زانكۆى پۆلیته‌كنیكی سلێمانی پرۆتۆكۆلێك لەگەڵ ژوری بازرگانی واژۆ دەکات

هەواڵ / ئابوری :: 5 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 101‌ جار بینراوە

دواڕۆژ،زریان محەمەد

زانكۆى پۆلیته‌كنیكی و  ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی، به‌مه‌به‌ستی كاركردن و هه‌ماهه‌نگی زیاتر له‌ نێوانیاندا پرۆتۆكۆڵێكی كاری هاوبه‌ش واژۆ دەکەن.

د. ئالان فەرەیدون، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەدواڕۆژى راگه‌یاند: "ئەم رێکكەوتنەمان لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی خۆی لە یانزە خاڵدا دەبینێتەوە، کە ھەردوولا لەسەری رێکكەوتوین بۆ کاری ھاوبەش و بەھێزکردنی پەیوەندییە زانستی و بازرگانییەکان و ره‌خساندنى دەرفەتی كارى زیاتر  بۆ دەرچوانی زانکۆ لەکەرتی تایبەتدا بەپێی پسپۆری و توانای کاری خۆیان و دەرچونیان لەو بەشانەی پێویستن بۆ خاوەنکاران".

هاوكات سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەدواڕۆژی ڕاگەیاند "واژۆکردنی ئەم پرۆتۆکۆڵە بۆ کارکردنی ھەردوولامانە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان وکارئاسانی لەپێناو بۆ نەدیھێنانی ئامانجەکان و هه‌مئاهه‌نگى كردن بۆ بەشداریکردن لە بۆنە زانستی و بازرگانییەکان".

راشیگەیاند: "لەم رێککەوتنەدا زانیاری و داتا لە نێوان ھەردوولادا ئاڵوگۆڕده‌كرێت بۆئاگاداربون لە کار و چالاكییه‌كان و ھەوڵدان بۆ دامەزراندنی دەرچوانی زانکۆ لە کەرتی تایبەت بەپێی ئەو پسپۆڕی و شارەزاییانەی لەزانکۆکان پێیان دەدرێت و کۆمپانیا ناوخۆییەکان داوای ئەو کادرانە دەکەن کە پێویستیان دەبێت".

بەپێی ئەو رێکكەوتنە ژووری بازرگانی سلێمانی لەگەڵ زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لەئێستاوە کاری ھاوبەشیان دەستپێدەکات و ئاڵوگۆڕی زانیاری و بەھێزکردنی کاریان دەست پێدەکات.

ژ.م
پ: س.م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure