دواین زانیاری له‌سه‌ر ده‌ستگیرکراوه‌كانى دهۆك ئاشكراده‌كرێت

هەواڵ / کوردستانی :: 11/02/2019‌ :: 616‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بورهان یه‌حیا

دادگاى تێهه‌ڵچۆنه‌وه‌ى دهۆك 13 ده‌ستگیركراوى رووداوه‌كانى شێلادزێی له‌ دهۆكه‌وه‌ بۆ ناحیه‌ی دێره‌لوك گواسته‌وه‌و پێنج كه‌سیشیان له‌ دهۆك ماونه‌ته‌وه‌.

خه‌تاب عومه‌ر پارێزه‌رى كه‌یسه‌كه‌ له‌ گروپى پارێزه‌رانى خۆبه‌خش (ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 11 شوباتی 2019) به‌ دواڕۆژی وت "له‌سه‌ر رووداوه‌كانى سوتانى بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی توركیا له‌ شێلادزێ و ئاماده‌كارى خۆنیشاندان له‌ دهۆك، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان 25 رۆژنامه‌نووس و چالاكوانى مه‌ده‌نی-یان ده‌ستگیركرد كه‌ تائێستا حه‌وت كه‌سیان ئازادكراون و 18شیان تا ئێستا ئازادنه‌كراون".

ئه‌و 18 كه‌سه‌ی تائێستا ئازاد نه‌كراون 13یان خه‌ڵكی شێلادزێن و پێنج كه‌سیشیان خه‌ڵكى دهۆكن.

ئه‌و پارێزه‌ره‌ وتیشى "ئه‌و 13 كه‌سه‌ى كه‌ خه‌ڵكی قه‌زاى ئامێدین، له‌زیندانی زركاوه‌ له‌ دهۆك گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ ناحیه‌ى دێره‌لۆكی سه‌ر به‌ قه‌زاى ئامێدی و پێنج كه‌سیشیان هه‌ر له‌ دهۆك ماونه‌ته‌وه‌".

باسی له‌وه‌شكرد: به‌رده‌وامن له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنى كه‌یسى ئه‌م كه‌سانه‌ كه‌ به‌پێی مادده‌ى 156ى یاسای سزادانی عێراقی دادگایی ده‌كرێن، به‌لام ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ مادده‌كه‌یان بگۆڕدرێت.

ئه‌و پارێزه‌ره‌ نیگه‌رانی خۆی ده‌ربڕی له‌وه‌ی كه‌ كاری پارێزه‌رانى خۆبه‌خش له‌و كه‌یسه‌دا له‌ لایه‌ن دادگاوه‌ دواده‌خرێت و گومانیان هه‌یه‌ ده‌ستێوه‌ردانی سیاسی تێدا بكرێت.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure