ موسڵمان وتویه‌تى ئه‌گه‌ر دینه‌كه‌م نه‌گۆڕم ماڵه‌ موسڵمانه‌كان رێگاناده‌ن كارى تێدا بكه‌م، به‌شێكى ئه‌و كه‌سانه‌ى ده‌بنه‌ زه‌رده‌شتى و مه‌سیحى تا ناسنامه‌ یان وه‌سیقه‌ وه‌ربگرێت دواتر ده‌ڵێت، هه‌ڕه‌شه‌م له‌سه‌ره‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ وڵاتێكى ئه‌وروپى ره‌گه‌زنامه‌ى پێبده‌ن".

له‌ ماوه‌ى چه‌ند ساڵى رابوردوودا كردنه‌وه‌ى په‌رستگاى زه‌رده‌شتیان و زیادبوونى شوێنكه‌وتوانیان  گۆشیه‌كى ترى ئایین گۆڕین بوو له‌ هه‌رێمى كوردستان.

ئاسره‌وان قادرۆك له‌ په‌رستگاى زه‌رده‌شتیان له‌ سلێمانى، ژماره‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى لانییه‌ كه‌ له‌م ساڵانه‌ى دوایدا بوون به‌ زه‌رده‌شتى، به‌ڵام  بۆ دواڕۆژ  وتى:"كاتێك كه‌سێك له‌ زه‌رده‌شتییه‌وه‌ ده‌چێته‌ سه‌ر ئاینێكى تر  سزا نادرێت، زه‌رده‌شتى یه‌كێكه‌ له‌و ئایینانه‌ى ئازادیى ره‌هاى تێدایه‌، مرۆڤه‌كانى ئازادن له‌ هه‌ر دینێكه‌وه‌ دێنه‌ ناو زه‌رده‌شتی یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌، هه‌موو ئایین گۆڕینێك بریتییه‌ له‌ عه‌قیده‌ و بیروباوه‌ڕ، له‌ زه‌رده‌شتیدا ئیمان به‌رقه‌رار نییه‌، به‌ڵكو عه‌قیده‌ به‌رقه‌راره‌، واته‌ بڕوا ده‌هێنرێت به‌ ئایینه‌كه‌ و ئه‌و رێباز و بیروبۆچوونانه‌ى كه‌ هه‌یه‌، ئێمه‌ى زه‌رده‌شتى ئیماندار نین و نابین به‌ به‌نده‌ى خودا له‌به‌رئه‌وه‌ عه‌قیده‌ باڵاده‌ستترینه‌".
 پێداچوونه‌وه‌: هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure